شاجوان كاوە: هیوادارم بتوانم بڕاندێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت

شاجوان كاوە:  هیوادارم بتوانم بڕاندێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت

 

 

ئەو خانمانەی دوور لە كەرتی گشتی و كاری حكوومی تێكەڵ بە بازاڕی كار بوون، لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا ژمارەیان كەم نییە، لە هەرێمی كوردستانیش ئافرەتانی دەستڕەنگین و خاوەن كار ڕێژەیان لە بەرزبوونەوەدایە و زۆربەشیان لە كاری خۆیاندا سەركەوتوو بوون. شاجوان كاوە، یەكێكە لەو ئافرەتانە و لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات و داوا لە ئافرەتانی كوردستانیش دەكات «ڕێگە نەدەن بە بیانووی ئافرەتبوون و بە زەعیفە ناوبردنیان خەونەكانیان لە گۆڕ بنێن».

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شاجوان كاوە ساڵی 1998 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، خوێندنی ئامادەیی تەواو كردووە و لە ساڵی 2019 ژیانی هاوسەری پێك هێناوە. وەك خۆی باسی كرد دایكی كچێكی بچووكی جوانە، سەبارەت بە جۆری كارەكەشی گوتی: « كارەكەشم بریتییە لە دروستكردنی ئێكسسوارات، بەتایبەت ئەو ئێكسسواراتانەی بۆ سەر جلی ڕەسەنی كوردی بەكار دێن، وەك ئافرەتێك منیش دەمویست خاوەن پیشەی خۆم بم و ئەو بەربەستە بیشكێنم كە لە كۆمەڵگەدا بۆ خانمان هەیە، حەزی خۆم بۆ كارەكە و پێویستیی ژیانیش هۆكاری دیكە بوون بۆ دەستكردن بە كاركردنم، هەروەها دەمویست وەكو ئافرەتێك شان بە شانی هاوسەرەكەم كار بكەم، نەك تەنیا چاوەڕێی دەست و گیرفانی ئەو بم.» ئەو خاتوونە نایشارێتەوە كە سەرەتا هاوسەر و خێزانەكەی بە كاركردنی ڕازی نەبوون و ڕێگرییان لێ كردووە. ئەوەتا دەڵێت:

«هاوسەرەكەم دەیوت ناتوانی و كاتت نابێت، بە حوكمی ئەوەی چاوەكانیشم كەمێك لاواز بوون، خێزانەكەم پێیان باش نەبوو كار بكەم. دواتر منداڵم بوو، هاوسەرەكەم وتی: ناتوانی منداڵ و ماڵ و زۆر ئەركی دی جێبەجێ بكەیت، منیش چاوەڕێم كرد تا تەمەنی كچەكەم بوو بە ساڵێك، دواتر لەسەر ئیزنی خوا و ویستی خۆم و قەناعەتكردن بە هاوسەرەكەم دەستم بەكار كرد و، داوی ئەوەش هاوسەرەكەم پاڵپشتیی گەورەی من بووە. لە ئێستادا خاوەنی پەیجێكی بچووكم و هەر لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ئێكسسواراتی دەستكردی خۆم دەفرۆشم، ئارەزوویشم ئەوەیە بتوانم بڕاندێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت و بتوانم هەلی كاریش بۆ ئەو خاتوونانە بڕەخسێنم كە بەهرەیەكیان هەیە و ئارەزووی كاركردنیان هەیە، بە پشتیوانیی خوای گەورەش هەر واش دەبێت».

كاتێك پرسیارمان لە شاجوان كاوە كرد، ئایا تا چەند متمانەت بە تواناكانت هەیە؟ گوتی: «متمانەبەخۆبوونم زۆر زیاترە لە متمانەم بە تواناكان. مرۆڤ تا متمانەی تەواوی بە خۆی نەبێت، ناتوانێت دەرك بە تواناكانی بكات. بۆ هەر كار و كردەوەیەكیش ئەگەر مرۆڤ متمانەی بە خۆی نەبێت، ناتوانێت بە سەر ئەو ترسانەی ناخیدا زاڵ بێت. بە بڕوای من متمانەبەخۆبوون خودی سەركەوتنە».

وەك پەیامی بۆ خانمان و دواوتەی خۆیشی گوتی: «دەمەوێت بڵێم ژیان هەلێكی زێڕینە و ڕێگە مەدەن بە ئاسانی لە دەستتان بچێت. هەندێك كات و هەندێك دەرفەتت بۆ دەڕەخسێت لە ژیاندا، پێویستە ئەو كات و دەرفەتە وەكو فیرعەونێكی مۆمیاكراو بپارێزێت. بەتایبەت دەمەوێت بە خانمان بڵێم: ڕێگە مەدەن بە بیانووی ئافرەتبوون و بە زەعیفە ناوبردنتان خەون و خەیاڵەكانتان لە خاك بنێن. هەمیشە ئەوە بزانن مێشكی ئێمە وەكو موگناتیسێكە ڕێگە بدەن ئەم موگناتیسە تەنیا سەركەوتن بەرەو ئامانجەكەت كێش بكات، نەك دوودڵی و ترس و دۆڕان».

Top