نووسەر و نووسین(1)

نووسەر و نووسین(1)
جۆرەكانی نووسەر زۆرن، بەڵام من تەنها دوو جۆریان جیادەكەمەوە، یەكێكیان بەردەوام نووسینەكانی خۆی بە كەموكورت دەبینێ و لە هەوڵی باشتربووندایە، یان كۆڵدەدات، دووەمیان وادەزانێ هەموو ئەوەی ئەو دەینووسێ، كەس نەینووسیوە و خۆی وادەبینێ كە پێویستی بە بەدواداچوون و فێربوونی زیاتر نییە، ئەمەش یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە لە جێگەی خۆی چەقیوە، بەڵام هێشتا بەخۆی نەزانیوە. ئەم دوو جۆر نووسەرەش ئەو كەشوهەوا هوشیاری و رۆشنبیری و سیاسیەی كۆمەڵگە و خوێنەر دروستیان دەكەن.
كۆمەڵگەی ئێمە كە بە پرنسیپەكانی بەگەورەزانین و بەپیرۆزڕاگرتن بینا بووە، هەمیشە دابەش دەبێت بەسەر باشترین و خراپترین، جوانترین و ناشرینتریندا. ئەوەش ئەنجام و لێكەوتەی قەیرانێكی رۆشنبیری و دنیابینییە كە تەنگی بە نوخبەی نووسەر و خوێنەر و سیاسییەكان هەڵچنیوە. تەواو وەكوو ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە چینی ناوەڕاستی لەناو بردووە و كۆمەڵگەی لە رووی ئابوورییەوە دابەشی زۆر دەوڵەمەند و زۆر هەژار كردووە.
لە كوردستانی ئێمە بۆ نموونە كەشوهەوای سیاسی و حزبی هەموو بوارەكانی دیكەی ژیانی لە خۆیدا تواندۆتەوە، وەكوو رۆژنامەوانی، ئەدەب، نووسین، جگە لە ئابووری، حكوومی، دینی، هونەری و.. هتد! ئەو كەشوهەوایە بەجۆرێك خراپ بەڕێوە دەچێت، بۆ نموونە كە باوەش بۆ نووسەر، یان شاعیرێك دەكاتەوە، بەدوایدا تەحسیل حاسڵ خوێنەر دابەش دەبێت و پۆلینەكان زەق دەبنەوە، دەبینی كەسێك دەبردرێتە كەشكەلانی فەلەك و لە دوای ئەوەوە دەڵێی ئەو میللەتە ئیتر شاعیر، یان نووسەرێكی دیكەی نەخستۆتەوە.. كە شاعیر، یان نووسەرێك پەراوێز دەخات، بەهەمان شێوە خوێنەر پشتی تێدەكەن، وەكوو بڵێی مەیدانەكە لەو خراپتری تێدا نییە.
لە دانیشتنێكدا لەگەڵ (شاعیرێكی گەورە) دەقێكی شیعری ئێجگار جوانی شاعیرێكی تازەپێگەیشتووم پیشاندا بیخوێنێتەوە، یەكەمجار تاقەتی خوێندنەوەی نەبوو، داوای كرد من بۆی بخوێنمەوە، دووەمجار هەر گوێشی لێنەبوو، گوتی: جا ئەوە كەی شیعرە؟ ئەوانە كەی شاعیرن؟ ئەسڵەن ئەوانە هەر نابن بە شاعیر. لە دانیشتنێكی تردا بەڵام لەگەڵ هەوادارێكی ئەو (شاعیرە گەورە)یەدا، هەمان دەقم بۆ خوێندەوە و ناوی شاعیرە تازە پێگەیشتووەكەم لابرد و گوتم: ئەمە دەقی فڵانە (شاعیری گەورە)یە، بێ ئەوەی هیچی لێ تێگەیشتبێ، بێ یەك و دوو گوتی: ئاخر بۆیە پێی دەڵێن (گەورە)، چونكە دەقی ئاوا مەزن دەنووسێت!
خوێنەر و بەناو رەخنەگرەكانی ئێمە ئاوا دەق دەخوێننەوە، ئەوان زیاتر كاریان بە ناوەكەیە وەك لە ناوەڕۆكی دەقەكە. هەمان شاعیری تازەپێگەیشتوو بە گلەییەوە بۆی گێڕامەوە: دەقێكی جوانی ناردبوو بۆ پاشكۆی ئەدەبی یەكێك لە رۆژنامەكان كە هاوڕێیەكم بەرپرسی بوو، رەتی كردبۆوە و پێی وتبوو: ئێمە دەقی شیعری بڵاوناكەینەوە. هەمان هەفتە، دەقی (شاعیرە گەورەكە)م لەو پاشكۆیەدا بینی. گلەیی شاعیرە تازەهەڵكەوتووەكەم بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ گەیاندێ، لێم پرسی: بۆچی بە خەڵك دەڵێی دەقی شیعری بڵاوناكەینەوە؟ ئەی ئەوە نییە دەقتان بڵاوكردۆتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: هەر بەڕاستی ئێمە دەقی شیعری بڵاوناكەینەوە، بەڵام تۆ ئەو (شاعیرە گەورە)یە بە كەسی دی بەراورد مەكە، ئەوە هەرگیز دەقی رەت ناكرێتەوە. منیش گوتم: ئەگەر دەقەكەشی ناشیرین بێت؟ وەڵامی دامەوە: ئەو هەرگیز دەقی ناشرینی نییە، من بەبێ ئەوەی بیخوێنمەوە بۆی بڵاودەكەمەوە..
هەڵبەتە ئەمە بیردۆزی دروستكردنی ناوە لەسەر ئەركی حزب و خوێنەری نوخبە، ئەمەیە دیوەكەی دیكەی بیردۆزی (سەركردەی تاك و مەزن)، بەهەمان شێوە (تاكە شاعیری گەورە)، (تاكە نووسەری بلیمەت)،(تاكە سیاسەتمەداری لێهاتوو)، ئەمانە ئەگەر گوێزیش بژمێرن بەرهەمە، خوێنەریش وا راهاتووە بە بیردۆزيی(فیلەكەت ئەی خاوەن شكۆ) هەر چەپڵە لێدەن و لە دوایەوە بڕۆن و گەورەتر و گەورەتری بكەن!
لای ئێمە نووسەرمان هەن لە سەرووی خەڵكەوە دادەنیشن و دەنووسن، لە كاتێكدا تۆ ئەگەر بتەوێ لە بارەى كۆمەڵگە بنووسیت، جا هەر بوارێكی بێت، دەبێت لەناو خەڵكدا و لە ئاستی خەڵكدا دانیشیت، بۆ ئەوەی هەموو وشەیەكت راستگۆیانە بگەنە لای خەڵك. بۆیە دەبێت نووسەر بەدوای بابەتدا بگەڕێت و بیخوێنێتەوە، نەك بۆ ناو بگەڕێ، خوێنەریش بەهەمان شێوە دەبێ هەموو شتێك بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی نووسینی چاك و خراپ لە یەك جیابكاتەوە، نەك نووسەری گەورە و بچووك، چونكە لە كۆتاییدا مەسەلەكە ئەوە نییە تۆ شاعیر، یان نووسەرێكی گەورەیت، بەڵكوو مەسەلەكە ئەوەیە ئایا تۆ شاعیر، یان نووسەریت، یان نا؟ كە شاعیر، یان نووسەر بوویت، دەشێ باش بنووسیت، دەشێ خراپیش بنووسیت، ئیدی ئەوە خۆتی لە نووسینەكەت رازی دەبیت، یان نا، هەروەها حوكمی كۆتایی خوێنەریش دەبێت لەسەر دەق بێت، نەك لەسەر ناو. راستە دەق ناو دروست دەكات، بەڵام كە نووسەرێك شتێكی خراپی نووسی مانای كەوتن و نەمانی ناگەیەنێت، چونكە دواجار نووسینەكان قەناعەت و تێڕوانینی نووسەرە بۆ خۆینەر.
نووسەرەكانی ئێمە، زۆربەیان، ناڵێم هەموویان، لە سەرەوە بۆ خوێنەر دەنووسن، لە زۆر كەسم بیستووە كە دەڵێ: من بۆ هەموو كەس نانووسم، من بۆ نوخبە دەنووسم. منیش دەپرسم: ئەو نوخبەیە كێن؟ كێ بڕیاریدا ئەوانە نوخبەن؟ چۆن بڕیارتدا گشت خەڵك دابەش بكەیت بەسەر نوخبە و نانوخبەدا؟ ئەو نووسەرەی بۆ كۆی خوێنەر نەنووسێت، هەرگیز پەیامەكانی ناگەن. چونكە مومكین نییە لە كاتێكدا باسی كۆمەڵگە دەكرێت، باسی دیاردەیەكی سیاسی، یان كۆمەڵایەتی تەنها بۆ نوخبە بكەن. هەرگیز ئەوانەی كە تەنها بۆ نوخبە دەنووسن ناتوانن پرسێك بكەنە پرسی رای گشتی، چونكە بۆ گشت نانووسن.
ماویەتی....
Top