شیكردنەوەیەك بۆ دەوڵەتی كوردی و یاسای نێودەوڵەتی
May 29, 2017
وتار و بیروڕا
سەبارەت بە جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان خۆی پشت دەبەستێ بە چەند بنەمایەك كە بریتین لە بنەما یاساییەكانی پەیوەست بە مافە مێژووییەكان و سیاسەتی جینۆساید و پێشێلكردنی دەستووری فیدڕاڵی لەلایەن حكومەتی مەركەزی، یاخود هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی و ئابلۆقەی ئابووری، مانەوەی بارودۆخیش بەم شێوەیە كاردەكاتە سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەها لە كاتی خۆیدا گەلی ئەم هەرێمە دژ بە ویستی خۆیان بە عێراقەوە لكێندراون، بۆیە بنەمای پێكەوەژیان ئەستەمە لەم دەوڵەتەدا.
بنەما سیاسییەكان خۆیان لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە دوای (1991)وە جگە لە گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان خۆی دەبینێتەوە لە سیستەمی نێودەوڵەتیی تازە و گۆڕانكارییە هەرێمییەكانی پەیوەست بە گۆڕانی هەڵوێست، بەڵام هەر چۆن بێت تەگەرە هەیە بەرامبەر ئەم حاڵەتە كە بریتین لە تەگەرە نێوخۆییەكانی پەیوەست بە بەغدا، بەوەی كەوا دەستووری فیدڕاڵی لە عێراق 2005 دانی نەناوە بە مافی چارەی خۆنووسین، هەروەها كەلتووری باوەڕبوون بەم مافە لەلایەن عەقڵییەتی عەرەبی بوونی نییە، جگە لە گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەپێی (مادەەی 140) چۆن چارەسەر دەكرێت، لە كاتی هاتنەكایەی دەوڵەت. هەروەها چەند بەربەستێكی دیكەی ناوخۆیی پەیوەست بە كوردستان وەك فاكتەری سیاسی. ئابووری. یاسایی (نەبوونی دۆكیۆمێنتی دەستووری نووسراو)، هەروەها سەربازی (ئایا هێزی پێشمەرگە چ پێگەیەكی هەیە؟) جگە لە مانەی سەرەوە تەگەرە دەرەكییەكانی پەیوەست بە لایەنە هەرێمییەكان و وڵاتانی دراوسێ (ئێران، توركیا، سوریا) هەروەها لایەنە نێودەوڵەتییەكان (ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا) هەڵوێستیان ناڕوونە لەم مەسەلەیەدا، بەهەمان شێوە چۆنیەتی مامەڵەكردنی UN لەگەڵ ئەم بابەتەدا.
هەر چۆنێك بێت میكانیزمەكانی جیابوونەوە بریتین لە راگەیاندنی جیابوونەوە لەسەر بنەمای رێككەوتن، یاخود تاكلایەنە. یاخود ریفراندۆم و لە كۆتاییدا داننان بەم واقیعە و ئاسەوارەكانی جیابوونەوە بریتین لە كاریگەرییەكان لەسەر پەیمانە نێودەوڵەتییەكان. موڵكە گشتی و تایبەتییەكان، قەرزە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان. رەگەزنامە، سیستەمی یاسایی تازەی دەوڵەتی تازە.
ئەوەی زۆر گرنگە مەسەلەی دانپێدانان (الاعتراف)ـە لە راستیدا كە دەوڵەت بە شێوەیەكی واقیعییانە دێتەكایەوە پێویستە لەلایەنی یاسایی دانپێدانان هەبێت و لەوانەیە ئەم دانپێدانانە دیفاكتۆ بێت و، لەوانەیە جێگیر بێت، یاخود رابكێشرێتەوە، بۆیە لەوانەیە ئەم مەسەلەیە پێویستی بە لەسەر وەستان هەبێت.
هەر چۆنێك بێت، پێویستە ئەزموونەكانی (تەیموری رۆژهەڵات، باشووری سوودان، كۆسۆڤۆ) لەبەرچاو بن بۆ ئێمە. ئەوەی گرنگە دەستنیشانكردنی شێوازی دەوڵەتی (سادە، مورەكەب، فیدڕاڵی، كۆنفیدڕاڵی، هەروەها سیستەمی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی)یە.
كەسایەتی یاسایی دەوڵەتی راگەیەندراو رادەوستێت لەسەر دانانی (كاشف) یاخود دانانی (مونشیء). راگەیاندنی دەوڵەت خۆی لە بنەمای مافی چارەی خۆنووسین، مافی ویلایەتەكانی فیدڕاڵ دەبینێتەوە. بەڵام هۆكارەكان بریتین لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، چەوساندنەوە، ئەستەمیی پێكەوەژیان، مافە مێژووییەكان، ریفراندۆم، پێشێلكردنی دەستوور.
فاكتەرە ناوخۆییەكانی سەركەوتنی راگەیاندنی دەوڵەت خۆی لە: (رۆڵی گەل، پێگەی هەرێم، رۆڵی حكومەت، سەقامگیریی سیاسی، توانا دامەزراوەكان) دەبینێتەوە، بەڵام فاكتەرە دەرەكییەكانی سەركەوتنی راگەیاندنی دەوڵەت خۆی لە: (هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان، هەرێمییەكان، رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و مەرجەكانی وەرگرتن لەم رێكخراوە) دەبینێتەوە.