حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی سەر بە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی سەر بە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات

 

بڕیار وایە لە رۆژانی ١٤ و ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ کۆبوونەوەکانی گفتوگۆی راپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بە بەشداری شاندێكی حكومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت.

لەو گفتوگۆیانەدا شاندی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراقدا بەشدار دەبێت، بۆ خستنە ڕووی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئەو پێشکەوتنانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەدی هاتوون و وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردانەی ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن.

لە بارەی رۆڵی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانە د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردەی نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی كۆماری عێراق و لە میانەی ئەندامبوونی لە لیژنەی نیشتمانیی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو ڕێكەوتننامانەی كە عێراق تێیاندا ئەندامە و پەیوەستن بە مافی مرۆڤەوە، بەشدار بووە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبیدا.

سەبارەت بە گرنگیی بەشداریی هەرێم لە گفتوگۆی ڕاپۆرتی عێراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤی سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشداریی هەرێم گرنگیی خۆی هەیە لە ڕووی نیشاندانی پابەندبوونەكانی حکوومەتی هەرێم بە پرەنسیپەکانی پەیماننامەی عەرەبی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، چونکە حکومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە لەو رووەوە ، لەوانەش پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بە پاڵپشتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە بە بەشداریی گشت دام و دەزگاکانی هەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێتە میكانیزمێكی نوێی كاركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان و ئەو راسپاردانەی ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكرێن لەسەر ئاستی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەیەكگرتووەكان و پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی.

Top