پەیامبەرێتی لە بۆتەی ڕۆحیگەریدا

پەیامبەرێتی لە بۆتەی ڕۆحیگەریدا
ئەم بابەتەی بەردەستت كە لە چوار زنجیرەدا لە گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە، تەواوكردنێكە بۆ كتێبی فەلسەفەی ئایین و ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە. باوەڕم وایە كە مرۆڤ هەر چەند سەدەیەك پێویستی بەوە دەبێت كە لە بنەڕەتی شتەكان بكۆڵێتەوە و بە بنەماكاندا بچێتەوە و بە ڕەگ و ڕیشەكاندا شۆڕببێتەوە، تا بە هۆشیاری و ڕۆشنی بیر بكاتەوە و ژیان بەسەر بەرێت و هەنگاو بەرەو باڵاتر بنێت. هەندێجار كاتێ گۆڕانكاری لە بنەماكاندا ناكرێن، گۆڕانكاری جەوهەریش بە شوێن خۆیدا ناهینێت. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن و پێداچوونەوە و هەڵكۆڵینێ بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی دیاردەی پەیامبەرێتی. بێگومان هەوڵی لەم چەشنە كارێكی ئاسان و سادە نییە، وەلێ ئەمە دەسپێكێكە، دەكرێ فراوانتر و قووڵتر بكرێتەوە.

بەشی یەكەم

ڕۆحیگەری كەلتوورێكە لەوەتەی مرۆڤ هەستی بە خۆی كردووە، ئەو كەلتوورەشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، لەوەتەی مرۆڤ دەستی داوەتە خۆناسین، ئەو ماریفەیەشی بەرەو هەڵكشان بردووە، لە ڕێی ئەم كەلتوورەوە و لەم پرۆسەیەشدایە، مرۆڤ توانیویەتی ئامانجێ بۆ ژیانی خۆی جێگیر بكات. پەیامبەری، سۆفیگەری، فەلسەفەگەری و مرۆگەری، ئەمانە گشتیان دەركەوتەی كەلتووری ڕۆحیگەرین، ئەو كەلتوورەی كە مرۆڤ خۆی دایهێناوە، كە بە هۆیەوە هەم خۆی دەناسێتەوە و هەمیش بەرەو هەقێك ڕێگە دەگرێتەبەر و هەر لەوێشدا بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە. سەرەڕای دابینكردنی ئاتاجی ڕۆحی تاكێك لەم ڕێگەیەوە، مرۆڤ هەر بەم كەلتوورە ژیانی كۆمەڵگەش لە چوارچێوەیەكدا دادەمەزرێنێ و بەرەو ئاڕاستەیەكی دیاریكراو لە ڕابردووەوە بەرەو ئایندە، بە ناو ئێستایدا دەیبات. ئیدی لێرەوە هەرچەندە مرۆڤ بەم كەلتوورە گەشە بە خۆی دەدات، هەمانكات كێشە بۆ خۆیشی دەخوڵقێنێت، هەرچەندە ئازادی بۆ ڕۆحی خۆی دابین دەكات، وەلێ خۆیشی تیادا بەند دەكات، هەرچەندە سیستەم بۆ ڕێكخستنی ژیان دادەهێنێ، وەلێ گەر لە مرۆڤبوونی خۆی هۆشیار نەبێتەوە، ئەوا لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و دەسەڵاتداریدا، خراپیش بەكاریدەهێنێتەوە.
كەلتووری پەیامبەرێتی، یان پەیامهێنەری لەلایەن خوداوە، وەك لە پێشەوە ئاماژەمان دایە، یەكێكە لەو كەلتوورە ڕۆحیگەرییانەی كە هەرچەندە لە مرۆڤ خۆیەوە داكەوتووە، بەڵام خوداش پەسەندی كردووە. جگە لەوەی كە پەیامبەرێتی خۆی جۆرێكە لە كەلتووری مرۆڤایەتی، هەمانكات گەر كەلتووری هەر كۆمەڵگە و نەتەوەیەك بگرین، دەبینین هەر ئەو كەلتوورە جۆر و شێوازی هاتن و بانگەوازی ئەو پەیامبەرانە دیاری دەكات. بە مانایەكیتر هەر كۆمەڵگەیەك لە ناو پرۆسەی پەیامبەرێتیدا بە چی ڕاهاتبێ، هەر لەوە تێدەگات، تەنانەت مرۆڤ واتای خوداوەندێتیش هەر لەو كەلتوورەدا دەبینێتەوە، واتە ناو و سیفات و ناوەڕۆكیش هەر بەو كەلتوورەدا بۆ خودا تێدەپەڕێت و واتایەكی تایبەتی وەردەگرێت. ئەگەر لە كەلتووری هەر نەتەوە و گەلێك بڕوانین و بەراوردیان بكەین، جیاوازی بەرچاو لە پەیوەندی مرۆڤ بە خودا و دیاردەی پەیامبەرێتیدا، بەدیدەكەین. نزیكترین نموونە لێمانەوە ئایینی یەهودی و ئایینی مەسیحی و ئایینی ئیسلامە. گەلی یەهودی و مەسیحی و موسڵمان هەر یەكەو لە كەلتووری خۆیانەوە پەیوەندی مرۆڤ بە خوداوە دەبینن و هەر بەو پێودانگەش ڕەخنە لەیەكدی دەگرن. لە كەلتووری یەهودیدا خودا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیامبەرەكانیدا دواوە، لە كەلتووری مەسیحیدا كە لە ژێر كاریگەری گریكەكاندا بووە، خودا خۆی لە شێوەی مرۆڤێكی وەك عیسا دێتە سەر زەوی و ئەو دەكاتە كەلامی خۆی، بەڵام لە كەلتووری عەرەبیدا خودا نە راستەوخۆ بۆ مرۆڤ دەدوێ و نە خۆیشی لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی دێتەخوار و كەلامی خۆی بەرجەستە دەكات، بەڵكو لە ڕێگەی نێوبەندێكەوە واتە لە ڕێگەی فریشتەیەكەوە سرووش بۆ مرۆڤ دەنێرێ و لە دووتوێی كتێبێكدا ئەو سرووشە دەبێتە كەلامی خودا. ئەو جیاوازییە كەلتوورییە لەوێدا دەركەوت كە كاتێ محەمەد (د.خ) ئەوەی ڕاگەیاند ئەو پەیامی خودای هێناوە، یەكەم گومانی یەهودییەكان ئەوە بووە كە ئاخۆ ئەو خودای بینیوە، وەك چۆن موسا بینوویەتی؟! واتە لای ئەوان ئەگەر محەمەد (د.خ) ئەوە نەسەلمێنێ كە خودای بینیوە، باوەڕ ناكەن كە پەیامی خودای هێنابێت. قورئانیش بەم ئایەتەی خوارەوە وەڵامی ئەوان دەداتەوە:
(وَمَا كَانَ لِبَشَرٍ أَنْ يُكَلِّمَهُ اللَّهُ إِلَّا وَحْيًا أَوْ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ أَوْ يُرْسِلَ رَسُولًا فَيُوحِيَ بِإِذْنِهِ مَا يَشَاءُ إِنَّهُ عَلِيٌّ حَكِيمٌ)
واتە: «بۆ هیچ كەسێ نییە كە خودا ڕاستەوخۆ بیدوێنێ، مەگەر تەنها لە ڕێگەی سرووشەوە، یان لە پشتی پەردەوە بێت، یاخود نێردراوێك دەنێرێ تا بە ئیزنی خۆی چی بوێت، بیگەیەنێ، هەر ئەو بڵند و دانایە».
كاتێ ئەم ئایەتە لە كۆنتێكستی خۆیدا، واتە لە جێبەندی كات و ساتی خۆیدا دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین كە چۆن كەلتووری پەیامبەرێتی جۆری بیركردنەوە و باوەڕی دوو گەلی جیاوازی تەنانەت نزیك یەكتر و هاونیشتمانیش دیاری دەكات. ئەم كۆنتێكستە ئەوەشمان پێدەڵێت كە چۆن كەلتووری مرۆڤ، بە جۆرێ جیهانبینی مرۆڤ داگیر دەكات، خۆ ئەگەر لەو كاراكتەرەی خۆی هۆشیار نەبووبێتەوە كە چۆن كەلتوورێ مرۆڤ درووست دەكات، ئەوا وادەزانێ كە نەك جیهان، بەڵكو خوداش لەو كەلتوورەدا گیری خواردووە.
كێشەی دیتنی خودا، هەر بۆ محەمەد (د.خ) نەخوڵقابوو، بەڵكو بۆ موسا خۆیشی كێشەیەكی سەرەكی بوو. كاتێ موسا لەگەڵ خودا لە گفتوگۆدا دەبێت (بە گوێرەی ئەو مێژووەی كە تەورات و قورئان دەیگێڕنەوە)، ترسی ئەوەی دەبێت گەلی ئیسڕائیل باوەڕی پێنەكەن، چونكە ناتوانێ ئەوان قایل بكات كە ئەو خودای بینیوە، لەبەر ئەوە داوای چارەسەری ئەو گرفتە لە خودا خۆی دەكات. خوداش ئەو موعجیزانەی كە پێی بەخشیبوون بۆ ئەو گرفتە دەروونییەی بە هۆی كەلتووری خۆیانەوە بۆیان خوڵقابوو، وەك چارەسەرێ دەیخاتە پێش موسا. خودا بە موسا دەڵێ: بەم موعجیزانەی كە بە تۆم بەخشیوە، ئیدی ئەوان باوەڕ بەوە دەكەن كە تۆ منت بینیوە.
لە كەلتووری عەرەبیدا پەیوەندی مرۆڤ بە خودا و میتافیزكاوە شێوازێكیتری وەرگرتبوو. ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ نەبووە، بەڵكو لە ڕووی پەرستش و نزاكردن و هانابردن بۆ خودا، كۆمەڵێك بت نێوانگیریان بووە. لە ڕووی ئەدەبییەوە شیعر وەك ئیلهامێك لە جیهانێكی نادیارەوە بووە بۆ شاعیر، كە لە ڕێگەی كائینێكی نادیارەوە كە بە جنۆكە ناسێنراوە، ئەو شیعرە سرووش كراوە. واتە هەر شاعیرێك جنۆكەیەكی خۆی بووە و ئیلهامی شیعری پێبەخشیوە. هەڵقوڵانی شیعری لە ناخی هەر یەكێكیاندا لەو كاتەدا وا تێگەیشتبوون، یان وا خوێندبوویانەوە كە ئەوە شتێكیترە ئەو واتا و مانایانەیان دەداتێ. لەوە تێنەگەیشتبوون كە ئەوە هەر خۆیان بوون و دەرەنجامی كارلێكردنیان لەتەك سروشت و ژیان و ڕووداوەكاندا، گوزارشیان بۆ دێت، بەڵام لە ڕێگەی زمانی خۆیانەوە ئاشكرای دەكەن. لەگەڵ ئەمجۆرە شێوازە لە دەڕبڕیندا، لە ناو كەلتووری عەرەبدا شێوازی كاهینگەراییش دیاردەیەك بووە كە دەربڕینێكی تایبەتی و باوی خۆی بووە. لە كاتێكدا شیعری عەرەبی سەرقاڵی ئەدەب بووە و بە ژیانی ڕۆژانە، ڕووداو، كارەسات، خۆشەویستی، جەنگ، پیاهەڵدان، زەم و هاندانەوە واتە لە ناو فیزیكادا، خەریك بووە، كاهینگەراییش سەرقاڵی پەیوەندیكردن بە میتافیزیكاوە بووە و خوێندنەوەی بۆ ئاییندە و بەخت و چارەنووس كردووە، نزا و پاڕانەوەشیان بە كەعبە و بتەكانیانەوە بەسترابوویەوە.
كاتێ لەم كەلتوورەدا قورئان خۆی دەردەخات، ئەگەرچی نوێ و جیاواز بووە، بەڵام لە هەر سێ شێوازەكەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو. مەبەستمان ئەوە نییە كە قورئان شیعرە، وەك هەندێ كەس وا تێدەگەن، مەبەستمە بڵێم كە عەرەب خاوەنی كەلتوورێ بووە؛ بە شێوازی شیعری لە ناو فیزیكادا و بە شێوازی ڕۆحیگەری لە میتافیزیكادا ئاشنا بووە. هەروەك شاعیر باوەڕی بەوە بووە كە كائینێكی غەیبی پشتگیری دەكات و ئیلهامی پێدەبەخشێت، كاهینیش باوەڕی بەوە بووە كە كائینێكی غەیبی هەواڵی بۆ دەهێنی و بەرچاوی ڕۆشن دەكاتەوە، بە هەمانشێوە خوداش بە نێوانگیری بتەكانیانەوە گوێی لێگرتوون و دەنگی ئەوانی بیستووە. ئەم كەلتوورە كەشێكی خوڵقاندبوو كە باوەڕكردن بەوەی مرۆڤ پەیوەندی بە غەیبەوە بكات، ئاسایی بووە، كەسێ بە ناوی خوداوە بدوێ كارێكی سەخت نەبووە لای ئەوان، وەلێ ئەوەی سەخت بووبێت، ئەوە بووە كە ئەو كەسە ئەوە بسەلمێنێ؛ ئەو لە لایەن خوداوە هاتووە و ڕاستگۆیی خۆی هەرچۆن بووە بسەپێنێ. واتە ئەو كەسە دەبوایە بە هەر ڕێگەیەكەوە بووبێت، ئەو شەرعییەتە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، تا بتوانێ بە ناوی خوداوە قسە بكات.
كاتێ كە ئیسلام سەرهەڵدەدات، لە كەلتوورێكدا سەریهەڵنەداوە كە بە بانگەواز و بانگەشەی لەوجۆرە هێند نامۆ بووبێت، كەس نەزانێ ئەڵێ چی و كەس نەوێری خۆی لێدات. بەڵكو كەلتوورێ بووە كە ڕۆحیگەری تیایدا پانتاییەكی فراوانی داگیر كردبوو. ئەگەر وا نەبوایە چۆن قورئان وەك قورئانێكی عەرەبی و بە زمانێكی پاراو خۆی بەوان ئاشنا دەكات. نزیكەی دە جار وشەی عەرەبی لە تەك وشەی قورئاندا لە قورئاندا هاتووە بەو مەبەستەی بەوان بڵێ، تا ئێوە ئەی گەلی عەرەب تێبگەن و بیر بكەنەوە و بە خۆتاندا بچنەوە، هانی دەدان تا ئەو ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن: بۆچی خودا بەتایبەتی بە زمانی خۆمان كتێبی پیرۆزمان بۆ دەنێرێت؟! كەواتە قورئان بە زمانێك گوزارش كراوە كە زمانی ئەو مرۆڤانەیە شیعر و پەخشان و وتاریان پێدەربڕیوە، هەناسەی ڕۆحیگەری خۆیانیان پێ ئاشكرا كردووە. زمانی قورئان ئەو زمانەیە كە بە ڕێزمانێك دەخوێندرێتەوە و دەنووسرێتەوە و ئیعراب دەكرێت كە مرۆڤی عەرەب خۆی دایناوە. ئەو گوزارشە ڕۆحیگەرییەی قورئان هەرچۆنێك بووبێ و لە هەركوێوە هاتبێ، هەر لە بازنە و چوارچێوەی یاسا و ڕێسای مرۆڤ نایێتە دەرێ.
هەرچەندە خوێندنەوە و نووسین لەناو گەلی عەرەبدا وەك نەبوو وابووە، بەڵام ئاستی ڕۆشنبیریان بەتایبەتی لە رەوانبێژی ئەدەبی و شیعر و وتار خوێندنەوە و ڕەوانبێژی كاهینگەرایی، لە ئاستێكی بەرزدا بووە. واتە نەخوێندەواری ئەوان مانای ناڕۆشنبیر و ناهۆشیاری ئەوانی نەگەیاندووە، چونكە ئەوان متمانەیان لەسەر ئەزبەركردن و دەماودەم گێڕانەوەی ڕووداوەكان و گەیاندنی شیعر و ئەدەبەكەیان بووە. كەسی وا بووە بە دەیان هەزار بەیتە شیعر و قەسیدەی لەبەر بووە و هیچ پێویستییەكی بەوە نەبووە بینووسێتەوە. واتە لەو سەردەمەدا بۆ ئەوەی مرۆڤێ ببێتە ڕۆشنبیر و كەسێكی هۆشیار، نووسین و خوێندنەوە، مەرج نەبووە. هەر لەم سۆنگەیەوەیە كە ئێمە پەیامبەر محەمەد(د.خ) بە كەسێكی هۆشیار و ڕۆشنبیرمان زانیوە، ئەگەرچی نە نووسەر بووە و نە خوێندەواریشی هەبووە.
Top