كۆتاییهاتنی وەهمی زۆرینە و گەڕانەوەی ناچاری بۆ شەراكەت و هاوسەنگی
ئیدارەی جۆزیف بایدن بە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق دلخۆشە و ئامادەباشیی ئیدارەكەشی پیشان داوە كە ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق بكات، پێشوەختەش پشتگیریی خۆی بۆ پیشان داوە، ئەم خۆشحاڵییەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە چەند خاڵێكی لێ دەخوێندریتەوە كە بریتین لە:
1- لە ناو پێكهاتەی شیعەی عێراقدا (خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بە ڕێگەی زۆرینە و كەمینە) بووە بەشێك لە ڕابردوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر دوو لایەنی سەدر لە لایەك و دەوڵەتی یاسا و هاپەیمانیی فەتح لە لایەكەی دیكە، لەبەر دابەشبوونی نێوماڵی شیعە، خۆیان لە یەك هاوپەیمانیدا بۆ كۆناكرێتەوە و پێویستیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ كورد و سوننە هەیە، كورد و سوننەش بەو مەرجە بەشدار دەبن كە خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی وەلا بنرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناو چوارچێوەی دەستووری عێراق و سەرلەنوێ لەسەر بنەمایەكی دروست دووبارە عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بونیاد بنرێتەوە.
2- ئاكامی دەنگدانی كورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بە ڕێژەی 80% دەنگی خۆیان داوە بە هەر دوو لایەنی سەرەكی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان) ئەم دوو لایەنە سەرەكییە كە پێكەوە لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریكن، ئاكامێكی دڵخۆشكەرە بەوەی كە دەنگدەرانی كوردستان ئەو هێز و لایەنانەیان سزا داوە كە بەردەوام بانگەشەی عێراقچێتییان دەكرد و هەوڵەكانیان بۆ ڕووخاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان خستبووەگەڕ، بۆیە ئەمجارە نوێنەرایەتیی كورد لە پرۆسەكە لە دەستێكی ئەمیندا دەبێت و پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان سەنگ و شكۆی زیاتر دەبێت.
3- بە هاوشێوەی دەنگدەرانی كورد، دەنگدەرانی عەرەبی سوننە بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز دەنگیان بە هەر دوو لایەنی قەوارەی تەقدوم و هاوپەیمانیی عەزم داوە، ئەوجا چ حەلبوسی سەرۆكی قەوارەی تەقدوم و چ خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم كە بۆچوونێكی قەومیی عەرەبی سوننەیان هەیە، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی خەوبینیی سوننە بە حوكمڕانیی عێراقەوە بووەتە بەشێك لە ڕابردوو، ئەوا لە ئێستادا نە بایكۆتی پرۆسە سیاسیەكە دەكەن، نە چارەنووسی خۆشیان بە حزبە ئیسلامییەكانەوە گرێ دەدەنەوە، بەڵكو بیر لە داهاتووی كۆمەڵگەی عەرەبی سوننە دەكەنەوە، كە ئەم بیركردنەوە تازەیەش پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی ئاسانتر دەكات.
ئەم سێ وەرچەرخانە گرنگە كە ئاكامی هەلبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق لەناو كۆمەڵگەی هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە دروستی كردووە، ڕەخساندنی ئەو زەمینەیەیە بۆ جێبەجێكردنی بیرۆكەی فیدڕاڵییەتی ڕاستەقینە لە عێراقدا كە لە ساڵانی 2006 و 2007 خودی جۆزیف بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا و ئەو كات سەرۆكی لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی سەنات ناوی ڵینابوو دابەشكردنی نەرم (Soft partition).
ڕیشەی پرۆژەی دابەشكردنی نەرم كە لە چوارچێوەی پرۆسەی فیدڕاڵیەتی عێراق ڕەگی خۆی داكوتاوە، لەو بیرۆكەیەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەر سێ پێكهاتەی (كورد و سوننە و شیعە) ناتوانن پێكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەنتراڵی پێكەوە بژین، ئەوجا بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان لە نێوانیان دروست بكرێت و عێراقیش وەك دەوڵەت لەبەریەك هەڵنەوەشێت، ئەوا تەنیا دەروازە بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە ئەوەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا هەر سێ پێكهاتەكە لە سەر ئاستی لۆكاڵ خۆیان حوكمڕانیی خۆیان بكەن و لە سەر ئاستی دەوڵەتی فیدڕاڵیش پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بن.
عەرەبی شیعەی عێراق، لە دوای پرۆسەی ڕووخانی ڕژیمی بەعس و سەدام، بە گەرمی پێشوازییان لە پرۆسەی فیدڕاڵی دەكرد، بەڵام عەرەبی سوننە دژی دەوەستانەوە، ئەمەش زەمینەی بۆ ئەوە ڕەخساند كە شیعەی عێراق هەوڵبدەن چەمكی فیدڕاڵییەت لە عێراقدا نەمێنێت و هەنگاویان بۆ دەوڵەتیكی ئۆتۆكراتی ئایینی هەڵگرت و، داوای حوكمڕانیی زۆرینە و كەمینەیان دەكرد، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، عەرەبی شیعەی لە عێراقدا خستووەتە دووڕێیانێكەوە، یان ئەوەیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناو دەستوورەكە و سەرلەنوێ عێراقیكی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە بونیاد بنرێتەوە، یان ئەوەیە موجازەفە بە حوكمڕانیی شیعە بكەن و عێراقیش لەبەریەك هەڵبوەشێت.