شانۆ لە كەركووك

شانۆ لە كەركووك

چیرۆكی شانۆی كوردی لە كەركووك بە لای كەمەوە بۆ 70 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، شانۆكارانی دێرینشار دەگێڕنەوە، شانۆ لە شارەكانی دیكەی باشووری كوردستاندا كێشەی ئەكتەری مێی هەبوو، بەڵام لە قوتابخانەكانی كەركووكدا كچان ڕۆڵی كوڕانیشیان بینیوە، بەر لەوەش، لە چایخانەكانی كەركووك و لە ماڵاندا، دابی حەكایەتخوانی لە شاردا گەرم بووە.

تاریق كارێزی

لە یەكەمین فیستیڤاڵی هونەریی كوردی كە ساڵی 1974 لە بەغدا بەڕێوە چوو، شانۆكارانی كەركووك لەسەر ئاستی كوردستاندا خەڵاتی شانۆیان بردەوە. گەورە هونەرمەندانی وەك سەلمان فایەق، فازڵ جاف، جیهاد دڵپاك، جەلیل زەنگەنە، مەهدی ئومێد و دەیان ناوی دیكە، نیو سەدە بەر لە ئێستا شانۆیان لە نێو شاری كەركووكدا كرد بوو بە هونەرێك، بۆ ڕەخنە و ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیركاری و ستەم.

جومگەیەكی دیكەی مێژووی شانۆی كوردی لە كەركووك بۆ ساڵانی سەختی دوای 1974 تا دەگاتە 2003 دەگەڕێتەوە، بەعسی داگیركەر بۆ ماوەی نزیكەی 30 ساڵ هەموو جۆرە چالاكییەكی هونەر و وێژەی كوردیی لە كەركووكدا قەدەغە كرد، شانۆكارانی شار لە سركی و جووڵە نەكەوتن، چەندین تیپی شانۆ لە شاردا دروست بوون، بوون بە هەناسەی هونەر لە شارێكی ژێر دەستی داگیركەردا، لە دوایین دە ساڵی سەدەی ڕابردووشدا تا ڕووخانی سەدام لە 2003، شانۆكارانی شار نەیانهێشت مەشخەڵی هونەری كوردی لە كەركووكدا خامۆش ببێت.

لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردووشدا، هونەری شانۆ لە كەركووك بەشێك بوو لە دۆخی مۆلەقی شارەكە، هەردەم بۆ هەر پێشهات و ڕووداوێك كە بەرۆكی شاری گرت بێت، شانۆكاران قسە و نمایشی خۆیان هەبووە. ئەگەرچی كەركووك لە زۆر ڕووەوە لە چاو شارەكانی دیكەی باشووری كوردستاندا بێنازی و فەرامۆشیی پێوە دیارە، سێبەری هەڕەشەی داگیركەری بەسەرەوەیە، بەڵام شانۆكارانی شار بەیداخی پێشەنگایەتیی هونەری شانۆی كوردییان لەسەر ئاستی باشووری كوردستاندا بە دەستەوەیە.

بۆ ئەم قسەیەی دواییان چەند نموونەیەكتان عەزر دەكەم:

لە چەندین فیستیڤاڵی دەرەوەی كوردستاندا لە (میسر و توونس و شوێنانی دیكەش)، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش، شانۆكارانی كەركووك نوێنەرایەتیی شانۆی كوردییان كردووە، تا ئێستا چەندین خەڵاتیشیان بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی كوردستانی باشوور و بەشەكانی دیكەی وڵاتیش، شانۆكارانی كەركووك هەمیشە ئامادە بوون و نمایشی شانۆكارانی كەركووك جێی شایستە بە خۆی گرتووە.

گەورەترین و قورسترین ئەرك كە شانۆكاران گرتوویانەتە ئەستۆ، چەكی ڕەخنە و بەرەنگارییە دژ بە داگیركەر و هەر هەڕەشەیەك كە لە خەڵكی كەركووك و ناسنامەی كوردستانیانەی شارەكە دەكرێت. بەر لە چەند مانگێك تیپی شانۆی ئاشتی نمایشی «ترسنۆكەكان مێژوو دروست ناكەن»ی هەم لە كەركووك و هەم لە گوندەكانی داقووق نمایش كرد، نمایشەكەیان پشتیوانی بوو لە جووتیارانی كورد، كە نەكا كۆڵ بدەن و خاك ڕادەستی هاوردەی داگیركەر بكەن.

زۆر ڕوون و ڕەوان دەكرێت بڵێین، شانۆ چەشنە هونەری هەرە كاریگەر و چالاكی ئێستای شاری كەركووكە، ڕاستە جۆرەكانی دیكەی هونەر (شێوەكاری، مووزیك، دراما، سینەما)ش تا ئەندازەیەكی باش ئامادەییان هەیە، بەڵام بۆ قسەكردن و هەڵوێست دەربڕین بەرانبەر بە هەر دیاردە و ڕواڵەتێك كە تەنگ بە كەركووك و كەركووكییەكان هەڵبچنێت، شانۆ هونەری هەرە ئامادەیە. تیپی شانۆی ئایندە كە شەش گەنجی شارەكە ئەم ساڵ دایانمەزراند، تا ئێستا چوار نمایشی شانۆی شەقام و شانۆی نێو هۆڵیان پێشكەش كردووە، دوایین بەرهەمی ئەم تیپە نمایشێكە بە ناونیشانی (كاتی یەكگرتنە) لە سیناریۆ و دەرهێنانی بەشدار سەید و نواندنی (هێرش جێماو، حەمدی حەمە ئەمین، یوسف نیزام، ئەیوەت كاكەیی)، هەر لەم ڕۆژانەدا لە ڕەواندزەوە شانۆكاری كەركووك حەمەی شانۆ بە خەڵاتی باشترین ئەكتەرەوە بەرەو كەركووك گەڕایەوە.

شانۆ لە كەركووك دەنگ و ڕەنگە، هەڵوێست و چەكە، بەرەو ڕووی ستەم و عەرەباندن و داگیركەر وەستاوەتەوە، شانۆكارانی شاریش خۆبەخشانە و بێ كۆمەك و پشتیوانی، بەردەوام لە نێو شاردا گەشە بە هونەرەكە دەدەن. ئێستا كەركووك پێشەنگی شانۆی كوردییە لە ئاستی باشووری كوردستاندا، ئازایەتی و شكۆی ئەمەش بۆ شانۆكارانی شار دەگەڕێتەوە. ئەمساڵیش لە سەرەتای تشرینی دووەمەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك، تیپی شانۆی كەركووك نمایشێكی بەرز پێشكەش دەكات، واش مەزانن ئەمە هەموو چیرۆكی شانۆیە لە كەركووك، ئەمە تەنیا سەرە قەڵەمێكی باسەكەیە.

Top