تیرۆرسازیی لە عێراقدا !!

تیرۆرسازیی لە عێراقدا !!
لەوەتەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆتە گۆڕەپانی تەڕاتێنی تیرۆر و تیرۆری نێودەوڵەتی، ئەو پرسیارەی کە زۆر زەق دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا ئەم تیرۆرە دروستکراوی عێراقە بە تەنیا، یان بەشێکە لەو بەرھەمەی کە پێشتر لە عێراقدا ھەبووەو بازاڕی گەرم بووە؟ دەنگدانەوەی ئەو پرسیارە پێش کەوتنی موسڵ و دواتریش ھەر لەئارادایەو تائێستاش ھیچ وەڵامێکی ماقووڵ و سەرکەوتووی نەدراوەتەوە.
گرووپگەلێکی تیرۆریستی و تەکفیریی ناوخۆ و دەرەکی لە سایەی ململانێی تائیفی و ئیتنیدا لە رێی کردەوەی توندوتیژی و تیرۆریستییەوە خزانە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە، کە پێشتر ھەرگیز نموونەی لە مێژووی سیاسیی سەردەمیانەی عێراقدا نەبووە، ئەو گرووپانە ھەڵوەشاندنەوەی سوپاو دەزگا ئەمنییەکانیان قۆستەوە و بەم شێوەیە دەستیان کرد بە رشتنی خوێنی عێراقییەکان بە شێوەیەکی رەمەکییانە و دڕندانە کە ھەموو جۆرە ئینتیمایەکی ئایینی و ئیتنییان کردە ئامانج، بەمەش زیانێکی زۆر گەورەیان گەیاندە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پێکەوەژیان، بەتایبەتیش ئاشووری و ئەرمەن و کلدان و سریان و ئێزیدی و سابئەی مەندائی و شەبەک و کاکەییەکان، کردەوە تیرۆریستییەکان بێ جیاوازی ھەمووانی گرتەوە.
ئەو کۆمەڵە رۆشنبیرییانەی کە پێیان دەگوترێ (کەمینەکان) رووبەڕووی توندوتیژیی زۆر بوونەوەو ناچاربوون کە ژمارەیەکی زۆریان کۆچ بکەن و وڵات بەجێبھێڵن، دوای ئەوەی کە جگە لە زیانی گیانی زۆربەی پیرۆزیی و شوێنەوارەکانیان کاول و خاپوور کران، ئافرەتانی ئێزیدی رووبەڕووی کردەوەی بە سەبیکردن بوونەوە و لە بازاڕی کۆیلەییدا کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، کە مرۆڤایەتیی بە بیستنی شەرم دایدەگرێت.
دەمارگیریی لە عێراقدا پەڕگیری و توندوتیژی لێ ھاتە بەرھەم، ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی تیرۆر، بەتایبەتیش ھەڵگیرسانی ململانێی مەزھەبی و ئیتنی کە شێوازێکی ترسناکی لە ریشەکێشان و پەراوێزخستنی لێ ھاتەدی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە دەرەوە ھاوردە کرابێت، بە قەدەر ئەوەی کە ژینگەی ناوخۆ لەباربووە بۆ لە ئامێزگرتنی ئەو گرووپانە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ھەستنەکردن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، ھەروەھا ھەستکردن بە جیاخوازی و پەراوێزخستن.
بۆیە لەجیاتی ئەوەی دەستوور پشت ببەستێت بە ھاووڵاتیبوون و یەکسانی و شەراکەتی کۆمەڵگەیی کە پشت دەبەستێت بە ئازادی و دادپەروەری کە بنەماکانی دەوڵەتی تازەو ھاوچەرخن، ھاتوون ناوی (دەوڵەتی پێکھاتەکان)یان داڕشتووە کە ھەشت جار ناوی لە دەستووردا ھاتووە، دیارە مەبەست لەمەش تەنیا چەسپاندنی مۆرکی پشکپشکێنەو دابەشکاریی پۆستەکان بووە لەسەر بنەمای وەلای تائیفی و ئیتنی.
بارودۆخی ئیقلمی رۆڵی ھەبووە لە دەستتێوەردانی ھەمەلایەنە و زیاتر ئاڵۆزکردنی لێککەوتە ناوخۆییەکان، بەشێوەیەک کە تیرۆر بۆتە دامەزراوەو لە ناوخۆو دەرەوە کۆمەک دەکرێت، ھەروەھا ھەموو لق و پاشکۆکانیشی ھاوکاریی دەکرێن، ھەر چەندە تیرۆر بە شێوەیەکی رێژەیی لەنێوان ساڵانی٢٠٠٧و ٢٠١٠ تێکشکێنرا، بەڵام جارێکی دیکە بە شێوازێکی نوێتر و کاریگەرتر گەڕایەوە دوای قەیرانی سووریا بە حوکمی فاکتەری جوگرافی و گۆڕانکاریی جیۆسیاسیی ھێزە رکابەرەکانی ناوچەکە. کاریگەریی ئەمەش بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ زێدەتر بوو، بەمەش کارئاسانی بۆ ھێزە تیرۆریستەکان ھاتەئاراوە بە قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکان کە توانیان زیاتر پەرە بە خۆیان بدەن و بە شێوەی نیمچە سیستماتیک خۆیان بەھێزکرد، ئەوە بوو داعش بە شەش مانگ پێش گرتنی موسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ناوچەی فەلوجەی داگیرکرد، دواتریش سێیەکی خاکی عێراقی کۆنتڕۆڵ کرد.
ئەزموونی ١٤ ساڵی رابردوو سەلماندی کە ناتوانرێت تیرۆر تەنیا بە بەکارھێنانی ھێزی چەکدار لەناو ببرێت، بەقەدەر ئەوەی کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان پێویستە فراوان و ھەمەبەرە بێت، ئەوەندەش پێویستی بە یەکێتیی ئیرادەی نیشتمانی ھەیە، چونکە قەڵاچۆکردنی تیرۆر پێویستی بەوە ھەیە کە سنوورێک بۆ دەمارگیری و تایفەگەری و سیستەمی پشکپشکێنە دابنرێت. ھەروەھا کارکردن بۆ دانانی رادەیەک بۆ گەندەڵی و راونانی گەندەڵکاران و ئەوانەی ھۆکارن لە بەھەدەردانی پارەو سامانی گشتی، ئەمە وێڕای لەبەرچاوگرتنی توانستی لاوان و دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بۆ بەڕێوەبردنی کایەکانی دەوڵەت.
لەسەر ستراتیژییەتی قەڵاچۆکۆدنی تیرۆر بەتایبەتیش دوای شکانی داعش لە موسڵ پێویستە لە چوارچێویەەکی درێژخایەندا دەست بکات بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی، ئەمەش لە چوارچێوەی کاری دامەزراوەیی نیشتمانیدا، کە ھەموو کەرت و کایەکانی دەوڵەت بگرێتەوە بە ئەمنی و ھەواڵگریشەوە، دیارە ئەمەش لەسەر بنەمای کۆسازانی نیشتمانی و پلانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و میدیایی و رۆشنبیری و پەرەوەردەیی دەبێت کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری تێدا بکات، مەبەستیش لەمەدا بڵاوکردنەوەی کەلتووری ناتوندوتیژی و لێبوردەیی و داننان بە بەرامبەرو فرەیی و پێکەوەژیان و ھاووڵاتیبوونی یەکسانە، ھەروەھا چارەسەرکردنی پاشماوەکانی بڕیاری پۆل برێمەر. بۆیە ئەگەر تیرۆر لە عێراقدا رەگی داکوتابێت و بووبێتە بەشێک لە دیمەنی گشتی، ھاوشێوەی ھەندێ نەخۆشیی نیشتەجێ و چەسپاو، ئەوا ریشەکێشکردنی پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر و سەرتاسەری ھەیە لەنێوان ھەنووکەیی و ئایندەدا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی یەکگرتوو و پلانێکی ئامادەی ھەنووکەیی و مامەناوەندی و درێژخایەندا، لەبەر ئەوە ھەرچەند دەوڵەتی عێراق بەھێز بێت، دەتوانێت سوود لە ھەموو پشتگیرییەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وەربگرێت، چونکە ڤایرۆسی تیرۆر ھەڕەشەیە بۆسەر ھەمووان.
==============================================
• سپۆت:
• ئەزموونی ١٤ ساڵی رابردوو سەلماندی کە ناتوانرێت تیرۆر تەنیا بە بەکارھێنانی ھێزی چەکدار لەناو ببرێت، بەقەدەر ئەوەی کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان پێویستە فراوان و ھەمەبەرە بێت، ئەوەندەش پێویستی بە یەکێتیی ئیرادەی نیشتمانی ھەیە
• بارودۆخی ئیقلمی رۆڵی ھەبووە لە دەستتێوەردانی ھەمەلایەنە و زیاتر ئاڵۆزکردنی لێککەوتە ناوخۆییەکان، بەشێوەیەک کە تیرۆر بۆتە دامەزراوەو لە ناوخۆو دەرەوە کۆمەک دەکرێت
• دەمارگیریی لە عێراقدا پەڕگیری و توندوتیژی لێ ھاتە بەرھەم، ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی تیرۆر، بەتایبەتیش ھەڵگیرسانی ململانێی مەزھەبی و ئیتنی کە شێوازێکی ترسناکی لە ریشەکێشان و پەراوێزخستنی لێ ھاتەدی
• گرووپگەلێکی تیرۆریستی و تەکفیریی ناوخۆ و دەرەکی لە سایەی ململانێی تائیفی و ئیتنیدا لە رێی کردەوەی توندوتیژی و تیرۆریستییەوە خزانە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە، کە پێشتر ھەرگیز نموونەی لە مێژووی سیاسیی سەردەمیانەی عێراقدا نەبووە
• ئافرەتانی ئێزیدی رووبەڕووی کردەوەی بە سەبیکردن بوونەوە و لە بازاڕی کۆیلەییدا کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، کە مرۆڤایەتیی بە بیستنی شەرم دایدەگرێت


Top