ئەحمەد عەلی سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی هەولێر : وشكەساڵی و كەمیی باران بەرهەمی جووتیارانی بۆ چارەكێ كەمتر دابەزاند

ئەحمەد عەلی سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی هەولێر : وشكەساڵی و كەمیی باران بەرهەمی جووتیارانی بۆ چارەكێ كەمتر دابەزاند

سەبارەت بە بارودۆخی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و داواكارییەكانیان ئەحمەد عەلی سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی هەولێر گوتی: «وشكەساڵی و كەمیی باران بەرهەمی جووتیارانی بۆ چارەكێ كەمتر دابەزاند، بۆ نموونە من زەوییەكم هەبوو ساڵی ڕابردوو تۆوی گەنمم تێدا چاندبوو، 30 تۆن گەنمی كرد، كەچی لەمساڵدا بۆ چوار تۆن دابەزی و خەرجیی دوورینەوەی دەڕاسە و گواستنەوەی تەنیا دوو تۆنی دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر جووتیار هەموو خەرجیی پەین و تراكتۆر و تۆ و چاندن و دوورینەوە و گواستنەوەی حیساب بكات، ڕەنگە هیچ قازانجێك نەكات و زیانی بۆ بمێنێتەوە، داوكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە بنەتۆی باشی گەنمان بۆ بهێنن و نەیدەنە دەست بازرگانەكان، بەڵكو ئەو جووتیارەی ئەمساڵ گەنمی چاندووە، بنەتۆوەكە لە رێگەی لێژنەیەكەوە پێ بدرێت كە یەكێتیی جووتیارانی كوردستانی لەگەڵدا بێت و، بنەتۆوی گەنمەكە باش بێت و بەرگەی وشكەساڵی». سەبارەت بە دەنگۆی بردنەدەرەوەی گەنمێكی زۆر بۆ شارەكانی خوارووی عێراق، سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوەو گوتی: «لەمساڵدا تۆنێك گەنم لە بازاڕەكاندا 440 تا 450 هەزار دینار دەكات و حكومەتی هەرێمیش بە 560 هەزار دینار دەیكڕێت، بۆ نموونە جووتیارێك سێ بۆ چوار تۆن گەنمی هەیە دەیباتە بازاڕ و دەیفرۆشێتەوە، ئەو پێوەرەی بۆ هەر دۆنمێك زەوی بڕی گەنمی وەرگیراو دیاریكراوە زۆر كەمە. بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارەكانی دیكەی عێراقیشەوە، هەر هەمووی كەم بووە و زیانێكی گەورە بەر جووتیاران كەوتووە، داواكارم لە سەرۆكی حكومەت ڕەچاوی بارودۆخی ئەمساڵی ئەو جووتیارانە بكات كە گەنمیان چاندووە و، بەرهەمەكانیان زۆر كەمی كردووە لە ئاستێكدا كە زیانیش دەكەن، بۆیە یارمەتیی جووتیاران لە بواری دابینكردنی بنەتۆ و پێدانی پاڵپشتییەكی دارایی و لابردنی غەرامە و قازانج لەسەر سلفەكانیان، زۆر گرنگە.»

 سەعید عومەر بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر هەر سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی وەرگرتنی گەنم گوتی: «جووتیاران هەموو ساڵێك دوای ئەوەی گەنمی خۆیان دەدوورنەوە، هاوشێوەی هەموو شارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانیشدا بەپێی نەخشەیەكی جوگرافیا و لە هەر سایلۆیەك دەست دەكرێت بەوەرگرتنی گەنم، نرخەكەشی لەلایەن فەرمانبەرانی شارەزا و لە تاقیگەكاندا بەپێی باشی و خراپیی جۆری گەنمەكە دیاری دەكرێت و، نمرەی بۆ دادەنرێت، لەم پرۆسەیەشدا چەند ڕێنمایی و ڕێكارێك دیاری كراوە، بۆ نموونە ئەگەر سن و كیسەڵەی لە 2% بۆ سەرەوە بێت، بەپێی بەرزیی ڕێژەكەی دەبێتە نمرە دوو و سێ. هاوكات خاوێنیی گەنمیش ڕەچاو دەكەین، سایلۆكانی كوردستان بەشێوەیەكی ستاندار لە ئاستێكی باشدان.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: «داواكارم جووتیاران پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارەكانی هێنانی گەنمەكانیان بن، دیاریكردنی جۆری گەنمەكە و پێدانی نمرە لە پسپۆڕایەتی و كاری لێژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕە لە تاقیگەكانمان، زۆربەی گەنمی كوردستان نمرە یەك دەرچووە و زۆر بەدەگمەن نمرە سێی تێدا بووە، ئێمە لە22ی نیسانەوە تاوەكو 5ی تەمووز نزیكەی 70هەزار و 800 تۆن گەنمان وەرگرتووە و، لەم بڕە گەنمەش تەنیا 720 تۆنی نمرە دوو بووە و 23 تۆنیش نمرە سێ بووە، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت، تا گەنم هەبێت بەغدا ڕایناگرێت.

Top