بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێ چەند وڵاتێکی ئەوروپا  گەشتی ئاسمانیی ئەفریقیایان ڕاگرت

بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێ چەند وڵاتێکی ئەوروپا  گەشتی ئاسمانیی ئەفریقیایان ڕاگرت

 

دوابەدوای دەست نیشان کردنی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئەفریقیای باشوور، هەروەها دەست نیشان کردنی حاڵەتەکانی ئەو جۆرە لە چەند وڵاتێکی جیهان، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا بڕیاریان دا کە گەشتەکانیان لە ئەفریقیای باشوورەوە ڕابگیرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەڕەنسا، جۆرێکی نوێ لە کۆرۆنا کە دەوترێت بە شێوەیەکی زۆر خێرا وترسناكە، لە ئەفریقیای باشوور دۆزراوەتەوە. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو جۆرە ڤایرۆسە نوێیە، بەریتانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا گەشتی ئاسمانیان لە ئەفریقیای باشوور و پێنج وڵاتی دراوسێی ئەو وڵاتە قەدەغە کرد.

ئەو بڕیارەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێوارەی پشووی کۆتایی ساڵ و هاوکات لەگەڵ وەرزی هاوینی ئەفریقیای باشووردا، لەلایەن حکومەتەوە ڕاگەیێندرا، كە وەك ئەوەی باوە لەم وەرزی ساڵدا گەشتیاران لە ئەوروپاوە ڕوو لە ئەفریقیای باشوور دەکەن و هۆتێلەکان زۆربەی كات پڕن لە گەشتیار، بەڵام قەدەغە کردنەکە گورزێکی تازەیە بۆ پیشەسازیی گەشتیاریی ئەفریقای باشوور.

وەزیری دەرەوەی ئەفریقیای باشوور نیگەرانیی خۆی دەربڕی، لەوەی کە بڕیارەکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پیشەسازییە گەشتیاری و بازرگانییەکان، ئەمە دوای ئەوە دێت كە بڕیار وایە کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری وڵاتانی ئەندام بکات، بۆئەوەی گەشتی ئاسمانی لە ئەفریقیای باشوورەوە ڕابگیرێت.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە ڤاكسینە نوێیە بێ متمانەیی زیادكردووە لە کاریگەرییەكانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، و نرخی نەوتیش دابەزیوە، دابەزینێكی زۆر لە بازاڕەکانی سەرمایەی جیهانی.

لە ئیتالیاش ئەو کەسانەی کە لە 14 ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەفریقیای باشوور بوون لە چوونە ناوەوەی ئەو وڵاتە قەدەغە کران، هەروەها لە ئەڵمانیاش بەهۆی ئەوەی کە ژمارەی مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە( 100 )هەزاركەس تێپەڕاندووە، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی لە ئەفریقیای باشوور دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ دەبێت كەرەنتین بكرێن.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top