مـیسـك

مـیسـك

سەرچاوەی (میسك) ئاسكی كێوی (ئاسكی میسك)ـە كە ناوە زانستییەكەی بریتییە لە (Moschus moschi ferus)، ئەویش بە شێوەی كیسێكی پێستی شێوە لووە، كە ئەندازەكەی بە قەدەر پرتەقاڵێك دەبێت و كێشەكەی 20-30 گرام دەبێت و 10-20 گرام لە تۆزی میسكی تێدایە، كە بەو تورەكەیە دەگوترێت (فأرە المسك)و، ناوە زانستییەكەشی بریتییە لە (Musk in Pods)، خودای گەورە ئەم تورەكە بچوكەی لە نێرەی ئاسكدا دروست كردووە، تا بە هۆیەوە هەستی مێیەكان بۆ لای خۆی بجوڵێنێت، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، شێوازی دەستخستنی میسكیش داوی ئەوە دەبێت كە ئەو تورەكەیە بە تەواوی پێدەگات و وشك دەبێتەوە، ئەو كات لە ئەنجامی خۆخوراندن و لێخشانی ئاسكەكە لە بەردو دار، تورەكەكە لە لاشەی ئاسكەكە جیا دەبێتەوەو دەكەوێتە خوارەوە، ئەو كات كۆدەكرێتەوەو تۆزی میسكەكەی لێ‌ دەردەهێنرێت، بە پێی ئەندازە وا باس دەكرێت كە بۆ بەدەست خستنی تەنیا یەك كیلۆ میسك، پێویستمان بە 160 ئاسك هەیە، میسكی ئاسك لە زۆر بواردا بەكار دەهێنرێت، بە جۆرێك 90%ی بەرهەمی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و بەهێزكردنی چاو بەكار دەهێنرێت، هەروەها بۆ بەهێزكردنی ئەندامەكانی هەناو بە شێوەی خواردنەوەو بۆنكردن،‌ وە بۆ چارەسەری ئەندامەكانی دەرەكی بە شێوەی خستنە سەر شوێنەكە، وە 10%ی بەرهەمی میسكیش لە دروستكردنی بۆن و عەتردا بەكار دەهێنرێت، چونكە میسك لە پێكهاتەیدا 1.4% زەیتی (گیار)ی تێدایە، كە رەنگێكی رەشی مەیلەو بۆری هەیەو، بۆنێكی ئارام و خۆشی هەیە، نرخەكەشی پێنج هێندەی نرخی ئاڵتونە. هەروەها پێك دێت لە چەند هۆرمۆنێكی ئەستیرولیە، لە گرنگترینیان مسكوبایریدین(Muskcopyridine)و هەروەها چەند ئەنزیمێك.

 

Top