هەناردەكردنی نەوت سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی كوردستانە

هەناردەكردنی نەوت سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی كوردستانە
ئابووریی هیچ وڵاتێك بە تەواوەتی سەربەخۆ نابێت لە دنیای جیهانگەرایی ئێستادا كە جیهانێكە هەموولایەك پشت بەیەكتر دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەكرێت ئابووری دەوڵەت كەم تا زۆر سەربەخۆ بێت، كە ئەمەش بەندە بە سەرچاوە ناوخۆییەكانی و پێگەی لە سیاسەتی جیهاندا. لە ساڵی 2011دا، د. ئاشتی هەورامی، كە ئەو كاتە وەزیری نەوت و ئێستاش وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، رایگەیاند كە مەزەندە دەكرێت هەرێمی كوردستان (KRG) خاوەنی نزیكەی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ بێت.
ئەمەش ئەوا بە مانای ئەوەیە كە ئەگەر هەرێمی كوردستان (KRG) سەربەخۆ بێت، ئەوا دەبێتە خاوەنی شەشەمین گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهاندا!
لە ئێستادا چەندین دەوڵەتی سەربەخۆ هەن لە جیهاندا كە ئابووریەكەیان زۆر لاوازترە لە ئابووری هەرێمی كوردستان(KRG). بەو پێیە، لە یەكەم سەرنجدا وا دەردەكەوێت دەوڵەمەندی هەرێمی كوردستان(KRG) لە رووی نەوتەوە گەرەنتی بێت بۆ ئەوەی سەربەخۆبوونی سیاسی مسۆگەر بكات. لە راستیدا، هەرێمی كوردستان(KRG) گەیشتە رێككەوتن لەگەڵ ئیكسۆن مۆبێل، شیفرۆن، و تۆتاڵ لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی وزە و ئەگەری سەربەخۆبوونی سیاسیشی-لێكەوتەوە- لەسەر بنەمای سەرچاوەكانی وزە.
نەوتی خاوی كوردستان لە رێی بۆریی نوێوە بەرەو بەندەری جیهانی توركی لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەناردەكرا. تەنەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاندووە كە ئەم بۆریە لە رۆژێكدا 300،000 بەرمیلی پێدا دەڕوات و بەم زووانەش دەگاتە 400.000 بەرمیل. لە كۆتاییدا كوردستان دەتوانێت 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا و بەلای كەمەوە 10 ملیۆن سێجا غازی سروشتی لە ساڵێكدا بۆ توركیا هەناردە بكات.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەغدا ناڕەزاییە و پێی وایە كردەوەكانی هەرێمی كوردستان(KRG) بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ لەبەریەكهەڵوەشانەوەی عێراق و بە توندی بەرهەڵستی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان(KRG) و توركیا لەبارەی نەوتەوە دەكات.
توركیا بەغدا دڵنیادەكاتەوە كە رێز لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەگرێت و – رایدەگەیەنێت- رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا(KRG) سوود بەهەموو لایەك دەگەیەنێت لە عێراقدا. تەنانەت یەڵدز بەڵێنیدا بە بەغدا كە ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەنێرێتە توركیاو هەناردە ناكرێت بە بێ رەزامەندیی بەغدا نەبێت. بەو پێیە، توركیا دەڵێت رێككەوتنی نەوتی توركیا و هەرێمی كوردستان(KRG) بە هەمان شێوە بۆ بەغداش سوودمەندە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامانجی سەرەكی توركیا لە هاوردەكردنی نەوت ئەوەیە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بەكاری بهێنێت، نەك هەناردەی بكات بۆ دەوڵەتانی دیكە.
لەوەش زیاتر، لەبەر ئەوەی لە سەدا 95 بودجەی عێراق- كە بڕیارە لە سەدا 17ی ئەو بودجەیە بدرێت بە هەرێمی كوردستان(KRG)- لە داهاتی نەوتەوە دابین دەكرێت، ئەوا هاتنەدی ئەگەری سەربەخۆبوونی كوردستان، دەبێتەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان ببنە دەوڵەتی رەیعی تەقلیدی و رووبەڕووی هەموو ئەو كێشانە ببنەوە كە لەو دۆخەوە دروست دەبن، ئەمە لە كاتێكدا بەرهەمێكی كەمی پیشەسازی یان كشتوكاڵیان هەیە. زۆرینەی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان هاوردە دەكرێن. هەر دابەزینێك لە نرخی نەوتدا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.
كەواتە، سەرەڕای سامانی نەوت، سەربەخۆبوونی كوردستان- كە قابیلی درێژەكێشان بێت- پێویستی بە جۆراجۆركردنی سەرچاوەكانی ئابووری، و سیستمی بانكی و سیستمێكی سەركەوتویی باج دەبێت. ناكرێت سەركەوتنی سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان(KRG) تەنها پشت بە هەناردەكردنی نەوت ببەستێـت.
بەڵام ئایا سەربەخۆبونێك بێ ژێرخانێكی پتەوی ئابووری چ سوودێكی دەبێت بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان(KRG) لە دۆخێكی تا راددەیەك باشدایە –كە وەك هەرێمێكی فیدراڵی بە رەسمی وەك بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە- ئەمە لە كاتێكدا بە راددەیەكی گەورە كاروبارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی خۆی بەڕێوەدەبات؟
بە بەراورد بە عێراق، توركیا بەردەوام وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی سەربەخۆ دەمێنێتەوە كە هەنگاوی گەورە و ئیجابی هەڵگرتووە بۆ پێشەوەو لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا خۆی گونجاندووە لەگەڵ پێداویستی و خواستەكانی كوردەكان بۆ ئەوەی توركیا پتر سەركەوتوو بێت. لەوەش زیاتر، حاڵی حازر توركیا 16ەیەمین گەورەترین ئابووریە لە جیهاندا. ئاشكرایە كوردستان كە سنوورێكی داخراوی هەیە پێویستی بە پەیوەندی گەلێكی باشە لەگەڵ توركیادا بۆ ئەوەی بەهرەمەندبێت لە هەر دەرفەتێك بۆ سەركەوتنێكی ئابووری بەردەوام.
لەوەش زیاتر، ئەگەر توركیا بچێتە نێو یەكێتیی ئەوروپاوە، كە بە شێوەیەكی رەسمی ولە ساڵی 2005ەوە هەوڵی بەم ئاڕاستەیەدا خستۆتەگەڕ، ئەوا كوردستان لە رووی ئابووری و سیاسییەوە دەبێتە هاوپەیمانی یەكێك لە هەرە پێشكەوتووترین بلۆكە ئابوورییەكان لە جیهاندا، كە لە رووی سیاسیەوە بە شێوەیەكی بەرچاو پارێزگاری لە هاوپەیمانەكانی دەكات. كوردەكانیش لەلایەن خۆیانەوە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ توركیا بەرژەوەندی هاوبەش لەڕووی ئابووری و دابینكردنی ئاسایشەوە دەبێت، ئەوەی دەیەیەك پێش ئێستا وا دەردەكەوت دژ بە واقیع و راستی بێت، ئێستا بۆتە واقیع.
Top