*لە پەیامیکیدا بەبۆنەى رۆژى جیهانى کرێکارانەوە: غەفوور مەخموورى : پێویستە کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان ژیانێکى شایستەتریان بۆ دابینبکرێت*

*لە پەیامیکیدا بەبۆنەى رۆژى جیهانى کرێکارانەوە: غەفوور مەخموورى : پێویستە کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان ژیانێکى شایستەتریان بۆ دابینبکرێت*

 

میدیا - هەولێر:
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان ؛ بەبۆنەى رۆژى جیهانى کرێکارانەوە لە پەیامیکیدا وێڕاى پیرۆزبایى لە کرێکاران و رەنجدەران، داواى ژیانێکى شایستەتریان بۆ دەکات و، لەهەمان کاتدا داوا دەکات کەوا لە کوردستان (یاساى بیمەى بێکارى) بەشێوەیەکى سەردەمییانە دابڕێژرێت و پەسەند بکرێت و بخرێتە وارى جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان سوودى لێببینن و، لە رێى ئەم یاساوە کار بۆ پاراستنى مافەکانیان بکرێت. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

بەرزو پیرۆزبێت رۆژی جیهانیی کرێکاران و رەنجدەران
بە بۆنەی يەکی ئايار ؛ رۆژی جیهانیی کرێکاران و رەنجدەرانەوە، پڕ بەدڵ پیرۆزبایى لە تەواوى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان و هەموو جیهان (ئافرەتان و پیاوان) دەکەین و رێزو خۆشەویستى خۆمانیان پێڕادەگەیەنین و، هیوای شادى و سەرکەوتنيان بۆ دەخوازین.
کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان کەوا بنیاتنەرى وڵاتن، لە ژیانێکى زەحمەتدا دەژین و دەتوانین بڵێین بەهۆى رەوشى ئابوورى کوردستان و بێکارى ؛ زۆر بە زەحمەت دەتوانن بژێوى ژیانیان دابین بکەن، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندارەکانى کوردستان دەکەین کەوا بایەخى تەواویان پێبدرێت و ژیانێکى شایستەتریان بۆ دابینبکرێت و رەنج و ماندووبوونیان لەبەرچاو بگیرێت، لەهەمان کاتدا داوادەکەین کەوا لە کوردستان (یاساى بیمەى بێکارى) بەشێوەیەکى سەردەمییانە دابڕێژرێت و پەسەند بکرێت و بخرێتە وارى جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان سوودى لێببینن و، لە رێى ئەم یاساوە کار بۆ دابینکردن و پاراستنى مافەکانیان بکرێت.
رێزو خۆشەویستی دووبارەمان بۆ تەواوى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان و جيهان هەیە و، هیواى ژیانێکى باشتریان بۆ دەخوازین.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
١ / ٥ / ٢٠٢٢

Top