دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەزمونێک نابێت لەبیربکرێت.

دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەزمونێک نابێت لەبیربکرێت.

ئەمڕۆ ٧٥ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت، کۆمارێک کە سەرەڕای کورتیی ماوەکەی، ئەزموونێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد بەجێ ھێشت تا بە کەڵک وەرگرتن لێی بتوانن لە ئەمڕۆدا کە ئەو کەشوھەوایە خەریکە دووبارە دەبێتەوە بەبێ ھەڵە تێپەڕێت و قوناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیان بن.

بەربەرەکانێ و ململانێی نێوان زلھێزەکان لە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیھانییەوە و پەلکێشکردنی ئاڵۆزییەکان بەرەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی خۆی لەسەر گەلانی ناوچەکە دانا و ھاوکات ئێران بوو بە مەیدانی ململانێی ھێزەکان لە باکوور و باشوورەوە، حکومەتی قاجار توانای ئیدارەی وڵاتی نەما و لە ساڵی ١٩٢٥ ڕووخا و حکومەت کەوتە دەستی "ڕەزاخان" کە پێشتر وەزیری شەڕ بوو و بنیاتی حکومەتی "پە‌ھلەوی" دانا، بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیھانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕوس و ئینگلیزەوە، ڕەزاشا لەژێر فشاری بەریتانیا، لە ئەیلولی ١٩٤١ دەستی لە کارکشایەوە و ئێرانی جێھێشت و دەسەڵات کەوتە دەستی کوڕەکەی واتا محەمەد ڕەزاشا.
مەھاباد لە چنگی ھێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی ھەتاوی، کۆماری کوردستان لە مھاباد ڕاگەیەندرا.

لە کەشوھەوایەکی وەھادا، کە جیھان تووشی شەڕێکی گەورە بوو، زۆر نەتەوە لە جیھاندا ھەوڵی ئەوەیاندا لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دەربچن، لە ئێرانیش کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر وڵاتدا نەما بوو، نەتەوەکانی ئەو وڵاتە کەڵکیان لەو بارودۆخە وەرگرت و کەوتنە ھەوڵدان بۆ بە دەستھێنانی مافەکانیان، بۆیە قازی محەمەد کە کەسایەتییەکی ناسراوی مھاباد بوو، لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کە ڕۆژی ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٢ھەر لە مھاباد دامەزرا بوو، وەک ئەوەی لەیەکەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمان ھاتووە "بە ھەموو ھێز و توانای خۆی تێکۆشاوە تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ئێستا کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بێنێتە بەرھەم کە ھەموو کوردێک بە سەربەستی تێیدا بژیت"، دەچنە 'باکۆ' چاویان بە'جەعفەر باقرۆڤ' سەرۆک وەزیری کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت دەکەوێت و داوای پشتیوانیی و یارمەتیان لیدەکەن بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

دوای گەڕانەوەیان حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ھەمان پێکھاتەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان دادەمەزرێت و یەکەم کۆنگرەی خۆی لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دەبەستێت، لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا لە ھەوڵێکی ھاوشێوەی حزبی دیموکراتی ئازەربایجان-دا، مەھاباد لە چنگی ھێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی ھەتاوی، کۆماری کوردستان لە مھاباد ڕاگەیەندرا.

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا و لەلایەن گەلەوە پێشوازیی لێکرا، سەرەکییترین خاڵەکان ئەمانە بوون: زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن ‌و خوێندن و ئیدارە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن،یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان، یاسایەک ھەبێت کە بەیەکچەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.
کۆماری کوردستان ھیوایەکی لە دڵی گەلی کورد دروست کرد و بوو بە ئەزموونێکی مێژوویی، لەو ماوە کورتەدا، کە ١١ مانگ بوو، کورد توانی بە دامەزراندنی ھەندێک دامودەزگا، چاپخانە، بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار و رۆژنامە و پەوەردە و خوێندنگا بە زمانی کوردی شوێن پێی خۆی لە مێژوودا بھێڵێت.

ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو و نەیتوانی وەکو پێویست ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام ھەر لەو ماوە کورتەدا توانی پێکھاتەکانی شاری مھاباد و دەوروبەریشی بێنێتە لای یەک و یەکێتییەک لەناو کۆمەڵگای خۆی دروست بکات، ھەروەھا لەو ماوەیە توانی لە باشووری کوردستان کەسانێک بەشداری ئەو کۆمارە بکات و زۆر ھەوڵیدا سنوورەکانی بەرفراوان بکات، بەڵام ھەلومەرجی ئەو دەمە ئەو دەرفەتەی پێنەدا و سەرەڕای ھەوڵەکانی بۆ بەشداری پێکردن و پەیوەستبوونی خێڵەکانی دیکەی کورد لەناو کۆمار، نەیتوانی سنوورەکانی لە دەرەوەی موکریان و دەوروبەری مھاباد بەرفراوان بکات، ھەربۆیە زۆرجار بە 'کۆماری مھاباد' ناو دەبرێت.

خاڵی بەھێزی کۆمار بەشداریپێکردنی پێکھاتەکانی کۆمەڵگای خۆی و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرییەکی دیموکرات و پێداگریی لەسەر مافەکانی گەلەکەی بوو، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بەھۆی ئەوەی پشتی بە ھێزی دەرەکیی و یارمەتییە ماددییەکانی بەستبوو، بە چوونەدەرەوەی ھێزەکانی سۆڤیەت لەدوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەریتانیا و حکومەتی ئێران، نەیتوانی خۆی بپارێزێت.



لە١٧ی کانوونی یەکەمی١٩٤٦، شاری مھابادی وەک پایتەختی کۆمار لەلایەن سوپای پاشایەتی ئێرانەوە داگیر کرا و پێشەوا قازی محەمەد و ھاوڕێکانی، لە بەرەبەیانی٣١ی ئازاری١٩٤٧ لە گۆڕەپانی"چوارچرا"ی شاری مھاباد، ئەو گۆڕەپانەی کۆماری تێدا ڕاگەیەندرا، لەسێدارە دران.
Top