پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گفتوگۆکانی ناوکیی ڤیەننا وەدی هاتووە

پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گفتوگۆکانی ناوکیی ڤیەننا وەدی هاتووە

بە گوتەی سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كاتی ئامادەبوونی لە ڤیەننا ئاماژەی بەوە كردووە  کە گفتوگۆكانی پەیوەست بە بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

 

لەلای خۆشیەوە عەلی شەمخانی گەورە بەرپرسی ئاسایشی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە   گفتوگۆكان لەگەڵ دانوستانکارانی ئەوروپا بەردەوام بوونە و هێشتا  بەردەوام دەبێت لە کاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە بەرنامەی کاردا نەبوون، چونکە ئەوان ڕۆڵیان لە هیچ پێشكەوتنێكدا نییە. ئاماژەشی بەوەکرد  كە ئەو کێشانەی ماونەتەوە كێشەی زۆر قورس و سەختن.

 

هەرچی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزە بە رلە چەند ڕۆژێك لە هەواڵێكدا ڕایگەیاندبوو کە ڕێکەوتنێکی ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت، دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکە، کە واشنتۆن لە سەردەمی ترەمپ و لە ساڵی 2018 كشانەوەی خۆی لەم ڕێككەوتنە ڕاگەیاندبوو.

 

شایانی باسە ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانییان لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکانی ئێران هەیە و پێیان وایە ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکی دەدات.

Top