مەیسەر عوبێد سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   پێویستە كەرتی تایبەت ڕێك بخرێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ خوڵقاندنی هەلی كار هاوكار و هەماهەنگی حكومەت بێت

مەیسەر عوبێد  سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     پێویستە كەرتی تایبەت ڕێك بخرێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ خوڵقاندنی هەلی كار هاوكار و هەماهەنگی حكومەت بێت

 

 

نكوڵی لەوە ناكرێت كە لاوان هێز و توانای كۆمەڵگەن و لەبەرچاوگرتن و برەودان بە كارامەیی و تواناكانیان، كۆمەڵگە بە ئاراستەی باشتر و گەشەكردووتردا دەبات، بە پێچەوانەوە ئەگەر لاوان بێ ئومێد و بێكار بن، ئەوا كۆمەڵگەكەش دووچاری كێشە و گرفتی گەورە دەبێتەوە، ئەم پرسانە و پرسی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی لاوانی كوردستاندا، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ مەیسەر عوبێد سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان .

 

* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین: ئایا تێڕوانینی یەكێتییەتان بۆ لاوان چییە و چۆن لە ڕۆڵ و بەشداریی لاوان لە پێشكەوتنی كوردستان دەڕوانن و چۆن گرنگیتان بە لاوان داوە؟

- لە ڕاستیدا دەبێت ئەوە بڵێین كە هەمیشە لاوان بەو شێوەیە پێناسە كراون كە بزوێنەری كۆمەڵگەن و هەوڵدەدەن لە پێناو بەدیهێنانی ژیانی باشتردا، بەردەوام لە گۆڕانكاریدا بن، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر تەماشای شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازیی كوردستان بكەین، دەبینین لەسەر دەستی لاوان هەڵگیرساون، بارزانیی نەمر كە شۆڕشی ڕزگاریخوازی دەست پێ كرد، لاو بوو، پاشان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە بووە پێشمەرگە هەر لاو بوو، تا ئێستاش هەر لاوانن كە لە كایەكانی حكومەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كەواتە لە هەموو سەردەم و ڕۆژگارێكدا لاوان هەوڵیانداوە خۆیان بگونجێنن و گۆڕانكاری بە ئاراستەی ئەرێنی و گەشەكردندا ببەن و، هەر لاوانن هەوڵدەدەن ژیان و گوزەرانێكی باشتر و شیاوتر و ئاسوودەتر بۆ كۆمەڵگە بێننە دی.

* یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان چ پڕۆژە و كار و پلانێكی بۆ لاوانی كوردستان هەیە؟

- ئێمە بۆ خزمەتكردنی لاوان لە بوارەكانی ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشیدا كار و چالاكیی بەرچاومان ئەنجام داوە، یەكێك لەو كارانەمان خولی بارزانیی نەمر بوو، كە خولێكی سەرتاسەری بوو لە هەموو هەرێمی كوردستاندا و بە سەدان هەزار لاوی كوردستان تێیدا بەشدار بوون، بەتایبەت ئەوانەی ئارەزوویان لە وەرزش بوو، لەم ڕووەوە كەرنەڤاڵی هونەریی میللی لە هەولێر ئەنجام درا و، لە بواری ڕۆشنبیریدا چەندین ڕاپرسیمان كرد لەسەر بێكاری و كۆچ و ماددەی هۆشبەر و ئەو یاسایەی كە لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەوە دەرچوو. هەروەها چەندین كار و خول و چالاكیی دیكەمان ئەنجام داوە، بۆ نموونە: لەسەر ژینگەپارێزی و خوێنبەخشین بۆ نەخۆشانی تالاسیما و زۆر كار و پڕۆژەی دیكەش. واتە بە شێوەیەكی گشتی، ئێمە لەسەر ئەو سێ گۆشەی كە شارستانێتیی مرۆڤایەتی لەسەر دروست بووە (هونەر و ڕۆشنبیری و وەرزش)، كارو پلان و بەرنامەی زۆرمان ئەنجام داوە، بەڵام بەداخەوە دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا دۆخێك دروست بوو، كە كاریگەریی نەرێنیی هەبوو لەسەر كار و چالاكییەكانمان، ئەگەرنا ئێمە پڕۆژەی زۆر و گەورەمان هەبوو كە لە دەرەوەی هەرێم ئەنجامی بدەین، بۆ ئەوەی ببینە لۆبییەك لە نێوان لاوەكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دیكە، هاوكات لە ڕێگەی ئێمەوە چەندین لاو بەشدارییان لە خوڵ و فیستیڤاڵی وەرزشی و هونەری و ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان وەك: توركیا و ڕووسیا و ئەڵمانیا و ئازەربایجان و چەندین وڵاتی دیكە كردووە، بۆ لەمەودواش چەندین پڕۆژەی دیكەمان هەیە بۆ خزمەتی زیاتر و باشتری لاوانی هەرێمی كوردستان.

* ئێوە بۆ كەمكردنەوەوی بێكاری لەناو لاوانی هەرێم بەرنامە و پلانتان چی بووە و چۆن هەوڵتان داوە لاوان (بەتایبەتی دەرچووانی زانكۆكان) دابمەزرێن؟

- ئێمە لەم ڕووەوە ڕاپرسییەكمان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا سەبارەت بە بێكاری و دامەزراندن و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و دۆزینەوەی هەلی كار، ئێمە هەمیشە جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ژیانێكی خۆشتر و باشتر بۆ لاوانی كوردستان بڕەخسێندرێت، چونكە لاوانی كوردستان ماندوون، هەروەها لاوانی كوردستان بە درێژایی مێژوو هەوڵ و كار و تێكۆشانیان دیار و بەرچاو بووە، هەر بۆ نموونە: لە شەڕی دژی داعش چەندین شەهید و بریندارمان بەخشی، كە بەشی شێر بەر لاوەكانمان كەوتووە، هەر بۆیە لاوان شایانی زۆر شتی باشن، بەڵام ئێمە دەزانین لە دوای ساڵی 2014 بودجەی كوردستان لەلایەن بەغدا بڕا و، دواتر دووچاری شەڕی داعش بووینەوە و پەتای كۆرۆناش بڵاوبووەوە، كە هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە تووشی كۆمەڵگەی كوردستان و بەتایبەتیش لاوەكانمان بووەتەوە، ئەگەرچی ئەوەی ئێمە ئاگادارین حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە 150 هەزار هەلی كاری بۆ لاوان ڕەخساندووە، ئێمەش وەك ڕێكخراو، خولی پیشەیی جۆراوجۆرمان كردووەتەوە و لەبەرنامەشماندایە بۆ چەندین خولی پیشەیی دیكە بەردوام بین، تا ئەو بۆشایی و ئەو كارانەی پێویستیان بە توانا و هێزی لاوان هەیە، ئامادەیان بكەین و بۆشاییەكان بە توانا و هێزی لاوان پڕ بكەینەوە.

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان گرنگییەكی زۆر و تایبەت بە هێزو توانای لاوانی كوردستان دەدات، ئایا ڕۆڵی ئێوە وەك ڕێكخراوێكی لاوانی كوردستان چییە لەوەی كە لاوان و هێزی لاوان زیاتر لە كایەكانی حكومەت و دەوڵەت بەشدار بن؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان خۆی لاوە، كابینەی نۆیەم لە سەرۆك وەزیرانەوە بگرە تا وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان ئەو لاوانەن كە بەرهەمی هەشت كابینەی پێشوون، حكومەتی هەرێم زۆر بە جددی كار لەسەر تواناكانی لاوان دەكات و، لە ڕاستیدا گرنگیدان بە لاوان و بە توانا و هێزیان جێگای شانازی و خۆشحاڵییە، كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگیی زیاتر بە لاوان دەدرێت، هەر بۆ نموونە، چەندین وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گەنج هەن و، چەندین جومگەی دیكە لە دامودەزگاكانی حكومەت لەو كابینەیدا گەنجن، خۆ ئەگەر ئێستاش هەست بەو گۆڕانكارییە نەكەین كە هێز و توانای گەنجان كارا كراون، ئەوە لە داهاتوودا، یان دوو و سێ ساڵی دیكە زۆر بە جوانی هەست بەو كاریگەری و بەشدارییەی لاوان لە گەشەكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

* یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان یەكەم ڕێكخراو بوو كە یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ لاوانی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ كردووە، هاوكات چەند ساڵێك ئاهەنگی هاوسەرگیریی بەكۆمەڵی بۆ لاوانی كوردستان ڕێ خستووە و، ڕۆڵی لە پێدانی پێشینە بۆ هاوسەرگیری و چەندین كار و پڕۆژەی دیكەدا هەبووە، ئایا ئەو ڕێكخراوە ئێستاش پلان و بەرنامەی لەو جۆرە كار و پرۆژانەی بۆ لاوان هەیە؟

-ئێمە پێشتر ئەو بەرنامە و پڕۆژانەمان هەبوو، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە ڕاستە ئێمە ڕێكخراوێكی جەماوەریین، بەڵام هاوكات ڕێكخراوێكی سیاسیشین، كە كاری هەرە لەپێشینەمان پێگەیاندن و پێشخستن و ئامادەكردنی كادیر و كەسانی باش و بەتوانایە بۆ كۆمەڵگە و، خۆمان بە خاوەنی ئەوە دەزانین كە چۆن ژیانی لاوەكانمان باشتر و بەهێزتر بكەین. ئێستاش كار لەسەر ئەوە دەكەین ببینە ئەو پردەی كە فشار لەسەر حكومەت و حزب دروست بكەین، تا بەرنامەكانی خۆیان زیاتر بخەنە خزمەتی لاوان. بۆ وەڵامی ئەو پڕۆژە و بەرنامەشی كە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، بێگومان سەد لەسەد ڕاستە پێشتر ئەنجاممان داوە، بەڵام ئێستا كێشەی گەورەی لاوان هاوسەرگیری نییە، بەڵكو كێشەی ئێستای لاوان بێكاری و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونە و ئەوانەش دەبێت لەلایەن حكومەتەوە چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی زیاتر متمانە لە نێوان هاووڵاتی و حكومەت بەگشتی و لاوان و حكومەت بەتایبەت دروست بێت، كە ئەمەش پێویستی بە ڕێكخستن هەیە، كە حكومەت دەستەبەریان بكات، وەك دەستەبەری كۆمەڵایەتی و تەندروستی و دانانی سیستمی بانكی و...تاد، هەر كاتێك حكومەت ئەو كار و شتانەی بە تەواوی ڕێكخست، ئەوە هەنگاوێك گەنج دەچێتە پێش، چونكە ئەگەر 10 هەزار لاو پرۆسەی هاوسەرگیرییان بۆ ئەنجام بدرێت، لە كاتێكدا شوێنی نیشتەجێبوون و كاریان نەبێت، ئەوە كاریگەرییەكی خراپ لەسەر ژیان و بارودۆخی كۆمەڵگە دروست دەكات و، كاریگەری لەسەر كولتووری كۆمەڵگەش دەبێت، كە ساڵانە و ڕۆژانە دەبینین چەندین لاو لە داداگای شارەكانن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیریەكانیان و، ئەو هەڵوەشاندنەوەی خێزانانەش كاریگەری دەروونیی خراپ و بۆشایی زۆر لەسەر خێزان و كۆمەڵگە دروست دەكات، هەر بۆیە ئەو بابەت و كێشانەی لاوان لە كۆمەڵگەكەماندا تێی كەوتوون، ناتوانین تەنیا بۆ لایەنی حكومەتی بگەڕێنینەوە، بەڵكو هۆكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و زۆر شتی دیكە هەیە، تەماشا بكەین دەبینین ڕۆژانە چەندین لاو لە هەرێمی كوردستان بۆ هەندرەران و رێگەی هات و نەهات كۆچ دەكەن، چونكە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی لە شوێنێك دەگەڕێت كە لایەنی ئەمنیی پارێزراو و سەقامگیر بێت و، باری ئابووریشی باش بێت و كاری هەبێت، كۆچكردن بە مانای ئەوەش دێت كە كەسەكان بچنە شوێنێك خۆشتر بژین، من لە 26/12/2020 چوومە خزمەت جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارەكەدا جەنابیان فەرمووی هەرچی لاوان پێویستیان بێت، ئێمە پشتگیرییان دەكەین، یەكێ لەو پڕۆژانەمان شوێنی نیشتەجێبوون و پشتگیریی لاوەكانمانە بۆ هاوسەرگیری.

* ئایا هۆكاری ئەو كۆچەی ئێستای لاوان لە هەرێمی كوردستان كە رێگەی هات و نەهاتە و، وەك دەبینین لە میدیاكان تووشی چ نەهامەتی و كارەساتێك دەبنەوە، بۆچی دەگێڕیتەوە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟

- بە درێژایی مێژوو كۆچ هەبووە، من ناچمە ناو ئەو قسانە كە دەڵێت كۆچ شتێكی نۆڕماڵە، بەڵام ئەو كۆچە ئێستا لە كوردستان هەیە، بووەتە دیاردە، چونكە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار لاو لە كوردستان كۆچیان كردووە و، لە ئێستادا كۆچ زیاتر لە سێ وڵات هەیە، كە ئەوانیش عێراق و سووریا و ئەفغانستانن، هۆكاری كۆچ لەو سێ وڵاتە دەگەڕێتەوە، بۆ هەبوون و بەردەوامیی شەڕ و بێكاری، ترس و ناسەقامگیری، بێ باوەڕی و بێ متمانەیی، هەموو ئەو هۆكارنە وای كردووە كە گەنج كۆچ بكەن، ئەو گەنجانەی كۆچ دەكەن لە 80% تەماشایان بكەین هەر یەكەی زیاتر لە دە هەزار دۆلاری هەیە، بەڵام ئەو گەنجەی ڕۆژانە گوێی لێ دەبێت ئەوە داعش هات، ئەوە حەشد و پەكەكە هات و، لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان شەڕو ناسەقامگیری هەیە، ئەوە نزیكەی 600 گوندی سنووری لەگەڵ باكوور بە هۆی پەكەكەوە كۆچیان كرد بۆ شار و شوێنی دیكە، بەمانە لاوەكانمان زیاتر بۆ دەرەوەی هەرێم دەچن، كە دەگەڕێن بۆ ژیانێكی خۆشتر و ئاسوودەتر، لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2014 وە لە بەر قەیران و شەڕی داعش و چەندین بارودۆخی دیكە كە بەسەر هەرێمدا هاتووە، نەتوانراوە هەلی دامەزراندن بۆ گەنج و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕەخسێندرێت، واتە زیاتر لە 50 هەزار گەنج پاش چاوەڕوانی و ماندووبوونێكی زۆر دانەمەزراون، بڕینی بودجە و خراپیی گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش، هۆكاری دیكەن بۆ ئەوەی گەنجەكان بیر لە ژیانێكی دیكە بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رێگەی كۆچیان گرتووەتەبەر، كە دەیانەوێت وڵاتێكی دیكە هەڵبژێرن كە ژیانیان تێدا باشتر و سەقامگیرتر بێت و، هەلی كاریان دەست بكەوێت، لێرەدا داوا دەكەین و لە چەند ڕێگە و كەناڵی دیكەش ئاماژەم بەوە داوە، كە ڕێكخستن لە كەرتی تایبەت بكرێت، تا ببێتە هاوكار و هەماهەنگ لەگەڵ حكومەت، چونكە لە هەموو وڵاتانی دنیا دەستكەوتنی كار تەنیا لەلای حكومەت نییە، بەڵكو بۆی هەیە 20%ی لە حكومەت كاری دەست بكەوێت، ئەوەی دیكە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، ئەو بەرنامەیەی ئێستاكە كە حكومەتی هەرێم هەیەتی، كاتێك سەردەكەوێت كە گەنجەكانمان كاریان لە كەرتی تایبەت دەست بكەوێت و ژیانیان سەقامگیر و باش بێت.

 

 

Top