بەخشینی خوێن بەخشینی ژیانە

بەخشینی خوێن بەخشینی ژیانە

 

لەژێر ئەو دروشمە پیرۆزە مرۆڤایەتییەدا، دوو كەسی ئەو كوردستانە شەو و رۆژ لە پێناو پێدانی ژیان و بەخشینی خوێن، ئامادەی هەر هانا و بانگەوازێكن، كە وەك پۆلیسی خێرا و بە هاناوەهاتنن و دەستەوەستان نین و، خزمەتێكی گەورەی مرۆڤایەتی دەكەن، ئەوانیش عەبدولقەهار خوێنبەخش و بەختیار زراریی بانكی خوێنن، ئەو دوو كەسە بە دوو كەسایەتیی ناسراو لەسەر ئاستی هەموو كوردستان جێی دەست و پەنجەیان دیارە لە یارمەتیدانی خەڵك لە بەخشینی خوێن، سەرەتا عەبدولقەهار دەڵێ: «ئەو كارەی دەیكەین بە خۆڕاییە و بەبێ بەرامبەرە، هەموو كات و ساتێك ئامادەین كە خوێن ببەخشین، زیاتر لە 10000 ئەنداممان هەیە، یەكێك لە ئەندامەكانمان كە ناوی سەعدوڵا عەبدولڕەحمانە، زیاتر لە 100 بتڵ خوێنی بەخشیوە، منیش وەك خۆم لە تائێستا 68 بتڵ خوێنم بەخشیوە، ئێمە هەمیشە لە خزمەت مرۆڤایەتیدا دەبین، بەبێ ئەوەی هاوكارییەكی ماددی و مەعنەویی حكومەتمان پێ بگات، تەنانەت لە نیوەی شەویشدا كاتێك كەسێك پێویستی بە خوێنە، ئەندامەكانمان ئەوەی لەو جۆرە خوێنە بێت، خۆی دەگەیەنێتە ناوەندەكانی خوێنبەخشین و ژیانی كەسێك رزگار دەكات»، بەختیار زراریش كە خوێنبەشێكی دیكەیە، دەڵێت: «وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی تائێستا زیاتر لە (49) بوتڵ خوێنم بەخشیوە، خوێن بەخشین ئەركێكی پیرۆزە، جگە لەوەی چەندین رێكخراو هەن، هەروەها كۆمەڵە و خەڵكی بە ئەمەكمان هەن، كە هەموو كات و ساتێك ئامادەن بۆ خوێنبەخشین، بەخشینی خوێن حەقی بەسەر هیچ شتێكی دیكەوە نییە، ئەرك و فەرزێكی مرۆڤایەتییە و گرنگە لە ژیانماندا، مرۆڤ دەتوانێت هەشت مانگ جارێك خوێن ببەخشێت، بەڵام من لە پێنج مانگدا خوێن بدەم، بەبێ ئەوەی بانگ بكرێم خۆم دەچم خوێن دەبەخشم، چونكە كەسانێك پێویستیان بەو خوێنە هەیە، خوێنبەخشین چەندین سوودی جۆراوجۆری هەن، لەوانە: سەر ئێشە ناهێڵێت، هەست و دەروونت ئارام دەكاتەوە، جگە لەوەی ئەركێكی مرۆڤایەتییە، هەروەها یارمەتییەكی پێویستی ژیانە بۆ كەسێكی دیكە، تا ژیانی لە مەترسی رزگار بكەیت.

 

Top