12 کۆچبەر لەسەر سنووری تورکیا  و یۆنان لە سەرمادا سڕ بوون

12 کۆچبەر لەسەر سنووری تورکیا  و یۆنان لە سەرمادا سڕ بوون

 

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکراکردنی تەرمی 12 کۆچبەری ڕۆژی چوارشەممەی لە سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ یۆنان ڕاگەیاند، کە لە سەرمادا سڕ ببوون.

سولێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا وێنەی لاشە بەستووەکانی بڵاوکردەوە و لە تویتەرەکەیدا نوسیویەتی: "12 لەو 22 کۆچبەرەی کە جلوبەرگ و پێڵاوەکانیان لە لایەن ئەفسەرانی گومرگی یۆنانەوە لەبەركراونەتەوە لە سەرمادا سڕ بوون.

تورکیا بەخاڵی سەرەکیی ڕێگای تێپەڕینی کۆچبەرانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەوروپا ناو دەبردرێت. زۆربەی کۆچبەران لە ئاسیا و ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەوڵ دەدەن لەم وڵاتە لە ڕێگەی خاک یان دەریاوە بچنە یۆنانەوە.

تورکیا لەمێژە یۆنانی دراوسێکەی تۆمەتبارکردووە بەوەی بە نایاسایی فشار دەخاتە سەر ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی چوونە ناو ئەوروپا دەدەن، هەروەها ئەو تۆمەتە لەلایەن یۆنانەوە ڕەتکراوەتەوە.  

سۆیلو لە ئەكاونتی تویتەرەكەیدا پاسەوانە سنوورییەكانی یۆنانی تۆمەتبار کرد، بەوەی كە ڕەخنە لە یەکێتی ئەوروپا دەگرن بەهۆی ئەوەی توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ کۆچبەران نییە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top