بە هۆی بارانی ئەم چەند ڕۆژە ئاستی ئاوی دەربەندیخان و دوكان زیادی كردووە
بە هۆی ئەو بارانە بە خوڕەی كۆتایی هەفتەی ڕابردوو و چاوەڕوانیش دەكرێت هێشتا درێژەی هەبێت، سەرچاوەیەك لە بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند كە ئاستی ئاوی بەنداوەكە تا ڕادەیەك لەچاو پار بەرزبووتەوە ، رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان سەبارەت بەم بابەتە ڕوونی كردەوە كە ئاستی ئاوی بەنداوەكە بۆ نزیک لە مەترێک زیادی کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان ئاستی ئاوی دوکانیش بۆ نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی زۆر لە شارەزایانیش هەر بە كاریگەریی ئەو بارانە بە لێزمەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، زۆرێک لە کانی و کارێز و سەرچاوەکانی ئاو ژیاونەتەوە و ئاستی ئاویان زیادی کردووە، بە تایبەتیش لە دەڤەری پارێزگای سلێمانی.
سەرچاوەیەك لە كەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوە كردووە كە ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تا دوێنێ شەممە لە پارێزگای سلێمانی ١٩١ ملم، لە هەولێر ١٢٧ ملم، لە دهۆک ٧٦ ملم ، لە هەڵەبجە ٢١٧ ملم بووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە كە لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەم بارانییەوە زۆرینەی کانی و کارێزەکانی هەرێم وشکیان کردبوو و ئاستی ئاوی بەنداوەکانیش تا ڕادەیەكی زۆر دابەزیبوو.