عێراقییە لە ناردنی پێشمەرگە بۆ كەركوك نیگەرانە

عێراقییە لە ناردنی پێشمەرگە بۆ كەركوك نیگەرانە
گۆتیارى لیستى عێراقییە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رای گەیاند، دەبووایە ناردنی هێزى پێشمەرگە بۆ شاری كەركووك و دەوروبەرى لەسەر فەرمانى سەرۆك وەزیرانى عێراق بووایە نەوەك تەنیا هەرێمی كوردستان یان لێژنەى تەناهیی پارێزگەى كەركووك.

میسون دەملوجى ئەمڕۆ سێشەم رایگەیاند، چوونى پێشمەرگە بۆ پاراستنى تەناهیی پارێزگەى كەركووك شتێكى ئاسایییە، بەڵام جووڵەپێكردنى ئەو هێزە بەبىَ فەرمانى نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق نایاسایییە، بەو پێیەى مالیكی سەركردەى گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە.

زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكانمان، چوونى ئەو هێزەى پێشمەرگە بۆ كەركووك و دەروبەرى لەسەر داواى چەند ئەندام پەرلەمانێك و ئەنجوومەنى تەناهیی ئەو پارێزگایە بووە و ئەمە نایاسایییە، چونكە تەنیا سەرۆك وەزیرانى عێراق دەتوانێت داواى جوڵەكردنى هێزە چەكدارەكان بكا.

دەملوجی ئاماژەى كرد، چوونى هێزى پێشمەرەگە راستە لە بەرژەوەندیی تەناهیی خەڵكى شارەكەدایە، بەڵام ناڕەزاییى زۆرى دروست كردووە، بەشێكى دانیشتوانى شارەكە پێیان وایە ئەو هێزە مەبەستى سیاسى یاخۆ مەرامێكى تری هەیە یان دۆخەكە بەلای پێكهاتەیەكی دیاریكراودا بشكێنێتەوە و لایەنگیری بكا.

لەبارەى مانەوەى هێزى پێشمەرگە یان چۆڵكردنى كەركووك، ناوبراو گوتى، \"پاراستنى گیانى هاووڵاتییانى و رازیكردنى سەرجەم پێكهاتەكان گرینگترە لەوەى ئەو هێزە بمێنێ یان پاشەكشە بكا، بەڵام مانەوەى ئەو هێزە ناكۆكیى زیاتر دروست دەكا، چونكە فایلی‌ تەناهیی پارێزگەی‌ كەركووك لەژێر دەسەڵاتی‌ حكوومەتی‌ ناوەنددایە، دەبووایە بەغدا بڕیاری‌ رەوانەكردنی‌ هێزی‌ بۆ كەركووك بدایە نەك هەرێمی‌ كوردستان.

گۆتیارى لیستى عێراقییە لە پەرلەمانى عێراق روونی كردەوە، پێشمەرگە بەپێى دەستوورى عێراق بەشێكە لە هێزى بەرگریى وڵات، بۆیە مانەوە و جووڵەپێكردنى هەرهێزێكى چەكدارى لە ئەستۆى سەرۆك وەزیرانە، باشترە ئەو خۆی روونكردنەوە بدا تا هیچ لایەنێك لەسەر مانەوەى پێشمەرگە لە كەركووك گومانى نەبێ.

-ئاكانیوز"
Top