پارتی.. هەڵمەتێكی ئارام مسۆگەركردنی ئایندەیەكی گەش

پارتی.. هەڵمەتێكی ئارام  مسۆگەركردنی ئایندەیەكی گەش

 

هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەكان بەشێكە لە پڕۆسەی «التسویق السیاسي»، واتە ئەو «بازاڕگەریی سیاسی»یەی كە دەبێت لە ماوەی نێوان هەڵبژاردنێك بۆ هەڵبژاردنێكی دی حزبەكان كاری بۆ بكەن. ڕاستە ماوەی چوار ساڵ هەر هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە وەك ئێستا بەڵام، هەموو كردار و گوفتار و چالاكی و كارەكانی هەر پارتێك لەو چوار ساڵە لە سەری ئەژمارە و دەنگدەر چاودێریی دەكات، بۆیە سەركەوتووترین هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەوەیە لە دوای ڕاگەیاندنی دەنگەكانی هەڵبژاردن دەست بكەیت بە خۆئامادەكردن بۆ هەڵمەتی داهاتوو، سەرمایە و دەستكەوت و خەزێنەی بۆ كۆ بكەیتەوە. جگە لەوەی لە دوای هەڵبژاردن و بردنەوەی هەر پارتێك، ئیتر كاتی ئەوەیە دەنگدەر پاداشتی دەنگەكانی وەربگرێت، چونكە ئەو دەنگ و متمانەی بە تۆ داوە، لە بەرامبەر بەرنامەی كارت، بۆیە پاداشتەكەی بریتییە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان، دیارە چاودێریكردنی دەنگدەر و تاقیكردنەوەی كاندید و پارتەكانیش دوای پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ دەكات و، هەموو پارتەكان دەچنە تاقیگەی تاقیكردنەوەی دەنگدەرەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەم پاداشتدانەوەی دەنگدەر و ڕێزگرتن لەو دەنگەی پێی داویت، بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بەشێك دەبێت لەو «التسویق السیاسیة»یە كە لە ماوەی چوار ساڵدا پارتەكان دەیكەن. ئەوەی دەبینین كە دەنگدەر تۆراوە و ئاشت نابێتەوە و دەنگ نادات، یان متمانەی نەماوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەندێك لە پارتەكان پاداشتی دەنگەكەیان نەداوەتەوە بە وەرگر، كە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و داواكارییەكانیەتی. بۆیە دەكرێت بەشێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردن خستنەڕووی ئەو بەڵێنە جێبەجێكراوانەش بێت كە پێشتر دراون بە دەنگدەر لە بەرامبەر دەنگەكەی.

هەڵمەتی هەڵبژاردن وەك بەشێك لە بازاڕگەری، ڕاستە كێبڕكێ و ململانێیە، بەڵام لە ناو بازاڕگەرییش ئیتیك هەیە. وڵاتانی پێشكەوتوو بە یاسا و ئیتیك ڕێكیان خستووە. ئەوەی تێبینی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان لەم هەڵمەتەی هەنووكە تیایداین، دوو جۆر بازاڕ دروست بووە كە پارتەكان نمایشی خۆیان و كاندیدەكانیانی تیادا دەكەن، بازاڕێك كە خەریكی هێرش و شكاندن و جنێوە، بازاڕێكیش خەریكی نمایشی كار و چالاكی و مێژووی دەستكەوتی خۆیەتی و بە بەرپرسیاریەتی و بە هێمنی لەسەر بنەمایەكی ئیتیكی دەیخاتەڕوو، كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشڕەویی ئەو جۆری دووەمە دەكات. لە ستراتیژی هێرشكردن و داكۆكیكردن هاتووەتە دەرەوە، چونكە خۆی بە خاوەن و بەرپرس دەزانێت بەرامبەر خەڵك و نیشتمان و نایەوێت كەس بریندار بكات و سەنگەكەی لەو ئاستەدا نییە كە هێرش بكات، یان خۆی بە تاوانبار بزانێت، تاكو داكۆكی لە خۆی بكات. بەرهەم و دەستكەوتەكان و مێژوو و ڕەفتار و كرداری سەركردەكانی هێندە جوان و بەهێزن لە بازاڕەكاندا پێویستی بە قاڵ و هەرا و بانگ و هاوار نییە، خەڵك خۆی لێی كۆدەبێتەوە، چونكە لە بازاڕی هەڵبژاردن هەر كەس لە ماڵی خۆی هاتووەتە دەرەوە و خۆی نمایش دەكات، كە خاوەنی بەرهەمێكی جوان بوو، پێویستی بە خەڵك شكاندن و پەڕەی كۆنی كەس هەڵدانەوە نییە، بە سەنگی خۆی مامەڵە دەكات، خۆی لە بازاڕی جنێودان و هێرش و شكاندنی بەرامبەر كشاندووەتەوە و ئەڵێت: من ئەوەم. ناڵێت: تۆ ئەوە نیت، یان خراپیی تۆ ئەوەیە، ئەمەیە دەوروبەرەكەیشی سەرسام دەكات، بەڵام نەیاران تەقەبولی ناكەن، چونكە جیاواز دەركەوتووە، ئەمەش بنەمای بەهێزیی ماركێتینگێكی زانستییە،ئینگلیز دەڵێت: «‌Difference make a Difference»، واتە جیاوازی، جیاوازی دروست دەكات، لە بازاڕگەرییش كەی سەركەوتوویت؟ كاتێك تۆ جیاواز بیت لە ئەوەی دی. پارتی بە دەرخستنی كارەكانی خۆی جیاوازیی خولقاندووە، بە هەڵمەتی نەرم و نۆرمێكی دی كە پێشتر نەبووە، بەوەش سەرنجی یار و نەیاری ڕاكێشاوە. ئەمە جگە لەوەی بە سەنگ و بەرپرسیاریەتەكەی دەیەوێت كولتووری شكاندن و جنێودان و سووكایەتی و ناوزڕاندن و ململانێ و ناكۆكی بسڕێتەوە، نایەوێت لەوە زیاتر سەردڵی هاووڵاتیانی نیشتمانەكەی بەو گرژییانە قورس بكات، لەلایەكی دیكەشەوە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتەڕوو بۆ دەنگدەر و دەڵێت: من ئەمەم، ئەوو مێژوومە، ئەوە حزبمە، ئەوە سەركردەمە، ئەوە كاركان و دەستكەوتەكانمە و ئەوەم پێ كراوە تا ئێستا بۆتان، ئەوەشم پێ دەكرێت بۆ ئایندەتان، تاكو دەنگدەر بە بەرچاوڕوونی دەنگ بدات، نەك خۆ بە محەمەدی مەهدی نیشان بدات و مژدەی بەهەشت بە خەڵك بدات و چەواشەكاری بكات، بۆیە ئەم هێزە كە توانی ئاوا بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بكات، بەم سەنگەوە دەتوانێت لە بەغدا بێت و، هاونیشتمانییەكانیش ئایندەی خۆیانی پێ بسپێرێن.

 

Top