دژوارییەكانی تێكشكاندنی داعش

دژوارییەكانی تێكشكاندنی داعش
سەرەڕای نایەكگرتوویی دوژمنەكانی، تاوەكو ئێستا سەلمێندراوە كە تاكتیكەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تاكتیكگەلێكی زۆر سەركەوتوون. كاتێك ئەبوبەكر ئەلبەغدادی كۆنتڕۆڵی تەواوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ی گرتەدەست لە 14ی ئایاری 2010دا، ئەو شێوازێكی تایبەتی گرتەبەر لە بنیادێكی فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ، كە بریتییە لە كۆنتڕۆڵێكی مەركەزی و جێبەجێكردنێكی نامەركەزی. بەو پێیە، فەرماندەیی مەركەزی رۆژی هێرشەكان دیاری دەكات، بەڵام فەرماندە ناوچەییەكان بڕیاری راددەی بەشداریكردنیان بەپێی هەل و مەرجە مەحەلییەكە دەدەن.
لە رووی ستراتیژییەوە، هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدرێت كە لاوازی هەبێت و ئەو كاتە رادەگیرێن كە رووبەڕووی بەرهەڵستییەكی گەورە ببنەوە، تەنها بۆ ئەوەی لە شوێنێكی دیكە گورز بوەشێنن. بۆ نموونە، كاتێك هێرشە ئاسمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پەیەدە/پەكەكە لە سووریا و چیاكانی قەندیلەوە پێشڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) یان بۆ سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان (هەولێر) راگرت، لە ناوەڕاستی ئابی 2014دا، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە خێرایی و بە شێوەیەكی سەركەوتوو ئاراستەی هێزەكانی دژ بە كانتۆنی كوردی سووری لە كۆبانێ گۆڕی.
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) زۆر بە باشی ناوبانگێكی بۆ خۆی دروست كردووە لە دڵڕەقی و دڕندەیی كە ترس و تۆقاندن و هەڵاتن دروست دەكات لە هەندێ كاتدا كە پێشڕەویەكی ئاسایی دەكات و بە دڵنیاییەوە لەو كاتانەدا كە هێرش و پەلامار دەدات! ئەویش بە بەكارهێنانی سەدان كاروان و كەژاوەی ئۆتۆمبێل- كە چەكیان لەسەر بێت- كە دەتوانن بە خێراییەكی زۆر بجوڵێن لەسەر رێگەكراوەكانی عێراق كە رێگەیەكی كراوە و تا راددەیەك باشن، كاروانی سەرەكی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە سووریاوە یەكیان گرتەوە لەگەڵ شانە ناوخۆییەكانی نێو عێراق كە بە خێرایی گەیشتنە 10 بۆ 15 هەزار جەنگاوەر لە سەروەختی گرتنی موسڵدا لە 6ی حوزەیرانی 2014دا.
هەروەها جموجووڵ و فێڵەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بوونە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی مەحەلی باڵادەستی بەدەست بهێنن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەشیان كەمە. فێڵ و تەڵەكەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بواری ئەوەی بۆ دەڕەخسێنێت حوكم لەسەر بەرهەڵستكارەكانی بدات و خۆی لە هێڵەكانی بەرگرییان لابدات و سەرنجی هێزەكانی دوژمن لەسەر ئامانجە سەرەكییەكان لابدات. بە زۆری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هێرشەكە بەوە دەست پێدەكات كە پەلامارێك، یان چەند پەلامارێكی گەورە بێت بۆ دروستكردنی ترس و تۆقاندن و هەڵاتنێكی گەورە. لەگەڵ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بۆ نانەوەی پشێوی و شكاندنی بەربەستەكان، لەگەڵ بەكارهێنانی كەسانی خۆكوژ، جەنگاوەرەكانیان بە زۆری جل و بەرگی دوژمنەكانیان دەپۆشن و بۆ ترساندنی دوژمنەكانیان و تێكشكاندنی ورەیان بە رێژەیەكی زۆر پەنا بۆ بارمتەگرتن دەبەن.
لە كاتی پێشڕەوییاندا بەرەو موسڵ، رێكخراوەكە سۆشیال میدیای بەكار هێنا، وەك تویتەر بۆ ئەوەی رایبگەیەنێت كە هیچ بەزەییەكی نییە لە ئاست ئەو كەسانەدا كە بەرهەڵستی دەكات. كوشتنی ئەو كەسانە بڵاو كرایەوە كە هێشتا بەرهەڵستییان دەكرد، ئەمەش بە زۆری پەنای بۆ ببردرا لە تكریت لە 11ی حوزەیرانی 2014 و هەروەها لە شنگال لە سەرەتای مانگی ئابی 2014. جم و جوڵی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بووە هۆی ئەوەی بتوانن سوود لە هەنگاوی دوژمنەكانیشیان وەربگرن كاتێك هێزەكانیان كەم دەكەنەوە، هەروەك ئەوەی لە 10ی ئابی 2014دا لە جەلەولا روویدا.
هەر لە سەرەتاوە، بە چەشنی ئەلقاعیدە لە عێراق، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، كە ئێستا بۆتە دەوڵەتی ئیسلامی و كارامە بووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ خێڵەكاندا. بۆ نموونە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی عێراقدا كە لە ساڵی 2007 و 2008دا بەرپا بوو، ستەملێكراوانی خێڵە سوننەكان بوونە بنكەیەك بۆ دروستبوونی رێكخراوەكە. بەم دواییەش دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە ماوەی شەڕەكانی جەلەولا لە مانگی ئابی 2014دا، سوودی لە هەستی دژ بە كوردبوونی خیڵە عەرەبیەكان وەرگرت.
لە هەمان كاتدا و لە ماوەی شەڕی ئامرلی، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) رێگەیان دا خێڵە عەرەبییەكان ئەو گەنمە بچنەوە كە كاتی دروێنەی هاتبوو كە خاوەندارێتییان بۆ جووتیارە توركمانە شیعە ئاوارەكان دەگەڕایەوە. لەلایەكی دیكەوە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دڕندانە رووبەڕووی خێڵە بەرهەڵستكارەكان بوونەوە، راپەڕینی خێڵگەراییانەی لە 7ی تەمموزی 2014دا نموونەیەكی بەرچاوە.
هەر كە هەڵمەتی ئاسمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە مانگی ئەیلوولی 2014 دەستی پێكرد، ئامانجی راگەیەندراوی ئەمریكا ئەوە بوو كە هێزی میانڕەو دەستینشان بكات و پشتیوانییان بكات كە ببنە هێزی زەمینی لە بری هێزی زەمینی ئەمریكا كە لە رووی سیاسییەوە قابیلی قبوڵكردن نابێت. بە دڵنیاییەوە باشترین هێزێك كە لە ئاست تمووحی ئەمریكادا بن تا راددەیەك كوردە میانڕەو و عەلمانییەكانن. كوردەكانی سووریا تۆمارێكیان هەیە لە توانای بەرگریكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە شەڕەكاندا كە لە نێوان هەردوولادا بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵە بەرپا بووە. بەڵام هەرچۆنێك بێت، پەیەدەی حوكمڕان كە دەستەخوشكی پەكەكەیە، –پەكەكەش یەكێكە لەو رێكخراوانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە - بەو پێیە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژیرانە خۆی پاراستووە لە پشتیوانیكردنی ئەم كوردە عەلمانی و میانڕەوانە كە بە شێوەیەكی سەرسەختانە پرۆئەمریكان، ئەویش لە رێی بە هەڵە دانانیان لە لیستی دژە تیرۆر و ئاڵۆزبوونی زیاتری ئەم پرسە بەهۆی ئەو باوەڕەی كە پشتیوانیكردنی كوردە سوورییەكان دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی توركیا لە هاوپەیمانی ئەمریكا كە دوژمنێكی دێرینی پەكەكەیە.
هەرچۆنێك بێت، ئەم لێكدانەوەیە ئەو راستییە فەرامۆش دەكات كە خودی توركیا خۆی لە ئازاری 2013ـەوە بە ئاشكرا گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكەدا دەكات. ئەگەر ئێستا توركیا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا بكات، بۆچی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دەستەخوشكە سوورییەكەیدا- پەیەدە- بكات، بەتایبەتی كە پەیەدە تەنانەت لە لیستی تیرۆری ئەمریكاشدا نییە؟
لە دەرئەنجامدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوار دەدات كە باشترین هاوپەیمانی میانڕەوی خۆی لە سووریا بە شێوەیەكی لەسەرخۆ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تێكبشكێندرێت لە كۆبانێ كە خاوەنی چەكی باشترە، هەروەك ئەوەی لە كاتی نووسینی ئەم وتارەدا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2014دا روودەدات. ئەوەی زیاتر ئەم تراژیدیایە قووڵتر دەكاتەوە، بڕیاری توركیایە بە دەستوەرنەدان، لەسەر بنەمای بۆچوونێكی هەڵە كە ئەوە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی توركیایە كە تەماشاكار بێت تاوەكو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) قەوارەی خۆبەڕێوبەری (ئۆتۆنۆمی) پرۆپەكەكە لە سنووری باشووری وڵاتەكەیدا تێكبشكێنێت.
بە دڵنیاییەوە، ئەمە دەبێتە هۆی فەرامۆشكردنی ئەو دەرئەنجامە پێچەوانە مەترسیدارەی كە لە دژی توركیا دەكەوێتەوە، ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شوێنی پەیەدە لە سنووری باشووری توركیادا بگرێتەوە. هەمان كورتبینی وای لە توركیا كرد كە هاوكاری هەرێمی كوردستان نەكات، كاتێك دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە مانگی ئابی 2014دا هێرشی كردەسەر. لە دەرئەنجامی ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا، زۆر دژوارە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تێكبكشێندرێت.
بێگومان هەرێمی كوردستان لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پاڵپشتی لێكراوە، هەندێ سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دوای هێرشەكانیان لەسەرەتادا و لە ئابی 2014.
هەروەك پێشتر روون كرایەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێگەی لێگیرا لەوەی چەكی پێویست بۆ پێشمەرگە دابین بكات، لەبەر ئەوەی دەبێت سەرەتا ئەو چەكانە بە بەغدادا تێپەڕێت، كە بەغداش دوودڵە لە رەوانەكردنیان بۆ كورد لەبەر ئەوەی مەترسی هەیە لەوەی بۆ شەڕی سەربەخۆیی بەكاریان بهێنێت.
ئەوەی پەیوەندی بە هەڵمەتی بۆردومانكردنی ئاسمانی ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا ئامانجگەلێكی زۆر نییە كە هێرشیان بكرێتەسەر لەو شوێنانەدا كە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كۆنتڕۆڵ كراون، لەبەر ئەوەی ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر دوورخستنەوەی خەڵكانی مەدەنی عەرەبی سوننە كە لەوێدا دەژین كە زیاتر ئەوان دووچاری كوشتن دەبنەوە. ئێستا ئێمە گوێبیستی ئەوە دەبین كە زیانی لاوەكی لێكەوتۆتەوە لە نێو عەرەبە سوننەكان سەبارەت بە بۆردومانەكانی ئەمریكا، ئەمە لە كاتێكدا داوایان لێدەكرێت خۆیان لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە دوور بگرن و پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن.
لەوەش زیاتر، بۆردومانكردنی چاڵە نەوتییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كەمتر مایەی سەركەوتن دەبێت لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە نییە هەموویان بكرێنە ئامانج. كە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) خاوەنی زۆرێك لەو چاڵانەیە. بۆیە هێزی زەمینی پێویستە بۆ لە ناوبردنی زۆرێك لەو سامانەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كۆی كردوونەتەوە. زۆرێك لە كەل و پەل و جەنگاوەرانە گوازرانەوە پێش ئەوەی هێزی ئاسمانی ئەمریكا بنكەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تێكبشكێنن. لەوەش زیاتر، بیرۆكەی پارە بەخشینەوە بە پشتیوانە سوننەكان بۆ ئەوەی خۆیان لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دوور بخەنەوە، هەروەك ئەوەی لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی عێراقدا لە نێوان 2007 و 2008دا روویدا، ئەمجارەیان سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی خودی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پارە دەبەخشێتە پشتیوانە سوننەكانی لەو پارە دزراوەی لە كاتی داگیركردنی موسڵدا لە حوزەیرانی 2014دا بەدەستی هێنا، یاخود لە شوێنی دیكە بەدەستی هێناوە، وەك داهاتی ئەو چاڵە نەوتانەی دەستی بەسەردا گرتن، لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا. كەواتە ئاشكرایە كە لە تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)دا چەندین دژواری هەن.
Top