چیرۆكی لیبڕاڵیزم كۆتایی هات و تازەكەش‌ هێشتا لە دایك نەبووە

 چیرۆكی لیبڕاڵیزم كۆتایی هات و  تازەكەش‌ هێشتا لە دایك نەبووە

 

بیرمەندانی سەردەم كاتێك باس لە هۆكاری مانەوەی ئینسانی ئاقڵ “sapiens” دەكەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە “ئینسانی ئاقڵ” توانای هاوكاری و هەمانگی و دیالۆگی هەبووە و، لەم ڕێگەیەشەوە توانیویەتی گرووپی گەورە لە دەوری یەك كۆبكاتەوە و، لە هەمانكاتیشدا بە تێپەربوونی كات “كەلتوور، گرووپ، ئایین، ناشناڵیزم”ی دروست كردووە، هەموو ئەمانەش كە وەك خەیاڵیكی ڕاست “Real fiction” دەستكردی خۆی بوون، توانیویەتی قەناعەت بە گرووپی زۆر گەورە دروست بكات و، ئەندامانی ئەو گرووپە گەورانەش ئامادە بوون ئەم خەیاڵە دەستكردە وەك بەهایەكی پیرۆز سەیر بكەن و، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دێرینی مرۆڤیش، ئەوا پێش هاتنی پەیامهێنە‌ران، مرۆڤ نەك هەر خۆی خواوەندی بۆ خۆی دروست كردووە، بەڵكو بۆ هەر دیاردەیەكی سرووشتی خواوەندێكی دروست كردووە وەك: “با، باران، ئاگر، خۆشەویستی، مەرگ و...هتد”، لە دوای هاتنی پەیامبەرانیشەوە و دوای ‌نەمانی پەیامبەران (دروودی خوایان لەسەر بێت)، دیسان مرۆڤ دەستكاریی پەیامی پەیامهێنەرانی كردووە و، خۆی شتێكی خەیاڵی تێكەڵی ئەو پەیامە كردووە كە ئێستا شوێنكەوتووانی ئەو ئایینە وەك پەیامی پەروەردگار، یان وەك پەیامی پەیامهێنەر بە پیرۆزی دەزانن. هەر بۆ نموونە: ئەگەر سەیری مێژووی هەر سێ ئایینی ئاسمانیی “جوو، كریستیان، ئیسلام” بكەین، ئەوا وەك هەندێك سەرچاوەی مێژوویی باسی دەكات “تەورات” وەك پەیامی مووسا “د.خ” دوای چەند سەدەیەك نووسراوەتەوە، هەروەها ئینجیلیش دوای یەك دوو سەدە نووسراوەتەوە، دەبینین لەسەر ئەم دوو كتێبە ئاسمانییە چەندین نوسخەی جیاواز هەیە و، بیرمەندان و مێژوونووسان كێشمەكێشیان لەسەر ئەوەیە چۆن دەبێت بۆ یەك پەیام، چەندین نوسخەی جیاوازی كتێبی پیرۆز هەبێت؟ ئەم پرسە لە ئایینی ئیسلامیشدا بە جۆرێكی دیكە بوونی هەیە و، لەگەڵ ئەوەی قورئانی پیرۆز بە چەند ساڵێك دوای كۆچی دوایی پەیامهێنەری ئیسلام “د.خ” نووسراوەتەوە و كۆكراوەتەوە و، هەر لە سەردەمی خەلیفەكانی “ڕاشدین”یشدا كراوە بە “كتێبی قورئان”، لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا تەنیا یەك نوسخەی قورئانی پیرۆز وەك پەیامی پەروەردگار هەیە، بەڵام لەسەر فەرموودەكانی پێغەمبەر “د.خ” لە ناو بیرمەندانی ئیسلامدا كێشمەكێش هەیە. هەر بۆ نموونە: پڕۆفیسۆر د.محەمەد شەریف سەرۆكی كۆڕبەندی فیكری ئیسلامیی كوردستان ڕاشكاوانە دەڵێت: “بە هەزاران فەرموودە بە ناوی فەرموودەی پەیامهێنەری ئیسلام دروست كراون”، ئیشكالیەتەكەش لەوەدایە، ئەم فەرموودە دروستكراوانەی دەستی مرۆڤ لە پیرۆزیدا هاوتای پەیامی پەروەردگار كراون، هەر بۆیە ئەو توندڕەوییە بە پشتبەستن بە بەشێك لەو فەرموودانە لە هەندێك گرووپی ڕادیكاڵی ئیسلامی سیاسی دەردەكەوێت و، ڕووە ئاشتیخوازەكەی ئیسلامی شاردووەتەوە، هەروەك ئەوەی كەنیسەكانی سەدەكانی ناوەڕاست لە ئەوروپا دەیانكرد، ڕووە ئاشتیخوازەكەی پەیامهێنەری مەسیحی “د.خ”یان ناشیرین كردبوو، هەتا كار گەیشتە ئەوەی بیرمەندێكی وەك جۆن لۆك لە “نامەی لێبورەدەیی” بڵێت: “ئەگەر كریستیانیەت ئەوە بێت كە عیسا “د.خ” باسی دەكات، ئەوا من لە هەموو قەشەكانی ناو كەنیسە كریستیانترم، بەڵام ئەگەر كریستانیەت ئەوە بێت كە كەنیسەكان باسی دەكەن و لەسەر جیاوازیی مەزهەب یەكتری سەر دەبڕن، ئەوا من هەرگیز ئەو كریستیانە نابم.”

هەموو ئەم باكگراوەندە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە مێژووییە بوو، كە مرۆڤی ئاقڵ “sapiens”، پێش هاتنی پەیامهێنەران و دوای هاتنی پەیامهێنەرانیش، خۆیان هەندێك خەیاڵی خۆیان كردووە بە ڕاستی بۆ ئەوەی گرووپ و هێز و دەسەڵاتی پێ كۆبكەنەوە و بە ناوی “خودا”وە حوكمڕانی بكەن، ئەم پرسەش وەك خۆی مایەوە هەتا دەركەوتنی “شۆڕشی كۆپەرنیكۆس” كە بە ڕێگای زانستی سەلماندی ئەوەی كەنیسە دەیڵێت، خەیاڵێكە بە درێژایی مێژوو دروست كراوە و پەروەردگار بەو شێوەیە زەوی و ئاسمان و ئەستێرەكانی دروست نەكردووە كە كەنیسە تەفسیری دەكات، سەرەنجامیش دوای ئەوەی سەلمێندرا زەوی تەخت نییە و بەڵكو هەسارەیەكە وەك هەر هەسارەیەكی دیكە لە ناو گەردوون، ئیدی كەنیسە ناچار بوو، دەستكاریی پرانسیپەكانی خۆی بكات و ملكەچی زانستە سەلمێندراوەكان بێت، بەمەش شۆڕشی هیومانیزم دەستی پێ كرد و، لەبەر ئەوەی سەلمێندرا تەفسیری كەنیسە بۆ گەردوون و یاساكانی ئاسمان پەیامی پەروەردگار نییە، ئیدی “ئایین و سیاسەت” لێك جیاكرانەوە و دەسەڵات گواسترایەوە بۆ دەستی مرۆڤ و ئیرادەی ئازادی مرۆڤ و، بە كۆتاییهاتنی شەڕی ئایینی لە ئەوروپادا، بە تەواوەتی ئەم گواستنەوەیە لە دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا بەرجەستە بوو.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین، ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لە سەرەتای سەدەی پازدەیەم لە ئەوروپای كریستانیەتی ڕووی دا، لە جیهانی ئیسلامی (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) ڕووی نەدا و، بەپێچەوانەوە لە دەستپێكی ئەم شۆڕشە زانستییە گەورەیەدا “محەمەدی فاتیح – سوڵتان محەمەدی دووەم” سەرقاڵی ئەوە بوو، كەنیسەی “ئایا سۆفیا” بگرێت و بیكات بە مزگەوت و ئەمەشی بۆ چووە سەر، بەڵام وازهێنانی ئەوروپا لە دەسەڵاتی هەموو كەنیسەكان” بە هۆی شۆڕشی زانستییەوە وای كرد، ئەوروپا بە ڕێگەی ڕێزگرتنی لە دەوڵەتە نەتەوەییە هاوچەرخەكان و دامەزراندنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی كۆنسێرتێكی هێز دروست بكات و، ببێتە ئەو هێزەی كە نەك هەر بیر لە ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی و خەلافەتەكەی بكاتەوە، بەڵكو بیری لەوە دەكردەوە چۆن سەركردایەتیی هەموو جیهان بكات، ئەمەشمان لە شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانی و هەروەها لە میانەی پەنجا ساڵەی شەڕی سارد بینی.

ئەو بەهایانەی ئەوروپای كریستانیەتی لە دوای ڕێككەوتنی “ویستفالیا”وە لە ساڵی 1648 ـەوە شانازی پێ دەكات و پاشان هەر دوو شۆڕشی گەورەی “ئەمریكا و فەرەنسا”ی بەدوادا هات و، زیاتر ئەو “ئیرادەی ئازادی مرۆڤ”ـە تەواوی پرانسیپەكانی سیستمی سەرمایەداریی “لیبڕاڵ دیموكرات”ی پێ پێناسە كرایەوە و، هەر ئەم میتۆدەش سیستمی سەرمایەداری كردە سۆپەر پاوەری جیهان و جیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە “51” ویلایەتە، لە هەمانكاتدا گەورەترین فیدراسیۆنیشی لە نێوان 27 دەوڵەتی ئەوروپی دروست كردووە كە ناوی “یەكێتیی ئەوروپا”یە، ئەو پرانسیپانەش كە پێیان دەگوترێت: بەهاكانی “ڕۆژئاوا” بریتین لە:

1- دەبێت ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدان بڕیاری سیاسی دروست بكات و دەستنیشانی بكات كە كێ دەبێتە فەرمانڕەوا، لەبەر ئەوەی “دەنگدەر بەردەوام لە هەمووان باشتر دەزانێت”.

2- دەبێت ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بڕیار بدات كام بەرهەم باشە كە كۆمپانیاكان بەرهەمی دەهێنێت، لەبەر ئەوەی هەمیشە موشتەری لەسەر هەقە نەك كۆمپانیاكان.

3- ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بڕیار دەدات كام هەر یەك لەمانە باش و جوانن “ئاكار، هونەر بە هەموو بەشەكانیەوە، ئەدەب بە هەموو بەشەكانیەوە و.. هتد.”

ئەوەی لە دوماهیی ئەم دێڕانە گرنگە، ئەوەیە ئەو دەسەڵاتەی بە ناوی “خوا و خواوەند”ـەوە لەسەر مرۆڤ پیادە دەكرا، شۆڕشی زانستی ئەو دەسەڵاتەی گێرایەوە بۆ ئیرادەی ئازادی مرۆڤ، بەڵام ئێستا درێژە پێدەری هەمان شۆڕشی زانستی “شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیی” بە هەمان شێوە خەریكە دەسەڵاتی ئیرادەی ئازادی مرۆڤ دەگوازیتەوە بۆ “زیرەكی دەستكرد”، ڕاشكاوانەتر دەسەڵات لە “ئۆرگانیزم”ـەوە (مرۆڤ) دەگوازێتەوە بۆ “ئەلگۆریزم” كە ئامێرە و ئۆرگانیزم نییە. ئەوجا چۆن لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی زانستی كەنیسە ناچار بوو، ددان بەوەدا بنێت، چیتر ئەو خاوەنی دەسەڵات نابێت و سەرەنجام هەر ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بووە سەرچاوەی دەسەڵات، ئێستا ئەو سیستمەی پێی دەگوترێت “لیبڕاڵ دیموكراتی” لە بەردەم هەمان هەڕەشەدایە و، ڕاستە چۆن لە سەرەتای سەدەی پازدەیەم “كەنیسە” بە ئاسانی ڕازی نەبوو ئەم وەرچەرخانە ڕوو بدات، بەڵام سەرەنجام تەسلیم بوو، ئێستا سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی لە بەردەم هەمان چارەنووسدایە، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانییەكی گەورە، ئەوەیە ئێستا جیهان نیگەرانی ئەوەیە دەسەڵات لە ئیرادەی ئازادی مرۆڤ دەگوازرێتەوە بۆ ئۆلگۆریزم و زیرەكی دەستكرد، لە وڵاتی ئێمە (عێراق) و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند وڵاتێكی ئیسلامی خەریكی ئەوەن بمانگێڕنەوە بۆ حوكمڕانیی سیۆكراسی و بە ناوی “خوا”وە حوكمڕانیمان بكەن.

Top