ئایا قاوە ئاستی كۆلیستیرۆڵ بەرزدەكاتەوە؟

ئایا قاوە ئاستی كۆلیستیرۆڵ بەرزدەكاتەوە؟

قاوە جگە لە كافائین، ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت، كە سوودی تەندروستییان هەیە، وەك كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی جگەر، خەمۆكی، هەروەها نەخۆشیی پاركینسۆن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوەی زانكۆی ئەركتیك لە نەرویژ، ئەو كەسانەی كە زۆر قاوە دەخۆنەوە، پێویستە پێشبینی ئەمە بكەن كە لەوانەیە ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێنیان بەرزبێتەوە، بەتایبەتی كە رۆژانە زیاتر لە سێ كوپ قاوەی فلتەرنەكراو Unfiltered دەخۆنەوە. بەگشتی شێوازی ئامادەكردنی قاوە رۆڵی هەیە لە ئەگەری زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵدا، بۆنموونە: بە كوڵاندنی قاوە و فلتەرنەكردن ئەم ئەگەرە زیاتر دەبێت، كەچی ئەم ئەگەرە لە قاوەی ئێسپرێسۆ Espresso و خێراتواوەدا كەمترە. بێگومان رۆژانە خواردنەوەی بڕی زیاتری قاوەی لەم جۆرانە ئەگەری بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆڵ زیاتر دەكات، بۆنموونە: رۆژانە خواردنەوەی شەش كوپ یان زیاتر، هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ ماددە چەورە سرووشتییەكانی قاوە، بەتایبەتی ماددەی كافێستۆڵ Cafestol كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ترشی زراو و ماددە ستیرۆلەكان Sterols، ئەمەش هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵ، هەروەها بە كوڵاندن و زیادهێشتنەوەی قاوە لە ناو ئاوی گەرمدا بۆ ماوەیەكی زۆر، دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی ئەم ماددە چەورانە لە ناو قاوەدا.

Top