سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا دەكات

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25/5/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەرۆكایەتیی بەڕێز ناتالی لۆیزۆ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە لە نزیكەوە ئاگاداربوونی دۆخی ناوچەكەیە و گرنگیی سەقامگیریی ناوچەكەیان بۆ ئەورووپا باس كرد و ڕۆڵ و قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعش و تێڕوانینی واقعییانەی هەرێمی كوردستان بۆ دۆخی ناوچەكە بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكاری و هاریكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی سەختی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی لە ناوچەكانی ماددەی سەد و چل بەرز نرخاند و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانیش، بەردەوامیی هاریكاری و پشتیوانیی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، بە پێویست زانی.

دەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستووری عیراق و گفتوگۆ كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی دیدگای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەكە خستە ڕوو كە دەخوازێت فاكتەری سەقامگیری و ئارامیی ناوچەكە بێت و كێشەكانی ناوچەكە بە ڕێگەی لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن.

پرۆسەی سیاسیی عیراق و بڕیارەكانی دادگای فیدرالی ، هاوكاریی وڵاتانی ئەورووپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەرباسبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئێستای عیراق، لێكەوتەكانی شەڕی ئۆكراینا، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، پرسی مافەكانی مرۆڤ و هاوسەنگیی جێندەری، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە بەڕێزان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەلجیكا نوێنەری نووسینگەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.

 

Top