پێناسەکانی توندوتیژی و وەستانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ئافرەتان

پێناسەکانی توندوتیژی و وەستانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ئافرەتان

رۆژی ٢٥ ی نۆڤامبەر وەک رۆژی وەستانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی ئافرەت دیاری کراوە، بۆ باس کردن لەم رۆژە باشتر وایە بزانین توندوتیژی چییە؟ پێناسەکانی چییە و چ رێگایەک ھەیە بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی. لەم روانگەوە دەتوانین باس لەم چەمکە بکەین و مێکانیزمە گونجاوەکان بگرینەبەر بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی.

توندوتیژی چییە؟

ئەو کاتەی باس لە چەمکی توندوتیژی دەکرێ، کێشەیەکی گەورە دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە تا ئێستا پێناسەیەکی کۆنکرێت و دیاری کراو لە توندوتیژی نەدراوە بە دەستەوە، بەشێک لە کۆمەڵناسان و دەروونناسان لەوانە گێڵز و ستراوس توندوتیژی بە ھەڵسووکەوتێکی مەبەستدار دەزانن کە خەسارەی جەستەیی و دەروونی ھەیە بۆ سەر تاک بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین توندوتیژی چەند جۆری ھەیە کە بە پۆلین بەندی دەکرێن.

١- توندوتیژی جەستەیی
٢- توندوتیژی دەروونی

توندوتیژی جەستەیی بە ھەر جووڵە و حەرەکەت دەوترێ کە بە شێوەی فیزیکی کاریگەری ھەیە لە سەر بەرامبەر، وەک شکاندنی شوێنێک، سوورەوە بوون، بریندار بوون یان ھەر جۆرە نیشانەیەکی تر. لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەوارەکانی توندوتیژی بە تەواوی دیارە و ئەو کەسەی رووبەڕووی توندوتیژی بۆتەوە دەتوانێ بە چوونە بەردەم یاسا، سکاڵا دژ بە کەس یان گرووپی توندوتیژ بەرز بکاتەوە.

جۆرێکیتری توندوتیژی، کە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی نییە، ئەویش توندوتیژی دەروونییە. سووکایەتی پێ کردن. جنێو دان. توانج خستن لەو جۆرە توندوتیژییە دەروونیانەن کە کاریگەری دەروونی قوڵیان ھەیە لە سەر بەرامبەر و لە ھەمانکاتیشدا سەلماندنیان لە بەردەم ناوەندە بڕیاردەرەکاندا ئەستەمە.

ھۆکارەکانی توندوتیژی

ئەو کاتەی باس لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێ، دەتوانین بڵێن کۆمەڵێک ھۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم دیاردەوە ھەیە.
یەکەم ھۆکار: سیستەمی باوک سالارییە. سیستەمی باوک سالاری و کولتووری بەرھەم ھاتووی ئەم سیستەمە دەتوانین بڵێین لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھاندا یەکێک لە گەورەترین ھۆکارەکانی توندوتیژییە دژ بە ژنان. لە چوارچێوەی ئەم کولتوورەدا تەنانەت بەشێک لە ژنانیش ھەندێ جار دەبن بە ھێزی توندوتیژ نوێن بەرامبەر بە ھاوڕەگەزەکانیان.

یەکێکی تر ھۆکارەکانی توندوتیژی نواندن لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیھان، ئایینە. ئایین لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان پێوەندییەکی دوولایەنەی پەیدا کردووە لە گەڵ کولتوور، لە گەڵ ئەمەش ھەندی لە فەرمانە ئایینییەکان خۆیان ھۆکارێکی مەشرووعیەت دانن بە توندوتیژی دژ بە ژنان. ھەندێ جاریش عورفە کۆمەڵایەتییەکان رەنگ و بۆی فەرمانێکی ئایینی دەگرنە خۆ و دەبن بە ھۆکاری توندوتیژی نواندن دژ بە ژنان.

لە بەشێک لە کۆمەڵگاکاندا، سیستەمی کۆمەڵایەتی، وەک سیستەمی عەشیرەیی لە کوردستان و بەشێک لە کۆمەڵگاکانی تر، ھۆکاری توندوتیژین دژ بە ژنان. لە کولتووری عەشیرەیی و تایفییدا ژن موڵکی عەشیرە و تایفەیە و ئەرکی ھەموو پیاوانی عەشیرەیە پارێزگاری بکەن لەم موڵکە، زۆر جاریش بە بیانووی نامووس و شەرەف و پارێزگاری لە نامووسەوە ژنان لەم چەشنە سیستەمەدا دەبن بە قوربانی.

دەکرێ یاسا بە ھۆکارێکی تری توندوتیژی بزانین لە بەشێک لە وڵاتانی جیھان، لەوانەش وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک ئێران، یاسای دوا کەوتووانەی کۆماری ئیسلامی، ھۆکارێکە بە توندوتیژی دژ بە ژنان. لە رێگای یاساوە ئیزن دراوە بە ھەر چەشنە توندوتیژی نواندنێک دژ بە ژنان. ئەو کاتەی ھەر بە ٢ ژن پێاوێکن لە بەرامبەر یاسادا، ئەو کاتەی شاھیدی ژن قبووڵ ناکرێ، ئەو کاتەی ژن بۆی نییە لە بەشێکی زۆر لە پۆستە کۆمەڵایەتییە و سیاسی و ئیداریییەکاندا بەشداری بکات، ئەو کاتەی لە لایەن یاساوە ئیزن بە پیاو دەدرێ بە ھەر بیانوویەک بێت ژنی دووھەم بێنێ و یاسا ئیزن بە فرە ژنی دەدات، ئەو کاتەیە رەنگ و بۆی یاسا وەک لایەنێکی توندوتیژی نوێن دژ بە ژنان دەدەکەوێ.

توندوتیژی خێزانی

یەکێک لە باوترین شێوەکانی توندوتیژی، توندوتیژی خێزانی یان توندوتیژی بنەماڵەییە. لە راستییدا زۆربەی زۆری ژنان لە لایەن کەسانی نزیکیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. ھاوسەر، ھاوژیان، باوک و برا و کەسانی تری بنەماڵە ھۆکاری ئەم توندوتیژی نواندنەن و زۆر جاریش بە ھۆکاری جۆراوجۆر لە لایەن ژنانەوە بێدەنگە دەکرێ بەرامبەر بەم توندوتیژی نواندنانە. لە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکان و لەوانە کۆمەڵگای کوردیدا ، خێزان بە چوارچێوەیەکی پیرۆز دەزانرێ کە پێویستە ھەموو شتێکی ئەم چوارچێوەیە لە ناو خێزاندا بمێنێتەوەو درز نەکاتە دەرەوە. پیاوانیش وەک بەڕێوەبەرانی بنەماڵەکان بە چەشنی دیکتاتۆرێک لە ناو خێزانەکاندا ھەڵسووکەوت دەکەن. شەرم یان ترسی ژنان لەوەی کە سکاڵا دژ بە ئەندامانی بنەماڵە بەرز بکەنەوە، ھۆکارێکی گەورەی چەوساندنەوەی ژنانە لە ناو ماڵەکاندا.

کاریگەرییەکانی توندوتیژی

کاتێک باس لە توندوتیژی و کاریگەرییەکانی دەکەین، ئەوە نییە ، توندوتیژی نواندن تەنھا کاریگەری نەگەتیڤی لە سەر تاک یان گرووپی قوربانی ببێت، بەڵکوو ھەر کردەیەکی توندووتیژ کاریگەری خراپی ھەیە لە سەر کۆمەڵگا و دەورووبەریش. راستە بە شێوەیەکی ھەست پێکراو کەسێک دەبێت بە قوربانی، بەڵام بازنەی قوربانییەکانی توندوتیژی نواندن زۆر زیاتر لە تاکێکە. توندوتیژی کاریگەر دەروونی و ماددی و مەعنەوی ھەیە لە سەر کەسانی دەورووبەری تاکی قوربانی. بۆیە ئەرکی سەرجەم کۆمەڵگایە دژ بە توندوتیژی و کاریگەرییەکانی بوەستنەوەو دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان تەنھا گرێ نەدەنەوە بە ژنان. ئەرکی سەرجەم کۆمەڵگا و بە تایبەت چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە دژ بە توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە ژنان بوەستنەوە. لە کۆمەڵگایەکی ئارام و سەقامگیر دا کە ھەموو تاکێک ھەست بە ئاسوودەیی بکا و بزانێ لە باری جەستەیی و دەروونییە پارێزراوە، لە کۆمەڵگایەدا پێشکەوتنە کۆمەلایەتی و سیاسی و زانستییەکان زۆر خێراترە لەو کۆمەڵگایەی تاکەکانی کۆمەڵ ھەست بە ئاسوودەیی ناکەن.
Top