کارەساتی كۆمەڵكوژیی ئەنفالکردنی ٨٠٠٠ بارزانی لەلایان حکومەتی بەعسەوە.

کارەساتی كۆمەڵكوژیی ئەنفالکردنی ٨٠٠٠ بارزانی لەلایان حکومەتی بەعسەوە.


38 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆمەڵكوژیی بارزانییەكان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، كە تێیدا هەشت هەزار بارزانی راپێچی بیابانەكانی باشوری عێراق كران و لەوێ‌ كۆمەڵكوژ كران، ئەمەش سەرەتای زنجیرە تاوانێكی دژە مرۆڤانەی رژێمی بەعس بوو بەرامبەر گەلی كورد لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو كە دیارترینیان ئەنفال و كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجە بوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی 31ی تەمموزی ساڵی 1983 كۆمەڵكوژی بارزانیەكان دەستی پێكرد كە تامانگی ئابی خایاند، تاوانەكەش خۆی لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی كۆمەڵكوژیدا دەبینێتەوە.

شوێنی نیشتەجێبونی بارزانییەكان دەكەوێتە ناوچەشاخاوییە سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران و توركیاو خۆیان لە شەش هۆزو تیرەدا دەبیننەوە كەبریتین لە شێروانی ، دۆڵمەریی، گەردی، نزاری، بەڕۆژی ، مزوری، لەڕوی ئیدراریشەوە بەسەر 82 گوندو پێنج شارۆچكە دابەش بوون.


لەدوای رێككەوتنی جەزائیر حكومەتی بەعس پیلانی بۆ كۆمەڵكوژی بارزانییەكان داڕشتبو كە دواتر لە سێ قۆناغدا ئەنجامیدا، قۆناغی یەكەم بریتی بو لە كۆكردنەوەی كوڕان و پیاوانی بارزانییەكان لەكۆمەڵگەكانی قودس و قادسیە، قۆناغی دوەم كۆكردنەوەی بارزانییەكان لەكۆمەڵگە زۆرە ملێكانی هەریرو بەحركەو دیانا، قۆناغی سێیەم بریتی بوو لە دەستگیركردنی هەمو ئەو بارزانیانەی كەبەهەر هۆكارێك بوبێت پێشتر ڕزگاریان بوە.


سەرەتا بارزانییەكان ڕوبەڕوی ئاوارەبون بەدیوی ئێراندابونەوەو بەشارە فارسەكانی ئێراندا بڵاو بونەوە، لە ساڵی 1975 دانیشتوانی نزارو بەڕۆژ بۆ خواروی عێراق و ناوچەی دیوانیە دورخرابونەوە، لەساڵی 1978 دا بەهان شێوە ناوچە كانی مزوری ، شێروانی ، گەردی بۆ ئۆردوگاكانی بەحركە، دیانا، هەریر لە پارێزگای هەوڵێر دورخرانەوە، ساڵی 1982 دانیشتوانی شێروان مەزن بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان گوازرانەوە.

 

دوای دوور خستنەوە و كۆكردنەوەی بەزۆرییان لە ئۆردوگا زۆرە ملێكاندا، دواجار ساڵی 1983 كۆمەڵكوژی بارزانییەكان بەكردەیی چوە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بەكۆكردنەوەی هەشت هەزار بارزانی لە بیابانەكانی بوسییە لە باشوری عێراق و گوللە بارانكردنیان، بەڵام ئەوسەردەمەش نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان و نە مافی مرۆڤ هیچ هەڵوێستێكیان نەبو، تەنانەت ناوی تاوانەكەشیان نەهێناو سەركۆنەشیان نەكرد.

بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر تاوانە قێزە ونەكانی بەعس بەرامبەر گەلی كورد، وایكرد دڕندەیی سەرانی بەعس بەرامبەر گەلی كورد لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بگاتە لوتكە و بە هەشت قۆناغ 182 هەزار كورد لەباشوری كوردستان ئەنفالكران و شاری هەڵەبجەش كیمیابارانكرا و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار كەس شەهید بوون

Top