هێزە ئەمنییەکانی هیندستان بە هەڵە هاووڵاتییانی مەدەنیان کوشت
دەسەڵاتدارانی ناگالاندی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتی هندستان گوتیان: هێزە ئەمنییەکانی ناوچەكە لە نزیک سنووری میانمار بەلایەنی کەم 13 هاووڵاتیی مەدەنیان کوشتووە.
بەرپرسێکی باڵا، کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، "بە بی بی سی " ڕاگەیاند: كە "ڕووداوەکە شەوی شەممە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دژە یاخیبووندا لە گوندێکی سنووری میانمار ڕوویدا، سەربازانی سوپای هندستان تەقەیان لە بارهەڵگرێک کرد کە 30 كرێكاری کانزای خەڵوزی لە نزیک کەمپەکە هەڵگرتبوو، بەم هۆیەشەوە شەش کرێکار کوژران.
بە وتەی ئەو: سەربازەکان زانیاریان هەبوو لەسەر هەندێک جموجوڵی میلیشیایی لە هەرێمەكەدا، بە بینینی بارهەڵگرەکە بەهەڵە تەقەیان لە كرێكارانی کانزای خەڵوز كردووە، کاتێک هەواڵی کۆمەڵکوژییەکە بڵاوبووەتەوە، سەدان هاووڵاتی ناوچەکە لەگەڵ سەربازەکاندا پێکدادانیان ئەنجامدا، دوای گەمارۆکە و سوتاندنی چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی "سەربازەکان لە کاتی شەڕەکەدا حەوت هاووڵاتی مەدەنیان گوللەباران کرد".
سوپای هندستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە لە پێکدادانەکەدا سەربازێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی ناگەلاند بەتوندی ئیدانەی ئەو کوشتارەیان کرد، ئامیت شا وەزیری ناوخۆی هیندستانیش هاوخەمیی خۆی دەربڕی و گوتی: کە هەوڵ دەدات دادپەروەری بهێنێتە دی گوتیشی: کە نیگەرانە لە بیستنی هەواڵەکە و بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە بکات.
سوپای هیندستان ساڵانێکە شەڕ لەگەڵ میلیشیاکانی ئەم ناوچەیە دەکات، بەڵام تۆمەتبارە بە کەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و خراپ مامەڵەکردن و کوشتنی خەڵکی ناوچەکە.
گوڵان: سەردار خەلیل