بزووتنەوەی بارزان و ڕیشەی مێژوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان

بزووتنەوەی بارزان و ڕیشەی مێژوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان
لە مەزدەکی بامدادانەوە
تا مەولانا خالیدی شارەزوری نەقشەبەندی




حروفیيە و نوقطویە
بەشێوەی زۆر كاریگەر و دیار بزووتنەوەیەك سەریهەڵدا بە ناوی حروفییە. حروفییەكان نهێنییەكانی زمان و قسەكردنیان، كە لەم زەمانەدا بە زانستی زمانزانی بەناوبانگە، بەشێوەیەكی سەرەتایی وەریانگرت بۆ گواستنەوەی بیروباوەڕ لە نێوانیاندا بەكاریاندەهێنا، هەڵبەت بۆ مەرامی بەشی باتینی لە بزووتنەوەی عیرفانیدا. ئەو بیروباوەڕانەی نەدەكرا بە ئاشكرا بگوترێت بەو شفرە و نهێنی و كۆدانە بڵاودەكرایەوە. حروفییە زوو و زۆر پەرەی سەند، بەڵام دواتر خێرا سەركوت كرا. لە نێوان خۆشیاندا بوون بە دوو بەش، لە دواییدا بزووتنەوەی نوقتەوییە سەریهەڵدا، كە هەمان بیروباوەڕی شێوازی حروفییەیان بەكاردەهێنا، لەسەر سەروبۆر و نوقتە جەختیاندەكرد و نهێنیان لەودا كۆدەكردەوە. هەڵبەت ئەمە هەمووی شێوازی نهێنیكاری بوو و هیچ فەلسەفەیەكی دیكەی تێدا نەبوو. دوای نوقتەوییە بزووتنەوەی شێخییە هات. شێخ ئەحمەدی ئیحسایی كە خەڵكی لێوارەكانی كەنداو و كوێت بوو، بەشێوەی نوێتر تەفسیری بۆ هەموو فەلسەفەی ئیسلامی هەبوو، هەر لە چیرۆكی وجودەوە تا تەفسیری خودا، ڕۆڵی پێغەمبەر تا ڕۆڵی ئیمامەكان و پیاوانی ئایينی، شوێنی مرۆڤ. هەندێك لە فەلسەفەی یۆنانی وەرگرتبوو، تێكەڵی بزووتنەوەی شێخییەی كردبوو، كە ئەوە لە هەزار ساڵەی ونبوونی مەهدی دا بووە جێگای باس. بیرۆكەی مەهدی لە مردنی ئیسماعیل کوری ئیمام جەعفەری سادق زیاتر برەوی سەند. ئیسماعیلییەکان کە هەمان مەزدەکییەکان بوون ئیسماعیلیان بە غەیبی دانا و دەیانگوت بۆ دابینکردنی داد دەگەڕێتەوە. هەڵبەت پێش ئەوانیش کیسانیيەکان و دوای ئەوانیش جەعفەریيەکان بیرۆکەی مەهدی یان بڵاوکردەوە. لە قوڕئان و قسەکانی محەمەدی پەیامبەردا هیچ لەسەر چەمکی مەهدی نەهاتووە و مەزهەبی سوننە نکوڵی لێ دەکات. لێکۆڵینەوەی مێژوویی نیشان دەدات کە مەزدەكییەكان ئەو باوەڕەیان هێنایە ناو باڵێک لە موسوڵمانان، کە ئەویش هەمان گەڕانەوەی مەزدەكە تێكەڵی باوەڕەکانی ئالی عەلی کراوە. هەر ئەوان ونبوونی ئیسماعیلی كوڕی ئیمام محەمەدی باقر خستە ناو باوەڕی خەڵک گوایە دەگەڕێتەوە و داد لەگەڵ خۆی بڵاودەکاتەوە. مەهدی زەمانە لەوەوە دێت، دەنا لەناو ئایينی ئیسلامدا بەتایبەت لای سوننە بیرۆكەی مەهدی قەدەغە و بێ بنەمایە. لە ڕاستیدا ئەمە دزەكردنی بیروباوەڕی مەزدەكییە.
شیخیە و بابیە وەرچەرخانێکی نوێ
بزووتنەوەی شێخییە لە هەزار ساڵەی غەیببوونی ئیمامی مەهدی دا پەرەی سەند کە دەبوایە مەهدی بگەڕێتەوە بەڵام نەهاتەوە، ئەوەش بووە قەیرانێكی گەورە لە حكومەتی قاجاریدا و بووە گفتوگۆیەكی درێژ كە بۆچی مەهدی نەهات؟ ئەمە گومانی خستە سەر ئەفسانەكە. ژمارەیەك لە ڕابەری دیكەی فكریی دینی لە لاباڵی دیكەوە هاتنە مەیدان، گوتیان ئێمەین دەتوانین تەفسیری ئەو نەگەڕانەوەیە بكەین و بیسەلـمێنین مەهدی بۆچی نایەت. هەندێک کەسی عارف ڕێگایان بە خۆیان دا بڵێن ئەو مەهدییەی ئێوە تەفسیری دەكەن منم. شێخ ئەحمەدی ئیحسایی، ئێران و جیهانی شیعەی خستە قەیرانێكی گەورە بەو سیستەمە فكرییەی خستیە ناو باوەڕی عەلەویەکان. ئەو شار بە شاڕ دەگەڕا، خەتیبێکی کارا و کەسایەتییەکی بە سام بوو. یەكێك لە یاوەرەكانی ئەو سەید كازمی ڕەشتی بوو، لە نەجەف دادەنیشت و خەڵكی ڕەشت بوو. سەید كازم زۆر لە شێخ ئەحمەد زیاتر تێپەڕی، ئەوە بوو كە بیروباوەڕی مەزهەبی جەعفەریی شیعە و سوننەیان خستە بەردەمی گفتوگۆی زۆر قوڵی دونیایی. ئەوەش بە خێرایی تەكفیری زۆری لەسەرکرا، بەڵام چونكە ئیمپراتۆری عوسمانی بەهێز بوو کە دوژمنی بەردەوامی دەوڵەتی شیعەی ئێران بوو، هەروەها لەلایەكی دیكەوە حکومەتی شیعەی قاجاری نەیدەتوانی وەك جاران بە مەرەدی بزووتنەوەكانی دیكە سەریان ببڕێ، بۆیە شێخییەکان کاریگەریی عەقیدەیی قووڵیان لەسەر دونیای عیڕفان دانا. دوای سەید كازمی ڕەشتی، سەید محەمەد عەلی شیرازی سەری هەڵدا، كە دەیگوت من بابم. نەك باوك، مەبەستی دەرگای نێوان خەڵك و خودا بوو. ئەو وای دەردەبڕی کە پرسیارەكان وەڵام دەداتەوە. بزووتنەوەی بابی دروستبوو، ئەو چالنجەی مەزدەكی بامدادان لە ئیمپراتۆری ساسانی كردی، باب لە ئێران دووپاتی کردەوە. باوەڕی بابی وا پەرەیسەند، سەرانسەری ئێران كەوتنە شەڕی ناوخۆ، ئەوە لە كاتێكدا بوو باب شەڕی نەدەویست، تەمەنی 26 ساڵ بوو كە لەسێدارەدرا. ئەو خەڵكی شیراز بوو، لە نەجەف خوێندنی تەواوكردبوو، شاگردی سەید كازمی ڕەشتی بوو، لە زەمانی ئەمیر كەبیر كە بە چاکسازیخوازێكی گەورەی مێژووی ئێران هەژماردەكرێت لە ڕووی ئیدارییەوە، باب دەستگیر کراو هێنایان لە تەبریز لە قەڵای چەهریق زیندانیان کرد، دواتر لە ناو تەبریز گوللەباران کرا. پەیڕەوەکانی ئەفسانەیەكیان بۆ دروستكرد، گوایە كاتێك تەقەیان لێدەکرد، گوللەكان هەڵدەبەزینەوە و باب بزر بوو. مەزاری باب لە حەیفایە(ئیسڕائیل)، كە ناوەندی گەورەی جیهانیی بەهاییەكانە. ئەو بزووتنەوەیە گۆڕانی گەورەی بەسەر ئێراندا هێنا و وڵاتەكەی خستە قۆناغێكی نوێوە. ڕۆشنگەری لە ئێراندا پێشخست، دواتر بابییەكان لە شۆڕشی مەشروتەی ئێراندا كە یەكەمین دەستووری ئێران دانرا لە ساڵێ 1906 ڕۆشنگەرە سەرەكییەكان، بابی بوون. بابییەكان لە نێوان بیروباوەڕی ئایينی و خوێندنی زانستی دەرگایان كردەوە، واتە بابییەک دەتوانێ كەسێكی چاکخوازی ئایينی بێت و خوێندەوارێكی بە پلەی زانستی گەورەیش بێت. زۆربەیان لە ئەوروپا دەیانخوێند و گەڕانەوە ئێران و ڕۆشنگەری ناوداریان لێدەرچوو.
یەكێك لە پەیڕەوەكانی باب، میرزا حوسێن عەلی نوری یە نازناوی بەهائوڵا (١٨١٧ـ١٨٩٢ تاران). بەهائوڵا ، وەزیرزادەیەكی ناسراوی تارانییە، كە هەمان توانا و كاریزمایی بابی هەبوو. باب گیرابوو، ئەو سەركردایەتی بزووتنەوەكەی دەكرد. بە سەرپەرشتیی ئەو بابییەکان لە گەرمەی شەڕی ناخۆدا كۆنگرەیەكیان لە گوندی “بدەشت” لە ناوچەی مازندەران بەست. لەوێ سەركردەكانی بابی، لە قۆناغی نوێدا ناسران و دەرکەوتن. یەكێك لەو سەرکردانە ژنێكی بەناوبانگە لە مێژوودا كە پێیدەگوترێ “قوڕەتولعەین”(فاتیمەی زەڕین تاجی قەزوینی ١٨١٥ - ١٨٥٢) یەكەمین سەركردەی ژنی جیهانی ئیسلامە كە وەك ژن سەركردایەتیی بزووتنەوەی چاکسازی دەكرد. لەو كۆنگرەیەدا ئەو پەچەكەی خۆی لادا، ڕووی لە بەهائوڵا كرد و گوتی: « ئاشكرای بكە، ئەو چاكسازییەی مەبەستمانە ئاشكرای بكە». ئەو كۆنگرەیە و ئەو دانیشتنە بە ساغكردنەوەی عەقیدەکە دادەندرێت. دوایی بەهائوڵا گیرا و ئەشكەنجەدرا و دوورخرایەوە بۆ بەغدا.
وەرچەرخان لە کوردستانەوە.. مەولانا خالید عارفێکی حەوداڵ و یاغی
ئێستا پێویستە بزانین لە كوردستان تەریقەتی نەقشەبەندی چۆن دروستبوو؟ وەک لە مێژوودا دەردەکەوێ هەر عارفێك دەیویست لەسەر باوەڕەکانی خۆی بەردەوام بێت، لەلای ناوەندە دینی و کۆمەڵایەتییەکان تەنگاو دەكرا، ناچار دەبوو بڕوات بەرەو هیندستان. چونكە لە هیندستان حكومەتەكە ئیسلامی نەبوو، مسوڵمان و هیندۆسەكان دەیانتوانی پێكەوە بژین. لە 1815-1817 كەسێك لە كوردستان پەیدا بوو بە ناوی “مەولانا خالیدی نەقشبەندی”، گەنجێكی بابئاسا بوو، پرسیاری هەبوون و وەڵامی دەویست. لەم شارەزوورەی خۆمان، هەستا چووە بەغدا، لەوێش وەڵامەکانی دەستنەکەوتن، یەکێک پیشنیاری پێکرد کە بڕۆ حەج لەوێ وەڵامت وەرگرەوە. چووە مەككە و هاتەوە، گوتی هیچم دەستنەكەوت، گوتیان بڕۆ ئێران و هیندستان. چووە ئێران، لە گەرمەی گفتوگۆی نێوان شەیخییە و بابییە یەك ساڵ و نیو لە ئێران مایەوە. وەك ئەوەبوو زانكۆیەكی پێ تەواو کرابێ، چووە ناو گفتوگۆی شیخییە و بابییەكان، دواتر چووە قەزوین، ڕەشت، مازەندەران، تاران و مەشهەد، دواتر چووە بەستام بۆ سەر گۆڕی بایەزیدی بەستامی، ئەو عارفە یاغییەی كە بانگ دەدرا و دەگوترا: اشهەدو ان لا الە لا اللە، ئەو دەیگوت اشهدو ما اعظم شأني (من دەزانم کە چەند بەرزم). شیعر و نووسینی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەسەر بایەزیدی بەستامی لە كتێبەكەی یادی مەردانی مەلا عەبدولكەریمی مودەریس دا هەیە. دواتر چووە نەیشاپور، شاری سەرهەڵدانی هەموو بیروباوەڕە مەزدەکی و عیڕفانییەکانی سەرزەمینی ساسانی. دواتر چووە هیندستان، بۆ لای شا عەبدوڵای دێهلەوی، ئەو شێخە یاغیەی کە باپیرانی ڕایكردبوو و لەوێ دەژیان. كەمتر لە ساڵێك لەوێ بوو. پاش دوو ساڵ لەو سەفەرە درێژەی كە گەڕایەوە سلێمانی، مەولانا خالیدی پێشوو نەبوو، پیاوێكی چاکخوازی زانای كاریگەری كاریزماتیك هاتە مەیدان، دەستیكرد بە بزووتنەوەیەك لە ناوەندە عیڕفانییەکاندا، پەیڕەوی خۆی دروست كرد. هەركەسێك كە دەبووە خەلیفەی ئەو و تەریقەتی دەدایە، دەیبەستنەوە بە زنجیرەیەکی پەیوەنددار بە یەکدی و ئامانجدار. هەندێك لە خەلیفەكان زۆر لێی نزیك بوون، جیا لە پاراستنی کاری، خێرا بڵاوکردنەوەی باوەڕەکانیشیان بۆ دەکرد. زۆربەی شێخەکانی ناو سلێمانی، سورداش، بیارە،کەرکووک و هەولێر لەو کەسە نزیکانەی بوون. مەولانا خالید سلێمانی و شارەزووری خستە قەیرانەوە، شێخ مارفی نۆدێ تەكفیری كرد و دەیگوت ئەمە چيیە پەیدابووە کە دین هەڵدەگێڕێتەوە. مەحمود پاشای بابانی تێگەیاند كە بیكوژێت. دەقی نامەی شێخ مارفی نۆدێ هەیە بۆ كوشتنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی.کلۆدیس ڕیچ، گەڕیدەی بەریتانی كە لە سلێمانی بووە، بەشێكی چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە. مەولانا بە ناچاری دەچێتە بەغدا و سلێمانی بەجێهێشت. هاوینان دەهاتەوە ناوچەی تەوێڵە. لە گەرمەی تەنگژەکەدا شێخ مارفی نۆدێ، ئامۆزایەكی خۆی بە ناوی سەید ئەحمەدی سەردار ڕاسپارد بچێت لە ناو نوێژدا مەولانا بیكوژێت. سەید ئەحمەد دوو جار هەوڵی كوشتنی مەولانا خالیدی دا، جاری یەكەم مەولانا خۆی لەدەستی دزییەوە، جاری دووەم هیچ بوار نەما و ڕووبەڕووی یەکتر دەوەستن. چیرۆكێكی كەمێك ئەفسانەیی لەنێوان ئەو دوو كەسەدا هەیە كە یەكێكیان دەیەوێت بكوژێت و ئەوەی دیكەش دەبێت بكوژرێت: مەولانا دەڵێت: سەید ئەحمەد بۆچی دەتەوێت بمكوژی و بۆچی ئەوەی پێت گوتراوە جێبەجێی ناكەی؟ سەید ئەحمەدی سەردار تفەنگەكەی دادەنێت و کوڕنوش دەبات ودەستی مەولانا ماچ دەکات، دەڵێت: ئەم كەسە بۆ ئەوە نابێ بكوژرێت. سەید ئەحمەدی سەردار كە خەڵكی سەرگەڵو بوو شێخێكی چەكداری دونیایی بوو، مەولانا دەپارێزێت و دەڵێت نابێت بڕۆیت و دەبێ ئەم بیروباوەڕە بڵاوبكەینەوە. دەگوترێ ئەو مەولانا سواری ئەسپەكەی خۆی دەكات و دەیباتە سەرگەڵو، خۆیشی لەپێشی دەڕوات. لە ڕێگادا بە پەلی درەختێك قاچی مەولانا بریندار دەبێت، شێخ ئەحمەدی سەردار، چۆك دادەدات و برینی مەولانا بە زمان دەلێسێتەوە. مەولانا خالید دەگەڕا، تەریقەتی دەبەشییەوە، بیروباوەڕی پێگەیشتووی دەدا بە شێخەكانی، باوەڕی بە تەقییە و باتینییەت و سڕ هەبوو.
شێخەکانی بارزان و سەرگەڵو نەقشبەندی بەردەوام لە گۆڕان
من پێموایە مەولانا خالید دەیتوانی سەركردەیەكی کاریگەرتر بێت بە مەرجێک خۆی گرتبا و مەیدانی چۆڵنەکردبا. دەگوترێت نەقشییەكان تەسەوفیان هێنایە ناو كاروباری كۆمەڵایەتی كوردستاندا. پێویستە ڕوونی بکەمەوە نەقشبەندییەكانی پێشوو هیچ جیاوازییان نەبوو لەگەڵ قادری و روفاعی و تیپەکانی دیکەی سۆفیان. بەڵام ئەوەی كە گۆڕانكاری كرد، نەقشیی خالیدی موجەدیدی كوردییە كە بیردۆز و ڕابەرەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزورییە. هەڵبەت مەولانا خالید سەركردەیەكی ئازا و بەرگریكار نەبوو، جارێك سلێمانی بەرەو بەغدا جێهێشت، جارێكی دیكەش بەرەو دیمەشق هەموو كوردستانی بەجێهێشت و لەوێ بە تاعون مرد. لە مەرگیدا تەمەنی نەگەیشتبووە 40 ساڵ. یەكێك لەو شێخانەی لەسەر دەستی مەولانا خالید تەریقەتی وەرگرتووە، شێخ عەبدولرەحمانی بارزانە، بۆیە شێخێکی نەقشبەندی تەقلیدی نییە، نەقشبەندیی خالیدییە، وەک شێخەكانی سەگەڵو ونەهری . بۆیە ئەوکاری ئیسڵاحگەریەتییەی بارزان بەو مێژووەدا هاتووە. دیارە ئێمە میللەتێكین بەڵگە و نووسراومان نەماوە، دیاردە و جێ پێیەكانی مێژوو دەبینین بەڵام هۆكارەكان و چۆنییەتی ڕوودانیان زۆر ڕوون نین. مەولانا خالید كە لە هیندستان گەڕاوەتەوە، لەلای شێخەكانی نەقشی لە بەغدا و كەركووك و بیارە و سلێمانی ئەوكات وەسییەتی كردووە كە پەیوەندیتان لەگەڵ شەیخییە و بابییەكان لەسەر بنەمای عەقیدە بێت و هاوکارییان بکەن و بیانپارێزن. هەموو ڕابەرەكانی شەیخی و بابی دەهاتنە نەجەف، چونكە بزووتنەوەكە زیاتر لە نێو جیهانی شیعەدا بوو. بۆیە ئەڵقەی پەیوەندیی نەجەف و كوردستان شاری بەغدا بووە. بۆیە كاتێك شێخ بەهائوڵا دوورخرایەوە بۆ بەغدا، لەسەر ڕەوەندی ئێرانی و دانیشتووانی عەرەبی عێڕاق ڕۆشنگەری دەکرد. پاش ماوەیەک تەنگیان پێ هەڵچنی و هەندێک لایەنی سەر بە سەفارەتی قاجار (ئێران) هەوڵیاندەدا بیكوژن، ئینجا ناكۆكی لە نێوان بنەماڵەی خۆیاندا، خۆی و براكەی دروست بوو، بۆیە بڕیاریدا بەغدا بەرەو کوردستان بەجێبیڵێت، وەک خۆی نووسیویەتی لە بابیيەکان و بنەماڵەکەی بێ ئومێد بووە و تەنیا هیوای بە دەروێشەکانی کوردستان ماوە. ئەوە بوو بە بێدەنگی و بێ ئاگادارکردنی خێزانەکەشی، لەگەڵ سۆفییەکی نزیکی خۆی بە سواری وڵاغ بەرەو سلێمانی بەڕێ دەکەوێت. ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ناوێکی خوازراو کە دەروێش محەمەدی ئێرانییە. ئەو لە لایەن شێخەكانی نەقشەبەندی بەغدا پارێزرا و ڕەوانەی سلێمانی کرا. خۆیان شێخەكانی نەقشی گوتوویانە مەولانا خالید راسپاردەی هەبوو كە بەهائوڵا بپارێزن و بیبەنە سلێمانی و دواتریش بۆ سەرگەڵو بیگوازنەوە.
لێرەدا پێویستە ڕوونی بکەمەوە ئەوکاتەی بەهائوڵا هێنراوەتە سلێمانی و دوایی شێخ قادری سور کوڕی شێخ ئەحمەدی سەردار گواستویەتیەوە بۆ سەرگەڵو بیست و حەوت ساڵ بوو مەولانا کۆچی دوایی کردبوو (1826) کەچی بەهائوڵا لە 1853 هاتۆتە سلێمانی. بۆیە راسپاردەی مەولانا دروستترە بۆ هاوکاریکردنی بابیەکان. ئەوە وەسیەتی مەولانایە کە جێبەجێ کراوە تا لكاندنی عەقیدەیی لە نێوان نەقشی و بابی دا بەردەوام بێت. دیارە کاتێک مەولانا خالید لە سەفەری ئێران و هیندستان گەڕاوەتەوە، دەیزانی چ بزووتنەوەیەك دەستیپێکردوە کە نەقشی موجەددی خالیدی بە بیروباوەڕی ئەو بزووتنەوەیە موتوربە کراوە. بەهائوڵا لە سلێمانی لە تەكییەی خالیدی دانرا، پاش كەمتر لە ساڵێك پیاوێكی رۆشنگەر و دانا و زانای چاكساز و نووسەرێكی چیرەدەست و بەتوانا و خەیاڵێكی باڵندە و فڕندە ناوبانگی بە هەموو کوردستاندا بڵاوبووەوە. ئەو کە باوەڕ و بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسییەوە، دەڵێ من لە بەغدا لەو پەیرەوانەم بێ ئومێد بووم، وەك گوتراوە دەبێ كۆچ بكەم بۆ ناو شێخەكانی شاخەکانی كوردستان. لە سلێمانی كۆڕی ڕۆشنگەری دروستدەکرد(حلقە)، بۆ نموونە شێخ عوسمانی سراجەدینی، شێخ قادری سور كوڕی شێخ ئەحمەدی سەردار، شێخەكانی نەقشەبەندی لە سلێمانی و کەرکووک و قازی شاری خانەقین لەو حەلقەیەدا بوون و زۆر سەرسامی زانایی بەهائوڵا بوون. شاعیر و ئەدیبە ناسراوەکانی ئەوکات خۆیان بە قوتابی بەهائوڵا زانیوە بەتایبەتی بێسارانی و كوردی، نامەكانی نێوان كوردی و بێسارانی و شێخ عوسمان و بەهائوڵا ، هەروەها خانەقای كەركووك و سلێمانی لەگەڵ بەهائوڵا ، نامەكانی بەهائوڵا و قازی خانەقین كە ئەوكات ناوەندێكی گرنگ بووە ئەوە دەسەلمێنن. لەو قۆناغەوە دووەمین پازی گۆڕانكاری گەورەی عەقیدەیی لە بزووتنەوەی نەقشی كوردستان دا درووست بوو. پازی یەکەم سەفەری مەولانا خالیدە بۆ ئێران و هیندستان، پازی دووەم کاریگەریی بەهائوڵایە لەسەر هەموو خانەقاکانی نەقشی کوردستان. لەو قۆناغەدا ئەو حەلقانە بوونە بنەمای فکری ئەو قەیرانەی كە لە كۆمەڵگەی کوردستانی كۆتاییەکانی ژیانی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و تێكچوونی میرنشینەكانی كوردستان دروست ببوو، جموجۆڵ لە سلێمانی و كەركووك هەبوو، ئەوە بووە زەمینە بۆ دروستبوونی بزووتنەوەی ئەوتۆ كە قودرەتیان تێدابێت بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان هەوڵ بدەن. ئەوە بوو كە خانەقا نوێیەكان دروستبوون، ئەوانە لەسەر بنەمای نەقشەبەندی نوێ درووستبوون. بۆ نموونە شێخ عوبەیدوڵای نەهری بەرهەمی ئەو پڕۆسەیە. پشتیوانی شێخ قادری سور بۆ بەهائوڵا ئەو دەورە مێژووییەی هەبوو کە سەید ئەحمەدی سەردار لە پشتیوانی مەولانا خالید هەیبوو. چ هۆکارێك ئەم هاوچەشنییە لە هاوكاری دروستدەكات؟ ڕووداوە مێژووییەکە لێرەوەیە، بەستنەوە و گواستنەوەی عەقیدەییەکەش لەوەدا دەردەکەوێ. بەهائوڵا لە ئەشكەوتێكدا ڕۆژانە زوهد و خەڵوەتی دەكرد، نووسینەكانی بەهائوڵا لە وەسفی دیمەنی جوانی چیاكانی سەرگەڵو و ئەو ناوچەیە، ئەو كێشانەی لە سلێمانی هەبوون و ئەو گفتوگۆیانەی ئەوكات لە کاردا بوون، واقیعەکە بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە. هەڵبەت هەموو شێخەكانی نەقشەبەندی لە ناو جەرگەی ئەو پڕۆسەدا بوون.
شێخ محەمەدی بارزان و وەرچەرخانی مەزن
ئەوكات شێخ محەمەدی بارزان لە كۆیە دەیخوێند، كۆیە یەكێك لە ناوەندە گەرمەكانی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە من باسی دەكەم. شێخ محەمەد کە گەڕایەوە بارزان، بە بیروباوەڕی زۆر نوێتر لە شێخەکانی پێش خۆی کەوتە کار. ئەو لەو گفتوگۆیانەدا بەشداربووە. لەوبارەیەوە هیچ بەڵگەیەكم نیيە و خۆیشی ئەوەندە تەقییەی كردووە هیچی لەبارەوە نەگوتووە. دوای ئەوەی بەهائوڵا لە سەرگەڵو و سلێمانی گەڕایەوە بەغدا لە ساڵی 1956، چووە ناو قۆناغێكی نوێی ژیانیەوە، ئەوكات كە لە کوردستان بوو هەر بابی و ئیسڵاحگەر بوو، بەڵام كە گەڕایەوە بەغدا ئایينێكی نوێی دروستكرد بە ناوی ئایينی بەهائی. بنەماكانی ئایينی باهائی هاوبەشە لەگەڵ ئەو بزووتنەوە دوورودرێژەی لە مێژووی ساساندا هەبووە (درێژکراوەیە) لەگەڵ جۆرێك لە گۆڕانكاری. ئەو ئازارێکی زۆری کیشا، جارێکی تر دووریانخستەوە بۆ ئەدەنە، لەوێ گەڕایەوە بۆ بەغدا، لەوێوە بۆ حەیفا، لە کۆتاییدا لەوێ وەک دوا مەنفای مرد. هەر بۆیەش حەیفا ناوەندی جیهانی بەهاییەكانە. هەڵبەت بەهاییەكان خەریكن ئێستا هەندێ شوێن و زەوی لە سەرگەڵو دەكڕنەوە، دەیانەوێ ناوەندی دووەمیان لە کوردستان دروستبكەن، چونكە پێیانوایە سەرزەمینی پیرۆزی سەرگەڵو و سلێمانیشە. شێخ محەمەد لە خوێندنی کۆیە گەڕایەوە، ئەو بیروباوەڕە نوێیەی بەو شەپۆلە نوێیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لە بارزان دەستیپێكرد.
سەرەتا ڕێنمایی و كاری شێخ محەمەدی بارزان، فێركردنی خەڵك بووە. لە كەشی زۆر دواكەوتووی ئەوكاتدا، لە مێژووی بزووتنەوەی بارزاندا چەمکی “باب” هەبووە، بەڵام زۆر كەم بەکاردەهات کە لە دواییدا گۆڕایە سەر چەمکی “خودان”. هەندێك لە پەیڕەوەكانی شێخ محەمەدی بارزان بە کاریگەریی یەکێک لە خەلیفەکانی شێخ کە ناوی مەلای مەزن بوو، پێیان دەگوت: تۆ مەهدی زەمانەیت. شێخ گوتوویەتی نا، من مەهدی نیم و ئەوقسەیە نەکەن. وەڵامیاندایەوە ئەوەی تۆ دەیڵێی ئەوەیە كە مەهدی دەبێ بیڵێت. ئەو مەلایانەی پەیڕەوی بوون و زانا بوون و هەندێك لەو مێژووەیان دەزانی زیاتر لەوەش پێیان دادەگرت و دەیانگوت تۆ هەندێ سیفەتی ئیلاهیشت تێدایە. شێخ لێیان تووڕە بوو و هەڕەشەی لێكردن دەبێ لێی دووربکەونەوە و بارزان بەجێبێڵن. پێیگوتن ئەگەر نەڕۆن من دەڕۆم و بارزان بەجێدێڵم. ئەوە بوو جارێك بارزانی جێهێشت و چووە گوندی “بیێ”.
دیارە لە بزووتنەوەی نوێدا هەمیشە زێدەڕۆیی هەیە لەلایەن پەیڕەوانەوە، خەلیفە پەیدا دەبن و تەفسیری زیاتر و جیاواز دەكەن. پەیڕەوەکانی دواتر چوون شێخ محەمەدیان هێنایەوە بارزان، پێیگوتن بە مەرجێك دێمەوە کە ئێوەی مەهدەوی لە بارزان بڕۆن! ئەو كۆمەڵە كەسە ڕۆیشتن. سەركردەی ئەو ئاراستەیە مەلای مەزنە بوو. ئەو تاقمە بەرەو شەقڵاوە کۆچ دەکەن. لەوێ پێش دەربەندی شەقڵاوە گوندێك بۆخۆیان دروستدەكەن و دەمێننەوە. ئەو جێیە ئێستا پێیدەگوترێت “حاجی بایز”. دوای ساڵێك ئاراستەی مەلای مەزن بەردەوام داواکەن شێخ بیانبوورێ و ڕەزامەندی نیشان بدات تا بگەڕێنەوە بارزان. شێخ ڕازی نابێ و دەڵێ نابێ بگەڕێنەوە. مەلا مەحمودی کوڕی شێخ عبدالرحمان کە بە سەیدای بارزان ناسرا بوو، كاروباری عەقیدەیی تەکیە بارزانی بەڕێوەبردووە و لەلای شێخ محەمەد زۆر بەڕێز بووە، هاودەمی سێ شێخ بووە، شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی دووەم. ئەو لەلای شێخ تکایان بۆ دەکات و هەواڵ بۆ مەلای مەزن دەنێرێ تا بگەڕێنەوە و شێخ لێیان دەبوورێت. بەڵام گفتوگۆ لەسەر مەهدەویەت هەر دەمێنێت. ئەو بیروباوەڕانە لەو بارودۆخەی ئاماژەم پێدا بە خێرایی بڵاودەبۆوە. ئاراستەی مەلای مەزن کە گەیشتنەوە بارزان بە ژن و پیاویانەوە چۆکیان دادا و لەبەر پەنجەرەی پشتەوەی خانەقای بارزان کوڕنوشیان بۆ شێخ برد.
ئەو بەرابەری و دادگەرییەی بارزان وایكرد ئاغاكان تەنگاو ببن، چونکە یەكەمین هەوڵی بزووتنەوەی بارزان لەسەر زەمینی واقیع بریتی بوو لە کۆتاییهێنان بە ناعەدالەتی ئاغاكان و ستەمكاری بەرامبەر مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بوو. بنەما سەرەکییەکانی باوەڕی بارزان کە شێخ محەمەد بڵاوی دەکردەوە لە چەند بنەمایەک پێکهاتبوو بریتی بوون لە: ١-مرۆڤ نەچەوسێتەوە ٢- زەوی بۆ هەمووان بێ ٣- ژن ئازاد بکەن ٤- ئایينەكان بەرابەری ٥- دار مەبڕن ٦- ژینگە بپارێزرێ ٧- ئاژەڵان مەكوژن. لە باوەڕی بارزان دا دەبێ لە ڕووی ئابووریی دا دەستپێوەگرتن. من لە شادڕەوان ئیدریس بارزانی ڕاستەوخۆ گوێم لێ بووە، گوتی: شێخ ئەحمەدی بارزان گوتوویەتی تەنانەت ئەگەر چوونە سەر زێی بادینان، ئاو زۆر بەفیڕۆ مەدەن.
??
Top