دیزاینەر شنیار تەها: بە بڕوابەخۆبوون و هەوڵەكانم توانیم متمانەی بەرامبەر بە دەست بهێنم

دیزاینەر شنیار تەها:  بە بڕوابەخۆبوون و هەوڵەكانم توانیم متمانەی بەرامبەر بە دەست بهێنم

 

 

خانمانی كوردستان لە ئێستادا توانیویانە بەربەستەكانی بەردەمیان بشكێنن، هاوكات لە مەیدانی كار و قازانجكردن بوونی خۆیان بسەلمێنن و، بە ڕەگەزی بەرامبەر بڵێن: «ئێمەش هەین». بەشێكی خانمان كە بە هۆی نەبوونی بڕوانامە، یان نەبوونی هەلی دامەزراندن لە كەرتی گشتی چانسی كاركردنیان بۆ نەڕەخساوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی بەرفراوان بەو بەهرەیەی كە هەیانە، ئەسپی خۆیان تاو داوە و لە نێو ماڵەكانیان كار دەكەن و، لە دەستخستنی بژێوی خێزان بەشدارن. شنیار تەها خانمێكی تەمەن 27 ساڵەی دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەییە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە كارەكانی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* چۆن بوو ڕووت لە كاری دیزاین و چنین كرد؟

- لە منداڵییەوە كاری چنینم زانیوە و وەك خولیایەك لەم ساڵانەی دواییدا پەرەم پێ داوە. سەرەتای كاركردنیشم دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتوویی و بەتوانایی دایكم، كە ئەویش لە منداڵییەوە كاری چنینی زانیوە و كردوویەتی، هەمیشە خواستێكی زۆر لەسەر كارەكانی دایكم هەبووە، ئێستاش بەردەوامە و هاوكاری تەواوەتی منە. لە وەتەی بیرم كردووەتەوە چنینم زانیوە، سەرەتایەكم بیر نایەت، بڵێم ئەو كاتە دەستم پێ كردووە. زۆر منداڵ بووم، دایكم هەندێك چنینی پێ ئەسپاردم، ئەیوت ئاوا بەو نەخشە بیكە، منیش دەمكرد بێ ئەوەی فێركاریم بۆ دابنێ. بۆیە دەتوانم بڵێم كارەكەم بەهرەیەكی بۆماوەییە لەدایكمەوە. ئێستا من تەنیا كاری دیزاین و چنین دەكەم، بەڵام پلانم هەیە بۆ داهاتوو كاری دروومانیش بكەم، چونكە خواستی زۆری لەسەرە و، زۆر داوام لێ دەكرێت كە كاری دروومانیش بكەم. پەنا بەخوای بێ هیوایان ناكەم. كارەكەم بریتییە لەوەی دیزاین بۆ چنین دادەنێم لە سەر  كاڵاكان، بە تایبەت جلوبەرگ، بۆ هەموو جلو بەرگێك، بەڵام زۆرترین خواست لەسەر جلوبەرگی كوردی هەیە و، كاری چنینیش بۆ جوانكارییەكانی ناوماڵ دەكەم.

* تا پۆلی چەندت خوێندووە و بۆچی خوێندنەكەت تەواو نەكرد؟

- قۆناغی ئامادەییم تەواو كردووە، واتە 12م تەواو كرد، بەڵام ئەو بەشەی  حەزم لێی بوو، لە دەرەوەی شار وەریان دەگرتم، منیش بەهۆی ئەوەی شووم كردووە و دایكی كچێكم نەمتوانی جێی بهێڵم و درێژە بە خوێندنەكەم بدەم.

* ئایا هاوسەرت لە سەرەتاوە بۆ كارەكەت هاوكار بوو، یان ڕێگری دەكرد؟

- بێگومان هاوسەرەكەم بەشێكی گرنگ بووە بۆ سەركەوتنەكانم و هەر لە سەرەتاوە پێی خۆش بووە ئەو كارەی دەیزانم پەرەی پێ بدەم.

 * كاركردن چ هەستێكی بە شنیار تەها بەخشیوە؟

- هەستێك كە بتوانم جیاواز بم. بە بڕوابەخۆبوون و هەوڵەكانم توانیم متمانەی بەرامبەر بە دەست بهێنم. گرنگترینیان میهرەبانییە بۆ كەسانێك كە تامەزرۆن بۆ كارەكانت و تۆش بتوانیت هاوكارییان بكەیت، بەوەی لایەنی ماددی پشتگوێ بخەیت و ئامانجت دڵخۆشكردن بێت، ئەمەش وا دەكات، ڕەزامەندیی زۆر و متمانەی كەسەكان بە دەست بهێنیت و، نەك جارێك، بەڵكو چەندین جار پەیوەندیت پێوە بكەنەوە و دەستخۆشیت لێ بكەن، ئەو كات هەموو ماندووبوونێك لەبیر دەكرێت.

* كاركردنی خانمان و ئابووریی سەربەخۆیان تاچەند بە گرنگ و پێویستی دەزانیت؟

- بە ڕاستی زۆر گرنگە ئافرەت خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ بێت. لەوانەیە بەخێوكەری ئافرەت هیچ كەموكووڕییەكی نەبێت و لە هیچ شتێكی كەم نەبێت، بەڵام كاتێك ژنێك دەبیتە خاوەن داهاتێكی سەربەخۆ، ئەگەر بڕەكەی كەمیش بێت، بڕوابەخۆبوونی زۆر زیاتر دەبێت، مامەڵەكردنیشی جیاواز دەبێت. زۆر كارمان هەیە، تایبەتن بە ئافرەتان و ئەو كارانەش بە گشتی لە توانا و تاقەتی ئافرەتاندایە و لەو كارانەشدا زۆر سەركەوتوو دەبن. من هەمیشە هەوڵم داوە سوود بگەیەنم بە كەسەكانی چواردەورم و بەردەوام بە بێ بەرامبەر ئامادەیی خۆمم دەربڕیوە بۆ كەسانێك كە خولیای فێربوونی هەر كارێكی چنینیان هەیە، هەر كاتێك هەر كەسێك ئارەزوومەند بێت، من دەتوانم هاوكاری بكەم بۆ ئەوەی بتوانێت سودێك بۆخۆی و چواردەوریان بەدەست بهێنێت.

* ئایا بۆ ڕۆژانی داهاتووت چ پڕۆژەیەكت هەیە؟

- دوو پڕۆژەم هەیە. یەكەم، لەپاڵ كاری چنینەكە بتوانم كاری دروومانیش بكەم. دووەم، لە هەوڵدام بۆ كاركردن لەگەڵ گرووپێكدا، واتە كۆمەڵە دیزاینەرێك كارەكانمان بكەین بە یەك و هاوكاری یەكتر بكەین و كارەكەمان گەورەتر بكەین.

* وەك دەبینین لەم دواییانە خانمان بە شێوەیەكی بەرفراوان بەو بەهرەی كە هەیانە، ئەسپی خۆیان تاو داوە و لە نێو ماڵەكانیان كاردەكەن، چ لە لایەنی دروومان و نەخش و دیزاین، چ لەلایەنی نانكردن و چێشتلێنان،

ئەوە تاچەند بە كارێكی باش و بەسوودی دەبینیت؟

- من پێم باشە هەر ئافرەتێك لە هەر بوارێكدا بەهرەیەك، یان توانایەكی هەیە، جا چ لە ماڵەوە، یان لەدەرەوەی ماڵەوە بێت، پەرە بە بوارەكەی خۆی بدات و، بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هاوكاریی خێزانەكەی بكات، بۆ ئەوەی هیچ تاكێك دەستەوەستان نەبێت و تەنیا چاوەڕێی كەسێك بكات، بژێوی دابین بكات، بەڵكو بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی پێویستە ژیانی بەرهەم بهێنێت

‎‎* بە داهاتەكەت تا چەند هاوكاریی خێزانەكەت دەكەیت؟

- هاوسەرەكەم نایەڵێت لە داهاتم هیچ سەرف بكەم، دەڵێت هەڵیبگرە بۆ خۆت، پارەی خۆتە، ئەو مەسرەفی منیش و منداڵەكەش و ماڵەوەش دەكات.

* كەواتە لە سەرەتاوە بە هۆی بارودۆخی خراپی داراییت كارت نەكردووە، هۆكاری سەرەكیی كاركردنت چی بووە؟

-  سوپاس بۆ خوا پێویستم نەبووە، بەڵام بەهرەكەم هەبوو، كارم بۆ خۆم دەكرد، كە خەڵك دەیانبینی، زۆریان حەز لێ بوو، زۆر جار داوایان دەكرد كاریان بۆ بكەم، چواردەوریشم پێیان دەوتم، تۆ ئەم كارانە دەزانیت، گوناحە كار بۆ خەڵك نەكەیت، هەموو دوات لێ دەكەن، ئیتر منیش وتم با بیكەم و تاقی بكەمەوە بزانم چۆنە، سوپاس بۆ خوا كارەكەم زۆر باش ڕۆیشت و جێی ڕەزامەندی بوو.

* ئامۆژگاریت بۆ ئەو ئافرەتانە چییە كە بەهرە و توانای كاركردنیان هەیە، بەڵام ڕیگرییان لێ دەكرێت لەلایەن خێزانەكانیان، یان پاڵپشتی ناكرێن؟

- ئەو كێشەیە لە وڵاتی ئێمە زۆر بوو، ئەگەرچی ئێستا تا ڕاددەیەك ئافرەتانمان ڕێگەپێدراون بۆ كاركردن، بەڵام بە ڕێژەیەكی بەرچاویش ئافرەتمان هەیە كە ڕێگرییەكی زۆر هەیە لە بەردەمیان بۆ بەرەوپێشچوونی بەهرەكانیان، یان باشتركردنی ژیانیان. هیوادارم ئەم بیروڕایە كۆتایی پێ بهێندرێت و ئەو بەرگە فڕێ بدەن، كاتێك توانا دەبینن لە ئافرەتەكانماندا، با لەجیاتی ڕێگری، پاڵپشتیی بن، ئەو ئافرەتانەش كە هیوا و ئامانجێكیان هەیە بۆ كاركردن، پێیان دەڵێم: هەرگیز هیواكانتان ژێر گڵ مەنێن، پشت بە خوا ببەستن ولا دڵنیا بن، ئەمڕۆ نا سبەی ئامانجەكەتان دێتەدی. هەر ڕۆژێكی نوێ، با دەستپێكی  هەنگاونانت بێت بۆ ئامانجەكانت. هەوڵدان بۆ لوتكە گرنگ نییە، مانەوە و بەردەوامبوون شەرتە. هەمیشە خەمە قووڵەكانت بە زەردەخەنەیەك دەر ببڕە.

 

Top