داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە ناونانی خەوارج

داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە ناونانی خەوارج
ئیستە دەمانەوێ بزانین بۆ ئەم گرووپە لە مێژووی ئیسلامدا ناوی خەوارجیان بەسەردا بڕایەوە، ئەم ناوە لە كوێوە هاتووە و كێ بەم شێوەیە ناوی لێناون؟ یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئەو ناوەیان پێوەرگرتووە، ئەوەیە خەوارج بەو كەسانە وتراوە لە سەرەتادا لە بەرەی عەلی بوون، پاشان هاتوونەتە دەرێ، یان ئەوە بووە كە دژی عەلی هەستاون كە بە عەرەبی پێیان وتراوە (خرجوا علی علي) و بوونەتە ركابەری سەرسەختی ئەو. هەروەها ئەو ناوەش لەوێوە بۆیان ماوەتەوە كە ئەوان لە نێوەندی كافرەكان دێنە دەرەوە و بەرەو خودا و پەیامبەرەكەی كۆچ دەكەن، واتە هەرچی پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی كە لەگەڵ بێباوەڕەكان -لە دیدی ئەوانەوە- هەیانبووبێت، پچڕاندوویانە. هەنێجار ئەو ناوەیان لەوەشەوە وەگرتووە كە دەرچوون بۆ جیهاد و لەبەرامبەر ئەوانەدا گوتراوە كە بە دانیشتوو ناسراون، واتە (مجاهدون و قاعدون) بە هۆی سەرهەڵدانی خەوارجەوە، جیابۆتەوە.

(5)
ئەوەی لە بەشەكانی پێشوو دەركمان پێكرد، وەڵامێكی ئەو پرسیارە بوو: بۆ كۆمەڵێ كەس پێكەوەن و بۆ ئامانجێ لەشكرێكیان پێكەوە ناوە و یەك عەقیدەی ئایینی و یەك رەگەزی نەتەوەیی كۆیكردوونەتەوە، كەچی لە بەرامبەر رووداوێكدا، دوو كاردانەوەی جیاواز دەردەخەن؟! زانیمان نەستی ئەو دوو گرووپە (خەوارج و شیعە) كاریگەری مەزنی بەسەر ئەو دوو دەركەوتنە جیاوازەدا بووە، كە بەندە وەك گۆشەنیگایەكی سایكۆپۆلیتكی دەیخوێنێتەوە. واتە ئەو گۆشەنیگایەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە چۆن سایكۆلۆژیا و سیاسەت، لە دەركەوتەیەكی كۆمەڵایەتیدا پێكەوە بەند دەبن، چۆن مرۆڤ جیهانبینی خۆی دەكاتە واقع و هەقیقەت و بەسەر ئەوانیتردا دەیسەپێنێت.
ئیستە دێینەوە بۆلای ئەوەی كە جیهانبینی خەوارج چۆن، واقعێكی لەناو خۆیدا خوڵقاند و چۆنیش ئیمان و ئەخلاقی كەسانیتری پێدەپێوا، بەڵام تا چەندیش ئەمانە هەقیان لابوو؟ ئەوەش گرینگە بخرێتەڕوو. جیهانی ناوەوەی خەوارج، سێگۆشەیەكی لە دیدی ئەواندا خوڵقاند و خۆیانیان لەسەر رام دەكرد و غەیری خۆشیان پێدەپێوا، ئەوانیش وەك لە پێشەوە ئاماژەمان دایە، «تەكفیر، هیجرەت و حاكیمییەت» بوون. مەبەستمە بێژم كە دۆخی ناخی مرۆڤ كە لە نەستیا ئەزموونی تایبەتی هەڵگرتووە، ئەم ئەزموونە باوەڕێكی تایبەتیشی بۆ دادەمەزرێنێ و بەهای خۆی لەسەر ئەو ئەزموون و باوەڕە هەڵدەهێنجێنێ.
ئەوەتا بینیمان كە خەوارج هەر لەسەرەتاوە بە حاكیمییەت دەستیپێكرد، واتە پەیوەندی مرۆڤ و خودا، پەیوەندییەكی ملكەچانەی مرۆڤە بۆ خودا، بەڵام بەو شێوازە تایبەتەی كە خۆیان دەیبینن، نەك وەك ئەوەی كە موسڵمانانیتر لێی تێدگەن. بۆیە خەوارج بڕوای وا بوو كە عەلی و موعاوییە و شوێنكەوتووەكانیان، لە حاكمییەتی خودا لایانداوە، چونكی ئەوان باوەڕیان وابوو كە حاكمییەت تەنها بۆ خودایە و بۆهیچ كەسی دی نییە. حاكمییەتی خوداش تەنها لە قورئان و شوێنكەوتنی پەیامبەر محەمەد، بەرجەستە دەبێت، لادان لەو حوكمە، لای ئەوان دەبێتە كوفر و هەر كۆمەڵگە و نەتەوە و دەوڵەتێك ئەوە جێبەجێ نەكات، ئەوانە كافرن و دەبێ حوكمی شەرعی بەسەریاندا جێبەجێ بكرێت. ئەگەر لە هەر شوێنێك حوكمی خودای تێدا نەبێت، ئیتر دەبێت ئەو مرۆڤە (خەوارج یان داعش) بەرەو شوێنێكیتر كۆچ بكات كە دەتوانێ لەو شوێنەدا حوكمی خودا بچەسپێنێت، ئەم باوەڕە بە ئاشكرا بە دیدی داعش و گشت گرووپە توندڕەوەكانی ئیسلام دەردەكەوێت. ئیدی خەوارج لەسەر ئەم جیهانبینی و دیتنەی خۆیانەوە عەقیدەی خۆیان لەسەر چەند بنەمایەك دامەزراند كە بەلای ئەوانەوە، راستترین و دروستترین عەقیدەی ئایینی ئیسلامە. پێش ئەوەی عەقیدەی خەوارج بخەمەڕوو، سەرەتا بە باشی دەزانم ئەوە روونكەمەوە بۆ ئەم گرووپە ناوی خەوارجی بەسەردا بڕاوەتەوە؟
ناونانی خەوارج
تائیستە ئێمە توانیمان لە ناوەڕۆكی خەوارج تێبگەیەن، ئیستە دەمانەوێ بزانین بۆ ئەم گرووپە لە مێژووی ئیسلامدا ناوی خەوارجیان بەسەردا بڕایەوە، ئەم ناوە لە كوێوە هاتووە و كێ بەم شێوەیە ناوی لێناون؟ یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئەو ناوەیان پێوەرگرتووە، ئەوەیە خەوارج بەو كەسانە وتراوە لە سەرەتادا لە بەرەی عەلی بوون، پاشان هاتوونەتە دەرێ، یان ئەوە بووە كە دژی عەلی هەستاون كە بە عەرەبی پێیان وتراوە (خرجوا علی علي) و بوونەتە ركابەری سەرسەختی ئەو. هەروەها ئەو ناوەش لەوێوە بۆیان ماوەتەوە كە ئەوان لە نێوەندی كافرەكان دێنە دەرەوە و بەرەو خودا و پەیامبەرەكەی كۆچ دەكەن، واتە هەرچی پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی كە لەگەڵ بێباوەڕەكان -لە دیدی ئەوانەوە- هەیانبووبێت، پچڕاندوویانە. هەنێجار ئەو ناوەیان لەوەشەوە وەگرتووە كە دەرچوون بۆ جیهاد و لەبەرامبەر ئەوانەدا گوتراوە كە بە دانیشتوو ناسراون، واتە (مجاهدون و قاعدون) بە هۆی سەرهەڵدانی خەوارجەوە، جیابۆتەوە. ئەم گرووپە هەر تەنها ناوی خەوارجیان وەرنەگرتووە، بەڵكو ناوی تری وەك (حروریە، شراە، مارقە و محكمە)شیان بەسەردا بڕاوەتەوە، بەڵام لێرەدا بە گرنگی نازانم لەو بارەوە درێژە بە باسەكە بدەم. كەواتە ئەوانەی دەیانەوێ داعش بە خەوارج بچوێنن، بۆ ئەوەی لە ئیسلام بیانكەنە دەرەوە، بەهەڵەدا چوون، چونكی دینداری خەوارجەكان و پابەندبوونیان بە ئیسلامەوە، هەرگیز چاوپۆشی لێناكرێت. خارجێتی ئەوان بۆ جیهادكردن بووە و پەرۆشی ئەوان بۆ فەرمانی خودا بووە، واتە دەرچوون لە ئیسلام نەبووە، بەڵكو دەرچوون لە پێناوی ئیسلام بووە. لەم رووەوە داعش و خەوارج زۆر لەیەكدی دەچن كە كۆمەڵگە كافر دەكەن، ئەوجا لەو كۆمەڵگەیە دێنە دەرێ و كۆچ دەكەن، تا حوكمی خودا بە هەر نرخێك بووە بچەسپێنن.
عەقیدەی خەوارج
لە كۆی ئەزموونی پێش ئیسلام و پاش ئیسلام، دەرنجامی ئەو دۆخەی لە نەستی گرووپی خەوارج جێگەی خۆی كردبۆوە، ئەو ستراتیژەی كە گرتیانە بەر بۆ ئەوەی ئامانجی خۆیان وەدیبهێنن، گرووپی خەوارجەكان بە گشتی و لە مێژووی ئەواندا، لە چوارچێوەی عەقیدەیەكی تایبەتا ناسرانەوە كە لەم بەشەدا بە كورتی تیشكی دەخەینە سەر. ئەوەی كە گرنگە لێرەدا بوترێت ئەوەیە كە خەوارج لە مێژووی ئیسلامدا، یەك گرووپی سەرتاسەری نەبوون، بەڵكو گرووپی جیاواز بوون و زیاد لە بیست گرووپ دەركەوتوون، كە لە هەندێ بیروبۆچووندا لە یەكدی جیاواز بوون، بەڵام چوارچێوەیەكی گشتی هەموویانی كۆكردۆتەوە. ئەوەی كە لە سەرەتاوە ئاماژەماندایە، دەستنیشانكردنی سەرەتای سەرهەڵدانی خەوارج بوو، پاش ئەوەی كە یەكەم گرووپی خەوارج لە سەردەمی عەلی و موعاوییەدا پەیدا بووە، ئیدی بەدوای ئەو گرووپەدا بە درێژایی مێژووی ئیسلام گرووپەكانی دیش دەركەوتوون. بەناوبانگترینی ئەو گرووپانە، گرووپی ئەزرەقی و نەجدەتی بوون. بە شێوەیەكی گشتی هەموو گرووپەكان لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، سەبارەت بە عەقیدەی خۆیان یەكدەنگ بوون.
١. هەمووان لەسەر ئەوە یەكدەنگبوون كە بوونی ئیمام زەروورییە، تەنها گرووپی نەجدەتی نەبێت. ئەم گرووپە باوەڕی وابووە ژیان بە پێی بنەماكانی قورئان بەسە بۆ ئەوەی كۆمەڵگە پارێزراو بێت. ئەم بۆچوونە ئەوە دەخاتەوە یادمان كە ئەو یەكسانییە لەناو هۆزە عەرەبەكاندا بووە، كە هەر پیاوێك مافی ئەوەی بووە راوبۆچوونی خۆی لە ناو هۆزەكەیدا دەرببڕێت، هەروەك لە بەشی سێیەم و چوارەمدا تیشكێكمان خستە سەر. كەواتە بە گشتی گوێڕایەڵی ئیمامێك لای خەوارج بایەخی زۆری بووە، بەڵام لەهەمان كات جیا لە گرووپە موسڵمانەكانیتر، بوونی ئیمام لە رەچەڵكی قورەیشی بە زەرووری نەزانیوە. چونكی بە گوێرەی باوەڕی ئەوان، لە قورئاندا ئەوە نەهاتووە كە چ نەوە و رەچەلەكێك دەبێت فەرمانڕەوایی بكات، بەڵكو تەنها ئەوە هاتووە كە دەبێت دادپەروەر بێت، وەك ئەم ئایەتە دەڵیت: «إذا حكمتم بین الناس أن تحكموا بالعدل». لای هەندێكیان ئیمام هێندە گرینگ بووە كە چاكی ئەو چاكی ئوممەتە و خراپی ئەو خراپی ئوممەتە، لای هەندێكیان گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە ئەگەر ئیمام كوفر بكات، مانای وایە گەلەكەیشی كوفری كردووە. واتە ئەم بۆچوونەیانە وایان لێدەكات، تا بڵێن؛ ئەركی سەرشانی ئەو گەلەیە كە ئیمامەكەیان راستبكەنەوە، چونكە چارەنووسی هەردووكیان پێكەوە بەستراوەتەوە. مەرجەكانی تری ئیمامەت كە هەموو گرووپەكان تیایدا یەكدەنگن، ئەوەیە كە دەبێت ئیمام پیاو بێت، زانا بێت بە كاروباری ئایین و دادپەروەر بێت. هەمووشیان كۆدەنگییان لەسەر ئەوە هەیە كە دەبێت ئیمامی ستەمكار بە زەبری شمشێر لاببرێت، شۆڕشكردن بەسەر ئیمامی ستەمكار بە واجب دەزانن. هەر ئەوانیش بوون كە عوسمانی كوڕی عەفانیان كوشت و پاشانیش شانازییان بەو كارەیانەوە كردووە. تەنانەت هەڕەشەشیان لە عەلی كردووە كە ئەگەر حوكمی خوا نەچەسپێنێت، ئەوا چارەنووسی ئەویش وەك چارەنووسی عوسمان دەبێت. لەم خاڵەدا داعش لە خەوارج نزیكبۆتەوە، چونكی باوەڕی داعش وایە كە حاكمەكانی ولاتانی ئیسلام بە گشتی لە بنەماكانی ئیسلام لایانداوە و دەبێت جەنگ دژیان ئەنجام بدرێت. ئەمە جگە لەوەی لە دیدی ئەوانەوە حاكمانی وڵاتانی ئیسلام هەموو خۆیان خستۆتە باوەشی ئەمریكا و رۆژئاوا و زایۆنیزمی جیهانییەوە، كە لە چاوی ئەواندا بۆتە هۆی سووك و ریسواكردنی موسڵمان.
٢. بۆچوونیان سەبارەت بە عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب وابووە كە ئەو كافر بووە. چونكی ئەو رێككەوتنی لەگەڵ موعاوییە ئەنجامداوە. بە بۆچوونی ئەوان دەبوایە عەلی، موعاوییەی بۆ گوێڕایەڵی بانگهێشت بكردایە، نەك لەگەڵی رێككەوتایە. چونكی بە بۆچوونی ئەوان، موعاوییە یاخی بووە.
٣. هەموو گرووپەكانی خەوارج باوەڕیان وایە ئەوەی گوناهی گەورە دەكات، كافر دەبێت، تەنها نەجدەتییەكان نەبێت كە رایانوایە گوناحی گەورە موسڵمان كافر ناكات. ئەوانیتر بۆیە گوناحی گەورە بە كوفر دەزانن، چونكی كردار لایان پایەی باوەڕە و باوەڕیش گرێبەستێكە، واتە كردار پایەیەكی گرینگی ئەو گرێبەستەیە، هەر كەسێكیش پابەندی هەموو مەرجەكانی ئەو گرێبەستە نەبێت، ئەوە گرێبەستەكەی هەڵوەشاندۆتەوە. دروشمی ئەوان وابووە كە: باوەڕ لە دڵەوە دێت، بە زمان بڕیار دەدرێت و پایەكانی بە كردەوە جێبەجێدەكرێت. ئەم بۆچوونەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە نەستییەی دەرەنجامی ئەزموونی گوێگرتن و هاوسۆزی بۆ هۆز و تیرەكانیان. واتە ئەمان لەبری ئەوەی مرۆڤێك لایان پیرۆز و مەعسووم بێت، دەبێت كۆمەڵ مەعسووم و پیرۆز بێت، بەڵام بە هۆی ئەزموونی پاش موسڵمان بوونیان، ئەم گرووپە لە بری خوێن و هۆز و تیرە، لەسەر عەقیدەیەكی ئایینی خۆیان رێكدەخەنەوە. هەركەسێكیش بە گوناهی گەورە ئەو كۆمەڵە عەیبدار بكات، دەبێت بكرێتە دەرەوەی كۆمەڵ و كافر بكرێت، تا پیرۆزیی ئەو كۆمەڵە بپارێزن.
٤. خەوارج بە گشتی باوەڕیان وا بووە كە قورئان درووستكراوی خودایە و سیفاتێكی زاتی خودا نییە. واتە خەوارج لە پێش موعتەزیلەوە ئەم جۆرە باوەڕەی دامەزراندووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە خەوارج هەروا گرووپیكی هەرەمەكی نەبوون و ئاستێكی باشیان لە بیركردنەوە و ئەقڵگەراییدا بووە. ئەگینا مرۆڤ بە ئاسانی ناتوانێ بگاتە ئەوەی كە قورئان درووستكراوە، واتە مەخلوقێكی خودایە، یان سیفاتێكی زاتی خودا بێت. ئەم بۆچوونە ململانێیەكی سەختی خستە نێوان موعتەزیلە و ئەشعەرییەكانەوە، كە دواجار بە هۆی دەسەڵاتی سیاسیی خەلیفەكانەوە، عەقیدەی ئەشعەری سەپێنراو بووە عەقیدەیەكی باوی موسڵمانان.
تەنها لە خاڵی یەكەم نەبێت، نابینین داعش لە گەڵ خەوارجدا یەكبگرێتەوە، هەرگیز داعش نەیتوانیوە عەلی كافر بكا، دەمیش ناخاتە سەر گوناحی گەورە و گچكە، هێندەی بە خەلافەت و ئیمامەتەوە خەریكە و دژی مورتەد و حاكمەكانی وڵاتانی ئیسلام و دژی بە ئەمریكا و رۆژئاوا وەستاون، هێندە شتی تری سەردەمی خەوارج و موعتەزیلە و ئەشعەری خەریكی نەكردوون. دەبینین هێندەی خەمی دەسەڵات و خەلافەت سەرقاڵی كردوون هێندە فكر داگیری نەكردوون، بۆیە پتر وەك رێكخراویكی سیاسی دێنە بەرچاو، زیاتر لەوەی كە گرووپێكی كەلامی بن. دیسانەوە ئەمەش پەیوەندی بە هەل و مەرج و دۆخی سیاسی ئیمڕۆكەی ئەو وڵاتانەوە بەستراوەتەوە كە ململانێی دەسەڵاتی سیاسییان لەتەك یەكتریدا هەیە، زیاتر لەوەی كە ململانێیەكی فكری بێت.
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی گرووپەكانی خەوارج لەسەر ئەو چوار خاڵە كۆك بوون، وەلێ دەگێڕنەوە كە ئەزرەقییەكان زۆر توندڕەو بوون. رای پێچەوانەی رای خۆیان هەرگیز پەسەند نەكردووە. كوشتنی ژن و منداڵی موخالیفی خۆیان بە حەڵاڵ زانیوە. تەنانەت لەگەڵ خۆشیاندا توندڕەو بوون و هەرگیز توقیەیان لە گوتار و گفتاریاندا پەسەند نەكردووە. دەبوایە باوەڕی بە چی بووە، ئەوەی بوتایە، ئەگەر رووبەڕووی مەرگیش بوایەتەوە. واتە بەهیچ شێوەیەك موراعاتی بارودۆخ و كات و شوێنیان نەكردووە و باوەڕیان بە چی بووە، ئەوەیان دەرخستووە. هەروەها یەكێك لەو گرووپانە بە ناوی یەزیدیە، باوەڕیان وابووە كە خودا لە ناو عەجەمدا پەیامبەرێك دەنیرێت و كتێبی پیرۆزی خۆی بە یەكجار بۆ دادەبەزێنێت. ئەم كەسە دەستبەرداری شەریعەتی محەمەدی دەبێت و شەریعەتێكی دی هەڵدەبژێرێت. كەواتە داعشی ئیمڕۆكە لە گەڵ گرووپی توندڕەوی ئەزرەقی لە یەكەوە نزیك بوون، سەبارەت بە كوشتنی نەیارەكانی خۆیان.
بەهەرحاڵ من لێرەدا ئیدی دەوەستم لە باسی خەوارج، چونكە وردەكاری زۆری دەوێ و زۆر شت هەیە كە لێرەدا نەوتراوە. ئەوەی لێرەدا بە گرینگم زانی، ئەوە بوو هێڵی گشتی بیروبۆچوون و مێژووی سەرهەڵدان و هۆكارەكانی دەركەوتنی خەوارج بە كورتی بخەمەڕوو. لێرە بەدواوە، دەگەڕێینەوە لای خۆمان و چاوێك بە داعشدا دەگێڕین و هەوڵدەدەین چەمكێكی ئەم بزووتنەوەیە وەك دیاردەیەك بناسێنین. هەوڵیش دەدەین زیاتر بزانین كە داعش لە كوێ لە خەوارج دەچن و لە چیدا لەوان جیا دەبنەوە.
Top