سکرتێرى گشتیى YNDK ئامادەى پرسەى شەهیدانى کارەساتى گوندى خدرجیجەى بنارى قەرەچووخ دەبێت

سکرتێرى گشتیى YNDK ئامادەى پرسەى شەهیدانى کارەساتى گوندى خدرجیجەى بنارى قەرەچووخ دەبێت

میدیا - مەخموور :

سەرلەبەیانى ئه‌مڕۆ ٥ / ١٢ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK بە یاوەرى شاندێکى باڵاى YNDK سەردانى گوندى (خدرجیجە)ى بنارى قەرەچووخى دەڤەرى مەخمووریان کرد و ئامادەی رێوڕەسمى پرسەى شەهیدانى کارەساتى گوندى خدرجیجە بوون و پرسەو سەرخۆشى خۆیان بە بنەماڵەو کەس و کارى شەهیدان راگەیاند.
سەرلەیانى ئه‌مڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەری شاندێکى باڵاى YNDK کەوا پێکهاتبوو لە هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قەهار تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى و جەلال سمیل کارگێڕانى مەکتەبى ناوەندی پەیوەندییەکانى YNDK) سەردانى گوندى (خدرجیجە)ى بنارى قەرەچووخى دەڤەرى مەخمووریان کرد و ئامادەی رێوڕەسمی پرسەى (نازم و ئازاد و بارزان کوڕانى مام ئیسماعیل عەبدوڵڵا بندیان) شەهیدانى کارەساتى گوندى خدرجیجە بوون، شاندى YNDK بەگەرمى لەلایەن بەڕێزان مام ئیسماعیل عەبدوڵڵا بندیان باوکى شەهیدان و بنەماڵەو خزمانى شەهیدان پێشوازيان لێكرا.
لەسەردانەکەدا؛ سکرتێرى گشتیى YNDK پرسەو سەرەخۆشى و هاوخەمى گەرمى خۆى بە باوک و براو بنەماڵەو کەس و کارى شەهیدان راگەیاندن و، وتى (شەهیدان کاکە نازم و کاکە ئازاد و کاکە بارزان شەهیدى هەموو کوردستان، زۆر قارەمانانە بەرگرییان لە خاک و خەڵکى گوندەکەیان کردووە، ئەوانە شەهیدى خاکن و لەسەر پاراستنى خاکى کوردستان شەهید بوون، جێگەى شانازى هەموو لایەکمانن، سەرەخۆشى لەخۆمان و مام ئیسماعیل ودایکى شەهیدان و براکانیان دەکەین، هاتووین پێتان بڵێین ئێمەش کوڕى ئێوەین.).
لەلایەن خۆیەوە؛ بەڕێز مام ئیسماعیل عەبدوڵڵا بندیان باوکى شەهیدان بەناوى خۆى و بنەماڵەکەیانەوە سوپاسى ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەو دەربڕێنى هاوخەمییەى سکرتێرى گشتى و شاندى YNDK كرد.

شایانى باشە کەوا شەوى ٢ لەسەر ٣ ئەم مانگە لە ئەنجامى هێرشێکى شەمشەمەکوێرەکانى ئەشکەوتى جەهالەت تیرۆریستانى داعش بۆ سەر گوندى (خدرجیجە)ى بنارى چیاى قەرەچووخ لە دەڤەرى مەخموور ژمارەیەک هاوڵاتیى سڤیل و ژمارەیەک پێشمەرگەى قارەمانى کوردستان لەکاتى راپەڕاندنى ئەرکى نیشتمانى خۆیاندا شەهیدو برینداربوون.

Top