سیحر و جادوو و دەرهاوێشتە خراپەكانی لە نێو كۆمەڵگەدا

سیحر و جادوو و دەرهاوێشتە خراپەكانی لە نێو كۆمەڵگەدا

 

سیحر بریتییە لە كۆمەڵێك وشە و كرداری ساحیران كە ئەنجامی دەدەن، یان دەیخوێنن، یان دەینووسن، هەندێ جار بە هۆیەوە كاریگەری دەبێت لەسەر دڵ و دەروونی سیحرلێكراوەكە. سیحر و جادوو مێژوویەكی دێرینی هەیە، خوای گەور لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێ كردووە و دەفەرموێت: : ( كَذلِكَ مَا أَتَى الَّذينَ مِنْ قَبْلِهِمْ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا قَالُوا سَاحِرٌ أَوْ مَجْنُونٌ ) الذاريات:52. واتە هەر پێغەمبەرێك هاتبێت پێیان گوتووە تۆ ساحیر و جادووگەری، واتە بە پێغەمبەر نوح و تەواوی پێغەمبەرانیان گوتووە سەلامی خوایان لە سەر بێت، كەواتە مێژوویەكی زۆر لە مێژینەی هەیە، زۆرێك لەو گەلانەش كە ناویان هاتووە لە قورئاندا كە سیحر تێیدا باو بووە وەك بابلییەكان و سەردەمی فیرعەونەكان. لە چەندین ئایەتی دیكەشدا خوای گەورە باسی سیحر و جادوو دەكات، لە فەرموودەكانی پێغەمبەریش بە هەمان شێوە.

 سیحر و جادوو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا

جادوو و سیحر لە زەمانی زووەوە تا ئەمڕۆش ڕەگ و ڕیشەی داكوتاوە لە ناو هەموو گەلانی دونیاشدا بوونی هەیە، خەڵكانیك ڕووی تێدەكەن و بۆ كۆمەڵێك مەبەست و ئامانج وەك بەدیهاتنی ئاوات و كردنەوەی بەخت و، چارەسەری نەخۆشی، یان بۆ زیادكردنی ڕزق و ڕۆزی، یان دیاریكردنی چارەنووسیان.

 حەقیقەت و كاریگەریی سیحر

بێگومان سیحر و جادوو كاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر لاشەی مرۆڤـ و تووشی چەندین نەخۆشییان دەكات. زۆر شت ئێمە بە چاوی خۆمان دەیبینین، كاریگەربوونی سیحر لە قورئانیشدا ئاماژەی پێ كراوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (فَيتَعَلَّمُونَ مِنْهُمَا مَا يُفَرِّقُونَ بِهِ بَيْنَ الْمَرْ‌ء وزَوْجِهِ) البقرة: 102. واتە جوولەكەكان فێری جادووی وا دەبوون، كە ژن و مێردی پێ لە یەكتر جیا بكەنەوە. ئەمە گەورەترین جۆری سیحرە كە ژن و مێرد لێكتر جیا بكاتەوە و لەبەر چاوی یەكیان ناشیرین بكات. كاتێك خوای گەورە بە پێغەمبەر مووسا دەفەرموێت: (قُلْنَا لا تَخَفْ إِنَّكَ أَنْتَ الأَعْلَى ) سورة طه ٦۸زانایان دەفەرموون ئەمەش بەڵگەیە لە سەر كاریگەری سیحر، ئەگەر نا خوا نافەرمووێت مەترسە. لە ئایەتێكی تر خوای پەروەردگار دەفەرموێت: ( وَمِنْ شَرِّ النَّفَّاثَاتِ فِي الْعُقَدِ ) سورة الفلق ٤: خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكات بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین لە شەڕی ئەو ساحیرانەی كە سیحر دەكەن و فوو لە گرێكان دەكەن، ئەمەش یەكێكە لە جۆرەكانی سیحر كە ساحیران پەیڕەوی دەكەن، ئەم ئایەتانە ئاماژەی دیارن كە سیحر بوونی هەیە، كاریگەری دروست دەكات و ناشكرێت نكۆڵی لێ بكرێت.

لە فەرموودەی سەحیحی (بوخاری و موسلیم)دا هاتووە كە خاتوو عائیشەی دایكی ئیمانداران بۆمان دەگێڕێتەوە كابرایەكی جوولەكە بە ناوی (لەبیدی كوڕی ئەعسەم) سیحری لە مووی پرچی پێغەمبەر كردبوو، بە هۆی ئەم سیحرەوە كاریگەری هەبوو لە سەر لاشەی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیە وسلم)، وا هەستی دەكرد شتێكی ئەنجام داوە، كەچی هیچی نەكردبوو، بەڵام نەخۆشی كردبوو، پاشان خوای پەروەردگار یارمەتی دا و لە ڕێگای فریشتەكانەوە شوێنەكەی پێ نیشان دا و كە لە ناو بیری (زەروان) بوو، شوێنی سیحرەكەی بۆ ئاشكرا كرد و بەتاڵ كرایەوە.

چەندین ئایەت و فەرموودەی دیكە هەن كە باس لە حەقیقەتی سیحر و جادوو دەكەن، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن كە سیحر و جادوو نووشتە هەن و كاریگەری دروست دەكات لە سەر بیر و هۆشی مرۆڤەكان. هەموو ئەو ئایەت و فەرموودانە بە ڕاشكاوانە پێمان دەڵێن كە سیحر و جادوو حەقیقەتی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەردا باس كراوە، لە واقیعیشدا سەلمێندراوە كە چەندە كاریگەری لە سەر ئینسان دروست دەكات، هەر لەبەر ئەمەشە ساحیرەكان بە بەردەوامی بازاڕیان گەرمە و خەڵك بە شەپۆل ڕوویان تێ دەكەن، پارەی زۆریشیان لێ وەردەگرن، بۆ نموونە یەك نووشتە بە (هەزار دۆلار) كرابوو، ئەو كاتەی كە خۆم لە لێژنەی ئاشتەوایی بووم. كەیسەك هاتە لامان كە پیاوەكە و خێزانی كێشەیان هەبوو، یەكێك لەو شتانەی كە پیاوەكە باسی كرد، گوتی: خێزانی من سەردانی ساحیران دەكات و یەك نووشتەی بە (هەشت هەزار دۆلار كردبوو، واتە هەشتا وەرەقە، پاشان كابرا چووبووە لای ساحیرەكە و هەندێك پارەی لێ وەرگرتبووەوە.

 حوكم و تاوانی ساحیر لە دیدی شەریعەتی ئیسلام

سیحر و جادوو یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكان كە بە حەوت گوناهە گەورەكان ناسراوە، كە پێغەمبەر دەفەرموێت: (اجتنبوا السبع المُوبِقَات: الشركُ بالله..... السحر) هەندێك لە زانایان سیحریان بە كوفر زانیوە، ساحیریش بە كافر دەزانن، حوكمی شەرعی لە پاش دڵنیابوون لە سیحری ساحیران بە بەڵگە ئەو كەسە دەكوژرێت، بەڵگەشیان بۆ ئەم قسەیە ئەم ئایەتەیە كە خوای پەروەردگار دەفەرموویت ( وَمَا أُنزِلَ عَلَى الْمَلَكَيْنِ بِبَابِلَ هَارُوتَ وَمَارُوتَ ۚ وَمَا يُعَلِّمَانِ مِنْ أَحَدٍ حَتَّىٰ يَقُولَا إِنَّمَا نَحْنُ فِتْنَةٌ فَلَا تَكْفُرْ ) سورة البقرة ۱۰۲. واتە دوو فریشتەی خودا كە ناویان هاروت و ماروت بووە، لە بابل خەڵكیان فێرە سیحر نەدەكرد، تاوەكو پێیان نەگوتبان ئێمە تاقیكردنەوەین بۆ ئیوە، كەواتە خۆتان كافر مەكەن بە سیحر و جادوو.

 حوكمی ئەو كەسانەی سەردانی ساحیر دەكەن

ئەو كەسانەی سەردانی ساحیر دەكەن، جگە لەوەی تاوانێكی گەورەیە پێویستە بزانن ئەوە بەرەو بێباوەڕی و بێ ئیمانییان دەبات، ئینسان لە دین و ئیمان دەردەچێت و بەرەو كوفر هەنگاو دەنێت، پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (مَنْ أَتى عَرَّافا أو كَاهِنًا فَصَدَّقَهُ بِمَا يقول فَقَدْ كفرَ بِمَا أُنْزِل عَلي مُحَمَّدٍ) واتە هەر كەسێك بچێتە لای ساحیر و باوەڕیشی پێ بكات، ئەوە لە دینی ئیسلام دەردەچێت. تەنانەت ئەگەر كەسێك تەنیا بۆ پرسیاریش بچپتە لای ساحیر و بە بێ ئەوەی باوەڕیشی پێ بكات، بۆ ماوەی (40) ڕۆژ تاعەت و عیبادەتی قەبووڵ نابێت (مَنْ أَتَى عَرَّافًا فَسَأَلهُ عَنْ شَيئ لمْ تُقْبَل لهُ صَلاة أَرْبَعِينَ ليْلةً) .

لە واقیعدا بەداخەوە خەڵكانێك سەردانی ئەو ساحیر و فاڵ و قاوەگرەوانە دەكەن، باوەڕیشیان پێ دەكەن و ڕێنماییەكانیش وەكو خۆی جێبەجێ دەكەن.

 

 

 

سەید ئەكرەم كەپرانی

پێشنوێژ و وتارخوێن لە شاری هەولێر

Top