جه‌بار یاوه‌ر: بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق و ئه‌مه‌ریكایییه‌كانیشى تێدا به‌شداره‌

جه‌بار یاوه‌ر: بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق و ئه‌مه‌ریكایییه‌كانیشى تێدا به‌شداره‌
ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق و ئه‌مه‌ریكایییه‌كانیشى تێدا به‌شداره‌ نه‌ك مه‌به‌ستێكى سیاسیى له‌ پشته‌وه‌ بێت.

جه‌بار یاوه‌ر ڕايگه‌یاند \"بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2010وه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریی عێراق و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پێشنیازى جه‌نه‌راڵ ئۆدێرنۆ له‌ پارێزگه‌كانى مووسڵ و كه‌ركووك و دیاله‌، هیچ مه‌به‌ستێكی سیاسیش نییه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ بوونى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌دا\"".

ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى گوت \""ئێمه‌ به‌ته‌نیا هێزمان نییه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان، بگره‌ ناوه‌ندى هاوئاهه‌نگى و سه‌ربازیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ فیرقه‌ى 5ى سوپاى عێراق له‌ دیاله‌ و 2 له‌ مووسڵ و 12 له‌ كه‌ركووك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بازگه‌ى هاوبه‌ش له‌ ده‌رچه‌ و ده‌روازه‌ى هه‌موو شار و شارۆكه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌، هه‌روه‌ك هێزى هاوبه‌شمان هه‌یه‌ بۆ ده‌رچوون و چالاكیى هاوبه‌ش له‌و 3 پارێزگه‌یه‌ و هێزى ده‌ورییه‌ى هاوبه‌شیشمان هه‌یه‌\"".

مه‌یسوون ده‌ملوجى گۆتیارى لیستى عێراقییه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌(ئاكانیوز)ى گوت، ده‌بوو ناردنی هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ شاری كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بووایه‌ نه‌ك ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان یان لێژنه‌ى ته‌ناهیی پارێزگه‌ى كه‌ركووك.

جه‌بار یاوه‌ر روونی كرده‌وه‌، كه بوونى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ پارێزگه‌كانى كه‌ركووك و مووسڵ و دیاله‌، نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه‌ و دواتریش مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه‌ و چه‌ندان لێژنه‌ى هاوبه‌شیش دروست كراون، ئه‌ندامانى بارسته‌ى عێراقییه‌ ده‌توانن سه‌ردانى ناوه‌ندى هاوبه‌شمان بكه‌ن كه‌ ئه‌فسه‌رى سه‌ر به‌سوپاى عێراقن و ئاگه‌دارى سه‌رجه‌م جموجۆڵه‌كانى یه‌كتر هه‌ین له‌ عێراقدا.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ \""بوونى هێزى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌داره‌كان هیچ مه‌به‌ستێكى سیاسیى له‌ پشته‌وه‌ نییه‌ له‌و ناوچانه‌، بگره‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق سیسته‌مى به‌رگریى عێراق ته‌واو ده‌كه‌ن\"".

له‌ 25 شوبات/فێبرایه‌ری رابردوو، خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌غدا و ژماره‌یه‌ك شار و شارۆكه‌ى تری عێراقی گرته‌وه‌ بۆ باشكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا توندوتیژیی لێ كه‌وته‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییانی كه‌ركووك، پێشتر له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و پارێزگه‌یه‌ جێگیر بوون."
Top