ستیڤن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان:   نەوەیەك دروست بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە نایەوێت لە حاڵەتی شەڕێكی هەمیشەییدا بێت لەگەڵ جیهاندا

ستیڤن سیمباڵا  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان:     نەوەیەك دروست بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە نایەوێت لە حاڵەتی شەڕێكی هەمیشەییدا بێت لەگەڵ جیهاندا

 

 

ستیڤن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا، نووسەری چەندین كتێبە لە بارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری، سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرس و پەرەسەندنێكی دیكەی نێو ئەم ناوچە پڕ لە كێشە و ئاڵۆزییە.

 

* سەرەتا دەمانەوێت لە پرسیارێكی گشتییەوە دەست پێ بكەین، ئێوە چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەڕوانن لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی كە ئێستا ئەو تێڕوانینە دروست بووە كە ئەمریكا دەیەوێت ئەوەندەی پێی بكرێت، خۆی بە دوور بگرێت لە كێشە و گرفتەكانی ئەم ناوچەیە، واتە ئەوەندەی دەكرێت لەم ناوچەیە بكشێتەوە؟

- بە باوەڕی من كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەری و دەرئەنجامی كارەساتباری لێ دەكەوێتەوە، ئێوە بڕوانن دوای كشانەوەی ئەمریكا لە وڵاتی ئەفغانستان چی ڕوویدا. دواتر ئەوەی ئەمریكا، یان بە دیاریكراوی سەرۆك جۆ بایدن ڕایگەیاند لە بارەی گەلی ئەفغانستانەوە مایەی سووكایەتیپێكردن بوو، كاتێك ڕایگەیاند كە ئەوان گەندەڵن و نایانەوێت شەڕ بكەن و ئازایەتی شەڕكردنیان تێدا نییە. مەبەستم ئەوەیە دوای جێهێشتنیان دەیەوێت بە سووكایەتیپێكردنیان پاساو بۆ بڕیار و هەنگاوەكەی خۆی بهێنێتەوە. كەواتە پێم وایە دەبێت ئەمریكا پێداچوونەوەیەكی تەواو بە سیاسەتەكانیدا بكات. ئەوەتا 20 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ڕووداوەكانی 11ی سێپتەمبەردا، واتە دەبێت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەست لەو دیدگا و جیهانبینیيە هەڵبگرێت كە جیهان پڕە لە هەڕەشە و مەترسی و دوژمن و دەبێت بەرەنگارییان ببینەوە، لە بری ئەوە دەبێت وا لە جیهان بڕوانێت كە پڕە لە دۆست و هاوپەیمان، چونكە كاتێك وا سەیری جیهان دەكەیت كە پڕ لە دوژمن و كاتێك شەڕ لەگەڵ ئەو دوژمنانەشدا دەكەیت، ئەوا تۆ بەهێزیان دەكەیت و تواناداریان دەكەیت و پێگەیان بەهێز دەكەیت. كاتێك ئەو ڕێكخراوەی پێی دەڵێن داعشی خوراسان كە لە چەندین لێدوانی بایدندا ئاماژەی پێ كرا، بە چەشنێك وا هەست دەكرا ئەم ڕێكخراوە ڕكابەری ئەمریكایە، چونكە هەستی دەكرد لە پێگەیەكی بەهێزدایە، لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنترین هێزی جیهاندا كەوتبووە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕەوە. لێرەدا پوختەی قسەكە ئەوەیە كە كاتێك ئەمریكا هەموو تەركیزی خۆی لەسەر دوژمنەكانی چڕ دەكاتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین كە لە هەمان كاتدا دۆستەكانی لاواز دەكات. كەواتە دەبێت لێرەدا ئەوە دووپات بكەمەوە كە ئەمریكا دەبێت بەو شێوەیە لە جیهان و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانێت كە ئاواتی گەلەكانیان لەگەڵ دیدگای ئەمریكا بۆ جیهان یەك دەگرێتەوە. واتە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو ڕاستییە ڕەچاو بكات كە ئەم گەلانەش دەیانەوێت لە ئاشتیدا بژین و ئازادی بەدەست بهێنن و، نایانەوێت لە حاڵەتێ شەڕی هەمیشەییدا بن لەگەڵ جیهاندا. كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا تەنیا لە ڕوانگەی پرسی تیرۆریزمەوە لەم ناوچەیە دەڕوانێت، بە چەشنێك كە ئەگەر تۆ كەسێك، یان هاووڵاتییەكی ئەمریكی بیت، ئەوا وا دەزانیت سەرجەم خەڵكی ئەم ناوچەیە تیرۆریستن، هەر لە مەغریبەوە بۆ ئەفغانستان و هەر لە مەراكیشەوە بۆ بەنگلادیش، لەبەر ئەوە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لایەنە ئیجابییەكان ببینێت و، تەنیا خۆی سەرقاڵ نەكات بە لایەنە سلبییەكانەوە. دواتر دەبێت ئێمە ئەوەمان لە یاد بێت كە ئەزموون سەلماندوویەتی هەر كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ دۆستەكانیدا كاری كردبێت، ئەوا دەرئەنجامی بەدەست هێناوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2008دا ئەمریكا كاری لەگەڵ ئەنجومەنەكانی سەحوە كرد لە عێراقدا و لە دەرئەنجامدا ڕێكخراوی ئەل قاعیدەی لە عێراقدا ڕیشەكێش كرد. بەڵام كاتێك پشتی تێكردن و تەنیا تەركیزی لەسەر شەڕەكە كرد لە دژی داعش، ئەوا تەواوی ناوچەكەكانی وێران كرد، ئەوە بوو مووسڵ و فەلوجە و ڕومادی بە تەواوەتی وێران كران. تەنانەت كڵێسەكەی مووسڵ بە بۆردومانی ئەمریكییەكان وێران كرا، نەك بە هێرشی داعش. مەبەستم ئەوەیە ئەمریكا هیوا و ئومێدێكی بۆ هاوپەیمانەكانی جێ نەهێشت. كەواتە لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین كە هێنانەئارای گۆڕانكارییەكی كەم لە دیدگا و جیهانبینیدا، جیاوازییەكی گەورە و بەرچاو دروست دەكات لەسەر ئەرزی واقیع.

* هەندێ لە شرۆڤەكاران ئاماژە بە ڕوودانی پەرەسەندنی ئەرێنی دەكەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەك پرسی ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی، بە بۆچوونی ئێوە هۆكار و پاڵنەری ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتنانە چین و ئایا دەبنە هۆی برەودان بە سەقامگیریی ناوچەكە و كەمكردنەوەی بارگرژی و ئاڵۆزییەكان و ئایا ئەم ڕێككەوتنانە بەردەوام دەبن؟

- سەرەتا دەبێت بڵێین: تەنیا شەڕخوازان سوود لە هەڵگیرسان و درێژەكێشانی شەڕ وەردەگرن، دواتر دەبێت من ئەوە بڵێم كە پێم وایە ئەمانە ڕێككەوتنی ڕاستەقینەی ئاشتین، واتە ڕاستە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا- بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن- بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان وەسفیان دەكات، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە كە لە ڕاستیدا ئەمانە ڕێككەوتنی ڕاستەقینەی ئاشتین. چونكە پێشتر سەرتاپای جیهانی عەرەبی لە حاڵەتی شەڕدا بوون لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئەوە بوو هەندێ لەم وڵاتانە بڕیاریان دا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو ڕێگای باشتر و میكانیزمی گونجاوتر هەیە بۆ بەدیهێنان و برەوپێدان بە ئامانجەكانیان، لە بری ئەوەی لە حاڵەتی شەڕێكی هەمیشەییدا بن. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە هەڵەكە لەوەدا بوو كە ئەم ڕێككەوتنانە ئەو نادادی و ستەمانەی لەبەرچاو نەگرت كە دژ بە فەلەستینییەكان دەكرێن، چونكە دەرفەتی ئەوە هەبوو كە ئاشتی لە فەلەستینیشدا بەرپا بكرێت، هەروەها دەرفەتی ئەوە هەبوو كە وەبەرهێنان لە فەلەستیندا بكرێت، بەڵام بە داخەوە ئەم دەرفەتە لە دەست چوو.

* ئێوە باسی حاڵەتی شەڕی هەمیشەییتان كرد كە هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە نایانەوێت چیتر خۆیان لەم بارودۆخەدا ببیننەوە، بەڵام ئێمە دەزانین كە شەڕەكان كۆتایی نەهاتووە و هەمیشە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە ئارادایە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟

- ئەوە ڕاستە، بەڵام دەبێت ئێمە تێچوو و بارگرانیی شەڕ، یان دەرئەنجامەكانی شەڕ لەبەرچاو بگرین، ئێوە بڕوانن شەڕی غەززەی ئەم دواییە چەند وێرانكاری لێكەوەتەوە، هەروەها شەڕەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، كە لێرەدا مەبەستمە بڵێم شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیل نەك شەڕی لوبنان و ئیسرائیل، چونكە حزبوڵا تاكلایەنە بڕیاری شەڕەكەی دا، وڵاتەكەشی ڕاكێشایە نێو شەڕەكەوە. هەروەها بەردەوام هەڕەشە و مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا، كە هەموو ئەمانە تێچوون و بارگرانییەكی ئابوورییان هەیە بەسەر لوبنانەوە. چونكە لەم بارودۆخەدا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان ڕادەوەستن، كەرتی گەشتوگوزاری لەم وڵاتەدا لاواز دەبێت، كەرتی خانووبەرە سست دەبێت، واتە هەڕەشە و مەترسییەكانی بەرپابوونی شەڕ، بارگرانیی و تێچوونێكی قورسی لەسەر ئابووریی وڵاتەكە هەیە. كەواتە بوونی ئەم هەلومەرجە و هەروەها قەیران و كێشە سیاسییە قووڵەكانی نێو وڵاتی لوبنان، بوونە هۆی ئەوەی تەنگژە لە نێوان لوبنان و وڵاتانی كەنداودا ڕووبدات، بە دیاریكراوی سعودیە و ئیمارات و كوەیت، ئەوە بوو ئەم وڵاتانە هەڵوێستیان لە ئاست لوبناندا گرتەبەر، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو حزبوڵا دەستی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرتووە. كەواتە كاریگەرییە كەڵەكەبووەكانی هەموو ئەم قەیران و بارودۆخانە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتەكە بەرەو ئەو داڕووخانە بچێت. كە بەهای دراوی وڵاتەكە بە جارێك دابەزێت و، بازاڕی ڕەش بێتەئاراوە و حكومەتیش نەتوانێت بڕیاری كار و یەكلاكەرەوە بدات و هەر بە ئیفلیجی بمێنێتەوە.

* بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانەكانیش دەرئەنجامی خوازراویان لێ ناكەوێتەوە، بە تایبەتی كە بینیمان تەنانەت بەهاری عەرەبییش نەیتوانی گۆڕانكاریی خوازراو و چاوەڕوانكراو بێنێتەئاراوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دۆخی ئەم وڵاتانە جێگای نائومێدییە، یان هێشتا دەتوانرێت هیوایەك لە ئاسۆدا بەدی بكرێت؟

- من پێم وایە بوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی باشە، چونكە ئەم بزواتە پێمان دەڵێت كە نەوەیەكی نوێ لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا دروست بووە كە نایانەوێت و خوازیاری ئەوە نین لە حاڵەتی شەڕێكی هەمیشەییدا بن لەگەڵ سەرجەم جیهاندا، واتە گەلانی ئەم ناوچەیە نایانەوێت ببنە وڵاتێكی وەك كۆریای باكوور و كوبا و فەنزویلا. بە كورتییەكەی من پێم وا نییە گەلانی ئەم ناوچەیە بیانەوێت بە ئاراستەی ئەوەی پێی دەڵێن میحوەری مقاوەمەدا بڕۆن، واتە لە شەڕ و تێهەڵچوون و بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەدا بن لەگەڵ ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی كەنداو لەگەڵ هەموواندا.

Top