ڕاگــەیــەنــدراوێــک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگــەیــەنــدراوێــک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

 

رۆژی ١٨ ی ٦ی ٢٠٢٢ ، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردی بناغەی ١٠٠٠ هەزار قوتابخانەی نوێی لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی عێراقی - چینی دانا ، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لەو پارێزگایانە دەکەین کە لە چوارچێوەی هەرێم رێکنەخراون و ڕامان وایە شیاوی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشن . بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بێبەشکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە کە ١٥٠ قوتابخانەیە و بە نوسراومان ژمارە ٣٧٤ لە ٢٣ ی ١١ ی ٢٠٢٠ ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالمان کردووە، پارێزگارە بەڕێزەکانی کوردستان لەسەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێکەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەکانە ، لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش لە ٢٠١٤ وە ، زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان ڕوویان کردە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ، ئێستا زیاتر لە ١٨٠٠٠٠ سەد و هەشتا هەزار قوتابی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ تەرخانکردوون، بەجۆرێک قوتابخانەی یەک دەوامیمان بووەتە دوو دەوامی و دوو دەوامی بۆتە سێ دەوامی بەهۆی ئەو تەرخانکردنەوە کە ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی لێی دەڕوانین ، تەنانەت داوای ١٠ دە ملیار دیناری عێراقیمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە و حکومەتی عێراقی فیدرال رەتی کردووەتەوە .
دووبارە پیرۆزبایی لە گەلانی عێراق دەکەین و وێرای بێبەشکردنمان ، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە سەر پێکەوەژیان و خزمەتکردنی قوتابیانی ئاوارەی ناوخۆ ، لەهەمانکاتیشدا نیگەرانی و نارازیبوونمان دەردەبڕین لەبەرامبەر بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان و داواش لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین، پەروەردە وەک مافێکی بنەڕەتی هەموو عێراقییەکان ببینێت بێ جیاوازی و پشکی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێبدرێت، بە پێچەوانەوە، بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێمەکەمان بەهەموو پیکهاتەکانییەوە، مانای وایە حکومەتی عێراقی فیدرال، سیاسەتی گەشەپێدانی هاوسەنگ، ناگرێتەبەر بۆ هەموو عێراقییەکان.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٦/١٨

Top