مارەیی كەم گەرەنتیی ژیانی هاوبەشە و ئایینی ئیسلامیش جەخت لە كەمیی مارەیی دەكاتەوە

مارەیی كەم گەرەنتیی ژیانی هاوبەشە و ئایینی ئیسلامیش جەخت لە كەمیی مارەیی دەكاتەوە

 

 

هاوسەرگیری یەكێكە لە پرۆسە هەرە گرنگەكانی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەردەوامیی بە ژیان دەدات. هاوسەرگیری سوننەتی كەونە و فەرمانی خودای باڵادەستە و سوننەتی گشت پێغەمبەرانە (سەلامی خودایان لەسەر بێت) بۆیە خودای گەورە زۆر بە گرنگی باسی لێوە دەكات و دەفەرموێ: وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ (21)الروم ..

واتە: خودای گەورە دەفەرموێ: یەكێك لە بەڵگە و نیشانەكانمان هەر لە نەفس و لاشەی خۆتان هاوسەرمان بۆ هێناوەتە بوون، بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسوودەیی لەلایان بەدەست بێنن و، دواتر سۆز و بەزەیی و لێبوردنمان لە نێوانتاندا داناوە، ئەمەش بەڵگە و نیشانەن بۆ گەلانێك و كەسانێك كە تێدەفكرن، ئەوەیان بە پەیمان و گرێبەستێكی زۆر گرنگ هەژمار كردووە، بۆیە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ: (وَأَخَذْنَ مِنكُم مِّيثَاقًا غَلِيظًا ) (النساء : 20-21)..

واتە: بەڵێنێكی پتەو و قورسمان لێتان وەرگرتووە، ئەمەش دەربارەی پێدانی ماف و مارەیی ئافرەتانە لەلایەن پیاوەكانیانەوە .

هەروەها پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، دەفەرموێ: (خير النكاح أيسره) رواه ابن حبان. واتە: باشترین هاوسەرگیری ئەوەیە كە ئاسانكاری بۆ دەكرێت) لە هەموو ڕووەكانیەوە.

لە فەرموودەیەكی دیكە دەفەرموێ: (خير الصداق أيسره) رواە الحاكم والبیهقی، واتە: باشترین مارەیی كەمەكەیانە .

هەروەها لە فەرموودەیەكی دیكە دەفەرموێ: (أقلهن مهرًا أكثرهن بركة)

واتە: ئەو كچ و ژنانەی مارەییان كەمترە، خێر و بەرەكەتی زیاتریان لە گەڵدایە .

بۆیە دەبینین كە ئەم ڕۆژگارە چەندە جیاوازە لەگەڵ سەردەمانی باوك و باپیرانمان، ئەو كات مارەیی كەم بوو، ڕێژەی جیابوونەوە نەبوو، یان هەر زۆر كەم بوو و ژیانێكی سادە و پڕ لە بەختەوەری بوو، بەڵام ئێستە مارەیی زۆرە و جیابوونەوەش ئێجگار زۆرە و ژیان پڕە لە كێشە و گرفت و هیج بەهایەك بۆ بەختەوەریی هاوسەر و خێزان نەماوە.

بە بۆچوونی من هۆكار زۆرن بۆ خراپی هاوسەرگیری و شكست خواردنی ئەم سەردەمە كە بریتین لەم چەند خاڵە:

1-  داواكاریی زۆری ماڵە باوانی كچ لە زۆریی ڕێژەی ئاڵتوون و مارەیی .

٢- تێكنەگەیشتن لە نێوان هەر دوو هاوسەر.

٣- بەشوودانی كچ لە تەمەنی بچووكیدا .

4- جیاوازیی زۆری نێوان تەمەنی ژن و مێرد.

5- بەزۆر بەشوودان، هەرچەندە ئەمە لە ئێستادا كەم بۆتەوە.

6- پێكهێنانی ژیانی هاوسەری لە ژێر ناوی خۆشەویستی، كە پڕە لە درۆ و هەڵخەڵەتاندن و تەڵەكەبازی.

٧- نەمانی ڕێز و خۆشەویستی لە نێوان ژن و پیاو.

٨-جیاوازیی بیر و ڕا و ئاستی خوێندەواری و ...هیتر.

ئیتر كچ تا داخوازی نەهاتووە، بە كەمترین شت ڕازییە و دەڵێت سەقەت و كوێرنەبێت و بە ئەخلاق بێت، هیچی ترم ناوێت، بەڵام كاتێك كوڕێكی جوان و قۆز دێتە خوازبێنی، ئیتر ئەمە داخوازی بووكەخانە: (ماڵی جیا + ئاڵتوونی زۆر و ئۆتۆمبێلێكیشی دەوێت +سەفەر و سەیران لە هەموو كاتێك + لە هەموو مودێلێك لە جلكان دەرچێت، ئەو دەیكڕێت + هەر شاییەك هەبێت، بەشداری دەكات و پیاوەكەی نابێت ڕێگربێت + ناوماڵێكی تەواوی دەوێت و دەیان داواكاریی دی).

بەداخەوە زۆر لە ئافرەتان لەبەر داواكاریی زۆریان بۆ خشل و زێڕ و ناوماڵ، كەسانی خوازبێنیكەر لێیان دەكشێنەوە، لە كۆتاییدا ئافرەتەكە بە قەیرەیی دەمێنێتەوە و تووشی بێ هیوایی دەبێت.

هیوادارم لە هەموو لایەكەوە ئاسانكاری بۆ كچان و كوڕان بكرێت بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەرییان .

هاوكات پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەنددارەكان پلان و بەرنامەی گشتگیر و هەمەلایەنیان بۆ توێژی گەنجان هەبێت، پێویستە بە هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدرێت ئاسانكاری بۆ ئەو كچ و كوڕانە بكەن كە ئامادەییان هەیە بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوبەش و ئیمكانیاتی ماددیان نییە، هەروەها دەكرێ حكومەت بەشێوەی ئەقسات و پشك یەكەی نیشتەجێ بۆ گەنجان دروست بكات و مانگانە بڕە پارەیەكی رەمزیان لێ وەربگرێتەوە، ئەوە وا دەكات كە هەم گەنج ئاسوودە بێت و بارگرانی نەكەوێتە سەرشانی خۆی و خانەوادەكەی هەمیش كۆمەڵگە لە خراپەكاری پارێزراو دەبێت.

 

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

Top