هونەرمەند وەیسی محەمەد بۆ گوڵان: من ئەوكاتەی كە بێدەنگم زیاتر سەرقاڵی كاری هونەریم

هونەرمەند وەیسی محەمەد بۆ گوڵان: من ئەوكاتەی كە بێدەنگم زیاتر سەرقاڵی كاری هونەریم

وەیسی محەمەد یەكێكە لەو هونەرمەندە بە ئەزموونانەی كە ساڵانێكی زۆرە خەرێكی گۆرانیگوتنە، خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵاندا تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی، بەتایبەتی كەمتر دەركەوتنی و نەبوونی كلیپی تازەی گۆرانی بۆ بەرهەمەكانی.

هونەرمەند وەیسی محەمەد بۆ گوڵان: من ئەوكاتەی كە بێدەنگم زیاتر سەرقاڵی كاری هونەریم

٭ماوەیەكی زۆرە لە جیهانی هونەری كوردیدا بەردەوامیت، ئێستا بەراورد بە سەرەتای دەستپێكردنت لە هونەری كوردیدا چی گۆڕاوە؟
-لەبەر ناڕازیبوونم لە دۆخ و ئاستی موزیكی باشووری كوردستان، گشت كارە هونەریەكانم لە شاری كرمانشا تۆماركردووە، بە هاوكاریی موزیكژەنی بەتوانا وەحید كرماشانی
* هۆكار چییە هونەری كورد جیاوازە، لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا هونەری كوردی بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە لە زۆر رووەوە؟
- بەدڵنیایی هونەری كوردی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە ئاستی كوردستانی گەورە گۆرانی و موزیكی كوردی پێشكەوتووە، بەڵام بەداخەوە میدیای كوردی لێی بێخەبەرە.
* بە رای ئێوە تەكنەلۆجیا و سۆشیال میدیا خزمەتی هونەرمەندی كوردیی كردووە، یان بە پێچەوانەوە؟
-سۆشیالمیدیای كوردی لە دۆخی فەوزادایە، بەڵام لە داهاتوودا باشتر دەبێت.
* كێ بەرپرسە لە دۆخی ئێستای هونەری كوردی؟
- دەسەڵات بەرپرسە لە ئاراستەكردنی فەرهەنگی میللەتەكەی تا نەوەیەكی خاوەن ناسنامەو پێشكەوتوو بەرهەم بهێنێت.
* ساڵانێكی زۆرە لە بوواری هونەریدای، بەڵام ماوە ماوە بێدەنگ دەبیت، هۆكارەكەی چییە؟
-من ئەوكاتەی كە بێدەنگم، زیاتر سەرقاڵی كاری هونەریم، بە بڕوای من زۆر خۆنمایشكردن نیشانەی ئەوپەڕی بەتاڵییە، كاری هونەری پێویستی بە تەنیایی قووڵ هەیە، بۆئەوەی بتوانیت گۆرانیی جوان بەرهەم بهێنیت، لەماوەی بێدەنگیی ئەم چەند ساڵەمدا كۆمەڵێك گۆرانیی تازەم تۆمار كردووە، بەڵام بەداخەوە میدیای كوردی لە من زۆر بێخەبەرە.
* لە كام بەشی كوردستان پێشكەوتنی زیاتر بەدی دەكرێت؟
-ئاستی گۆرانی و موزیكی كوردی لە ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان زۆر زۆر بەرزترە، بەتایبەت موزیكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئاستی جیهانیدایە.
* چۆن دامەزراوە حكومییەكان یارمەتیدەر دەبن لە پێشكەوتنی هونەری كوردیدا؟
- دەسەڵات و میدیا بەگشتی لێرە ڕۆڵی ئاراستەكردن دەبینێت، ئەگینا بەشی زۆری جەماوەری ئێمە ئاستی ڕۆشنبیریی لاوازە، واتا بەركارە نەك كارا.
* دوایین كاری هونەریتان چییە؟
-ئێستا سەرقاڵی چەند گۆرانییەكی تازەم لەگەڵ مامۆستا وەحید كرماشانی بە هاوكاریی ئۆركێسترا لە شاری كرماشان كە من ئەم شارە بە دایكی موزیكی كوردی دەزانم.

Top