لە عێراق ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە هەڵكشاندایە

لە عێراق ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە هەڵكشاندایە

 

رۆژنامەی ئەلنەھاری عەرەبی لە هەواڵێكدا كە لەسەر زاری عەلی محەمەد سالم بەڕێوەبەری پاراستنی خێزان و منداڵ لە عێراق بڵاوی كردووەتەوە نووسیویەتی كە ناوبراو ڕایگەیاندووە لە ساڵی ٢٠٢١ بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ژنان بە ڕێژەی نزیكەی ٥٨٪ بە بەراورد بە ساڵی 2020 زیادی کردووە، دەشڵێت تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی ١٤ ھەزار حاڵەت تۆمار کراوە.

هەر لەم بارەوە  چالاکوانێكی بواری ژنان  بە ناوی ئیبتیسام شەمری بە هەمان رۆژنامەی ڕاگەیاندووە كە  خودی ژنان ساردو كەمتەرخەمن لە تۆماركردنی سکاڵا، هەروەها ئامارێکی ورد و دروست لەبارەی حەڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەبەر دەستدا نییە، هەروەها نەریت و کەلتوری کۆمەڵگەی عێراقی رێگرە لەبەردەم ژناندا بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان لە دادگاکاندا دژی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەریان ئەنجامداوە، تۆمار بکەن.

ناوبراو زیاتر دەڵێت دیاردەی بەشودانی کچانی تەمەن منداڵ زۆر بڵاوە، کە یەکێکە لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی عێراق ئەنجام دەدرێت.

شایانی باسە هەموو ساڵێك لە ڕۆژی 25 ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیھانیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەو ڕۆژە بۆ ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە لەبارەی دیاردەی توندوتیژییەوە دەست نیشان کراوە.

 

Top