ئەیاز یوسف زاخۆیی سەرەڕای کورتی تەمەنیی، داهێنانی لە هونەری کوردیدا ئەنجامدا

ئەیاز یوسف زاخۆیی سەرەڕای کورتی تەمەنیی، داهێنانی لە هونەری کوردیدا ئەنجامدا

زۆربوون ئەو هونەرمەندانەی کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیانەوە داهێنان درووست دەکەن و دەبنە رێنیشاندەری هونەرمەندە لاوەکان بۆ ئەوەی لەسەر رێچکەیان بڕۆن و خزمەت بە هونەری رەسەنی کوردی بکەن، هونەرێک پێشکەش بکەن کە مرۆڤ هەست بە کوردبوونی بکات و چێژی رەسەنایەتی بدات، یەکێک لەو هونەرمەندانە ئەیاز یوسف زاخۆیی بووە کە سەرەڕای کورتی تەمەنیی توانیی خزمەتێکی بەرچاو بە هونەری کوردی بکات، بەڵام تەمەن رێگای نەدا بەردەوام بێت.

 

ئەیاز یوسف ئەحمەد ناسراو بە (ئەیاز زاخۆیی)، سوودی لە هونەری میللی دیوەخانەکان بینیوە بۆ چونە ناو جیهانی هونەر، لەئاهەنگ و ڤیستڤاڵ و جەژن و بۆنە تایبەتیەکاندا دەست دەکات بەچڕینی گۆرانی .

 بۆ یەکەمجار بەهاوکاری چەند هاوڕێیەکی سەردانی ئێزگەی کوردی کرد لەبەغدا و ئەم گۆرانیانەی تۆماری کردوون ئەمانەن: «من دیت جارا عەولی»، «لاندک»، «بەس خۆ گرانکه»، «ئەڤین دایێ»، «دێ بهەژینه»، «کەڤۆک»، «چوخک»، «سرودانەڤرۆز»، «سرودا .“شەهید»، «چیبکەم ئەز»، «هیڤی» و «گۆڤەنده»

ئەیاز زاخۆیی لەساڵی 1961 لە شارۆچكەی زاخۆ چاوی بەژیان هەڵێناوە، هەر لەمنداڵییەوە خولیای گۆرانیی رەسەنی كوردی بووە و زۆربەی كاتی لە دیوەخانان بەسەر بردووە، كەگۆرانیبێژەكانی تیادا دادەنیشتن و گۆرانیان دەوتەوە.

ئەیاز دوای تەواوكردنی خوێندنی قۆناغی ناوەندنی روو لە ئامادەیی كشتوكاڵ دەكات و لە ئاهەنگ و فیستڤاڵ و جەژن و بۆنە تایبەتییەكاندا دەست دەكات بە چڕینی گۆرانی، هەمیشە بەشێوەیەكی سەركەوتووانە ئاهەنگەكانی بەڕێوەبردووە.

ئەیاز خاوەن گەنجینەیەكی مەزنی فۆلكلۆری و رەسەنی كوردی بوو، چەندین ستران و چیرۆك و پەندی پێشنیان و داستانی لەبەر بوو، هەوڵی دەوڵەمەندكردنی زیاتری گەنجینەی دەدا و بەدوای كەلەپووردا دەگەڕا، تا زیاتر رەسەنایەتییان لێ هەڵبهێنجێنت و هونەرەكەی خۆی پێ دەوڵەمەند بكات.

ئەیاز، خولیای گۆرانیی كوردی بووەوە، بۆ یەكەمجار بە هاوكاریی چەند هاوڕێیەكی سەردانی ئێزگەی كوردی كردووە لە بەغدا و لەوێ شارەزایان گوێیان لە دەنگی گرتووە، هەرزوو پاشەڕۆژێكی هونەری گەشیان بۆ خواستووە، ئەم گۆرانیانەی ئەیاز لە ئێزگەی كوردی تۆماری كردوون ئەمانەن: (من دیت جارا عەولی، لاندك، بەس خۆ گرانكە، ئەڤین دایێ، دێ بهەژینە، كەڤۆك، چوخك، سروودا نەڤرۆز، سروودا شەهید، چیبكەم ئەز، هیڤی و گۆڤەندە).

هەروەها لەگەڵ چەندین شاعیر كاری هاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ سازكردنی گۆرانییەكان، لەوانەش (عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەمەد، سەگڤان عەبدولحەكیم، بەدرخان سندی، عەبدوڵا حوسێن و. هتد، جگە لەم گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دهۆك تۆماری كردوون، سێ كاسێتی دیكەشی لە تۆمارگەی «تۆمار» تۆمار كردووە، هەروەها چەند گۆرانییەكی بە دوو قۆڵی لەگەڵ هونەرمەند «ئەردەوان زاخۆلی» گوتووە، لەساڵی 1982 لە زاخۆ كاسێتێكی تۆماركردووە كە چەند گۆرانییەك بوو، لەوانە: (ئەگەر دنیا هەمی گۆلبن، های بەردەبەردەك، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ، بەستەی پازنیل.

ئەیاز زاخۆیی ژمارەیەك گۆرانی بڵاونەكراوەی هەیە، بەڵام خانەوادەكەی رێگە نادەن بڵاوبكرێنەوە، لای خۆیەوە مامۆستا (عەبدولعەزیز سلێمان) هۆزانڤان و ئاوازدانەری ئەیاز زاخۆیی دەلێ: «لەو كاتەی ماڵم دوور خرایەوە بۆ شاری رومادی ئەیاز بەردەوام هاتوچۆی ماڵەكەمی كردووە و زۆربەی بەرهەمەكانی ئەیاز لە شیعر و ئاوازی منە، كە لە ساڵی 1980 یەكەم گۆرانیم داوەتێ، بەناوی شەهید چاڤا ڤەكە»، هەروەها دەڵێت: «یەكەم گۆرانی ئەیاز لە ئێزگەی بەغدا تۆمار كرا كە نزیكەی 40 گۆرانیم بۆ ئەیاز ئامادە كرد، كە هەندێكیان بە بێ موزیك تۆمار كران، هەندێكیان هێشتا تۆمار نەكراون و لای من پارێزراون، زۆر هونەرمەند داوایان كردووە، بەڵام نایدەم بە كەس». ئەو ئاوازدانەری هونەرمەندی كۆچكردوو ئاماژە بەوەش دەكات، لەو ماوەیەدا هەوڵیداوە لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە گۆرانییەكان بە موزیكێكی تازە بڵاوبكاتەوە، چونكە لەلایەن گەنجانەوە داوایەكی زۆری لەسەرە و بەردەوام گەنجان گوێ لە گۆرانییەكانی دەرگرن، بۆیە ویستم ئەو گۆرانیانەش بڵاوبكەمەوە، كە لای من پارێزراون، بەڵام خانەوادەكەی رێگەیان نەدا، بۆیە منیش بڵاوم نەكردنەوە. لەبارەی ئەو پرسیارەی بۆچی خانەوادەكەی رێگەنادەن، برای ئەیاز زاخۆیی دەڵێت: «راستە ژمارەیەك گۆرانیی ئەیاز لای مامۆستا عەبدولعەزیز پارێزراون، كە بەنیازبوو بە موزیكێكی نوێ دووبارە تۆمار بكرێن و بڵاوی بكاتەوە، ئێمە داوامان لە سەندیكای هونەرمەندان كرد، لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنن و ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن و ئەگەر ئەوان پێیان باش بێت ئەوا ئێمەش رازین، بەڵام لیژنەكە پێی باش نەبوو ئەم كارە بكرێت، ئێمەش لای خۆمانەوە رێگەمان نەدا بڵاوبكرێتەوە». بەڵام براكەی ئەیاز زاخۆیی ئەوەش ناشارێتەوە، ئێستاش ئەگەر موزیكڤانی پڕۆفیشناڵ هەبێت و بەموزیكێكی نوێ و لە ئاستی بەرهەمەكانی ئەیازدا بێت، رازین بڵاوبكرێتەوە.

ئەیاز زاخۆيی لە رۆژی شەممە رێكەوتی 20/1/1986 لە نەخۆشخانەی سەربازیی شاری موسڵ كۆچی دوایی كرد، لەسەر وەسیەتی خۆی لە شارۆچكەی زاخۆ نێژرا بەر لە ناشتنی و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەكەی بە نێو شاری زاخۆدا گێڕدرا بۆ گۆرانیی (وڵاتێ من باخچێ گوڵان).

 36 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی جوانەمەرگ (ئەیاز یوسف زاخۆیی)دا تێپەڕ دەبێت، ئەگەرچی تەمەن مۆڵەتی نەدا زیاتر خزمەت بە هونەری كوردی بكات، بەڵام ئەو بەرهەمانەی لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا پێشكەشی كردن، تا ئێستا بە زیندوویی لە زهن و خەیاڵی میللەتەكەیدا ماونەتەوە.

Top