جەیمس سپێرلێنگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئاكرۆن بۆ گوڵان: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێیان ناوەتە قوناغێكی نوێی شەڕی ساردەوە

جەیمس سپێرلێنگ  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئاكرۆن بۆ گوڵان:     پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێیان ناوەتە قوناغێكی نوێی شەڕی ساردەوە

 

 

جەیمس سپێرلێنگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئاكرۆن، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئاسایشی ناتۆ، ڕۆڵی ناتۆ، ئاسایشی ئەوروپا، كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و، لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* مشتومڕێكی زۆر لە بارەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە دەكرێت، كە ئاشكرایە لە ئێستادا ئەم شەڕە درێژەی كێشاوە و، هیچ بەرەوپێشچوونێكیش بۆ كۆتاییهێنان و ڕاگرتنی ئەم شەڕە لە ئارادا نییە، ئێوە چۆن لە هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە دەڕوانن و، پێتان وایە بۆچی ڕووسیا پەنای بردە بەر بژارەیەكی لەم چەشنە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە هۆكارەكانی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە، یان پاساو و بیانووەكانی ڕووسیا بۆ پەنابردنەبەر ئەم بژارەیە، ئەوا دەتوانین ئاماژە بە سێ خاڵ بكەین، كە پەیوەندییان بە بڕیاری ڕووسیا بۆ داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیاوە هەیە، واتە بانگەشەكانی ڕووسیا لەم ڕووەوە بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە: یەكەم، ترس و نیگەرانی كە بوونە هۆی ئەوەی ڕووسیا ئەنجامدانی هێرشێكی پێشوەختی لەم چەشنە بە پێویست بزانێت، بۆ ئەوەی ڕێگری و پێشگیری بكات لەوەی كە لە ئایندەدا ئۆكرانیا نەبێتە ئەندامی ناتۆ، خاڵی دووەم بریتی بوو لە خواستی ڕووسیا بۆ بەرفراوانكردنی بازنەی بەرگریی وڵاتەكەی، بە ئاراستە و ئاقاری ڕۆژئاوادا، بۆ بەرگرتن و ڕێگریكردن لە هەر هەڕەشەیەكی گریمانەكراوی سەرچاوەگرتوو لە ناتۆوە، سێیەمیان خواستێكی چەواشەكارانە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و دامەزراندنەوەی ڕووسیای خەیاڵكردی لە دەستچووی ڕۆژگاری شەڕی سارد، هەر یەكە لەم هۆكارانەش هەندێك ڕۆڵیان هەبووە لە بڕیاری پەیوەست بە داگیركردنی ئۆكرانیاوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە گوترا و ئاماژەی پێ كرا، ئەوا ئاستەنگ بۆ ئەندامێتیی ئۆكرانیا درووست بوو، بە هۆی پێوەرەكانی بەرفراوانبوونی پەیوەست بە ئەندامێتییەوە (چارەسەركردنی ناكۆكییە هەڵپەسپێردراوەكانی پەیوەندیدار بە خاكەوە) بە هۆی ئەوەی ڕووسیا هەرێمی كریمیای داگیر كرد و كردیە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەی خۆی، پرسی دووبارە بنیاتنانەوەی ڕووسیای خەیاڵكرد پاساوێكی بەهێزی بۆ ناسیۆنالیستەكان دەستەبەر كرد، بۆ ئەوەی بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیا بدەن، بەڵام پێناچێت ئەمە بە تەنیا پاساوەكە بێت، بەهۆی ئەوەی باجی داگیركارییەكە قورس بوو، لە دەرئەنجامدا دەتوانم بڵێم كە بە هۆی ئەوەی ئامانجی كردنی هەرێمی دونباس و كەنارەكانی دەریای ڕەشی ئۆكرانیا بە بەشێك لە خاكی ڕووسیا بووەتە ئامانجێكی ستراتیژی، ئەوا دەكرێت بڵێین كە ئامانجی ڕووسیا بەرجەستە بووە لە بەرفراوانكردنی بازنەی بەرگری و كۆنتڕۆڵكردنی دەریای ڕەش، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا ئۆكرانیا بكاتە وڵاتێكی داخراو و هیچ دەروازەیەكی دەریایی نەبێت، جگە لە بەندەرەكانی ڕووسیا.

* زۆرێك لە شرۆڤەكاران و تایبەتمەندانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەم شەڕە وەرچەرخانێكە لە سیاسەت و پەیوەندیی نێوان هێزە مەزنەكاندا، ئایا ئێوە تا چ ڕاددەیەك هاوڕان لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا و، ئایا لێكدانەوەیەكی دروستە بڵێین كە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێی ناوەتە نێو قوناغێكی نوێی شەڕی ساردەوە؟

- بە تێڕوانینی من، گرنگترین پەند و وانە لەم شەڕەوە ئەوەیە كە هێشتا بەرژەوەندییە ماددییەكان و تەنگژەی ئەمنیی فاكتەری یەكلاكەرەوەن لە ڕەنگڕێژكردنی پەیوەندیی نێوان هێزە مەزنەكان، هەروەها ڕەنگە بتوانین ئەمە بەو شێوەیە لێك بدەینەوە كە ئەمە ئاماژەیە بە نەبوونی سیاسەتێكی جێگیر لە نێو ڕۆژئاوادا، لە بارەی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ڕووسیاوە (بە تایبەتی لە پەیوەندی بە گەمژەیی، یان ژیریی پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیاوە)، كە ئەم بارودۆخە پتر ئاڵۆز بوو، بە هۆی ئەوەی لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستی هەڵگرت لە سەركردایەتیكردنی جیهان، كە ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێویە نەبووایە، ئەوا دەكرا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ئۆكرانیا كەمتر ببوایەتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی سوودی ئەگەری لكاندنی ناوچە گرنگەكانی خاكی ئۆكرانیا و، بێلایەنكردنی ئۆكرانیا وەك هاوپەیمانێكی سەربازیی ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە ڕووسیا- بە سەركردایەتیی پوتین- بە بێ ئەوەی مەبەستی بووبێت، شەڕێكی نوێی ساردی هەڵگیرساندبێت، بەڵام بە پێچەوانەی شەڕی ساردی پێشوو دەكرێت كۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت، ئەگەر ڕووسیا بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی پێش ساڵی 2014 یان ئەگەر ڕێككەوتنێكی پەیوەست بە خاك لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بێتە ئاراوە.

* هەر سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی، یان ململانێی هێزە مەزنەكان، هەندێ لە چاودێر و شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كە ئەم شەڕە بزمارێكی دیكەیە لەوەی پێی دەگوترێت سیستمی نێودەوڵەتی، یان سیستمی بنیاتنراو لەسەر بنەمای ڕێساكان، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- من پێم وایە ئەوەی پێی دەگوترێت مەترسی لەسەر سیستمە جیهانییەكە، ئەوا ئەم مەترسیییە لە ناڕازیبوونی ڕووسیا و چینەوە (لە نێوان وڵاتانی دیكەدا) سەرچاوەی گرتووە، لە ئاست ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە هاتە ئاراوە، كە پێی دەگوترێت سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان. ئەو وڵاتانەی كە ئاماژەم پێ كردن، خوازیاری ئەوەن ئەم هەلومەرجە بگۆڕدرێت و، لەم ڕووەوە دەیانەوێت شەرعییەت دابماڵن لەو ڕێسایانەی لە ئارادان و ڕەنگدانەوەی بەها و بەرژەوەندییە ماددییەكانی ڕۆژئاوان و دەیانەوێت هەندێ ڕێسای نوێ دابڕێژن، كە بگونجێن لەگەڵ ئایدیا و بەرژەوەندییە ماددییەكانیاندا، دواتر بە دڵنیاییەوە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ڕووسیاوە لە ئۆكرانیا، بە هێرش و پەلامار دادەنرێت بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتیی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان و بۆ سەر میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە داگیركردنی خاكەوە، بە بێ ڕەزامەندیی حوكمڕانیكراوەكان. هەرچۆنێك بێت، هێشتا چین بە هەڕەشەیەكی گەورەتر دادەنرێت بۆ سەر ئەو سیستمەی لە دوای جەنگی ساردەوە هاتەئاراوە، كە ئەم سیستمەش بوار دەڕەخسێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە بواری هاوبەشی دارایی و بۆشایی ئاسمانی و بواری ئەلیكترۆنی. لەم ڕووەوە ئەگەر چین بە شێوەیەكی فەرمی تایوان بكاتە بەشێك لە وڵاتەكەی، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێتە دوا بزمار لە تابووتی ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لەسەر ڕێساكان بنیات نرا، كە لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد هاتە ئاراوە.

* ئاشكریە كە لە ئێستادا ئەگەری ئەوە نییە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكیان یەكلا بكرێتەوە، بەڵكو گۆڕاوە بۆ هێرش و هێرشی پێچەوانە، ئێوە پێتان وایە، یان پێشبینی دەكەن شەڕەكە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا بڕوات و، ئایا بە بنبەستگەیشتن كۆتایی دێت، یان ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو هەڵكشان و بەرفراوانبوونی زیاتر بڕوات، یانیش دەكرێت لە ڕێی گفتوگۆوە بگەنە ڕێككەوتن و ئاگربەست؟

- بە تێڕوانینی من و لە ڕوانگەی خوێندنەوەی بارودۆخی شەڕەكە، ئەگەر ڕووسیا هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی وڵاتی مۆڵدۆڤاش داگیر بكات و، سەركەوتوو بێت لەوەی بتوانێت كەنارەكانی دەریای ڕەش لە وڵاتی ئۆكرانیا داگیر بكات، ئەوا بۆی هەیە شەڕەكە بەرفراوانتر ببێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بەم ساتەوختەی ئێستای شەڕەكەوە هەبێت، ئەوا پێدەچێت ڕووسیا زیاتر شەڕی ئیستنزاف بكات، ئەویش بەهۆی ئەوەی ڕووسیا وڵاتێكە كە قەبارەیەكی گەورەی هەیە و دەتوانێت باج و تێچوونی شەڕەكەش لە ئەستۆ بگرێت، لە هەمان كاتدا ڕووسیا ئامادەیە بەرەنگاری دەستتێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یان ئەوروپا بێت، لە كاتێكدا ئەم ئامادەییە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە لە ئاست ڕووسیادا بەدی ناكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا بتوانێت مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت لە پەیوەندی بە هەر ڕێككەوتنێك، یان ڕاگرتنی شەڕەكەوە، لە هەمان كاتدا زۆر زەحمەتە بتوانین وێنای ئەوە بكەین كە وڵاتی ئۆكرانیا لە ڕووی سەربازییەوە سەركەوتن بەدەست بهێنێت ( ئەمە ئەگەر بێت و سەركەوتنی سەربازیی ئۆكرانیا بەو شێوەیە پێناسە بكەین كە بریتییە لە گرتنەوەی سەرجەم ئەو خاكانەی لە ساڵی 2014وە، یان تەنانەت لە ساڵی 2021وە لەدەستی داون) ئەگەر بە تەواوەتی سوپای ڕووسیا، یان ئابووریی ئەو وڵات دووچاری داڕووخان و لەبەریەكهەڵوەشان بێت، یان بە شێوەیەك لە شێوەكان سەرۆك ڤلادمیر پوتین لە دەسەڵات دوور بكەوێتەوە. ئەوەی كەمتر ڕێی تێ دەچێت ڕووبدات ئەوەیە -كە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی یەكگرتووی ڕۆژئاوا- هەوڵی ڕووسیایە بۆ داگیركردنی وڵاتانی بەڵتیك كە ئەندامن لە ناتۆدا، بە تایبەتی كە بە ئەندامبوونی هەردوو وڵاتی فنلەندا و سوید دەبنە هۆی ئەوەی هەر هەوڵێكی داگیركاریی سەربازی بۆ سەر ئەم دوو هاوپەیمانەی ناتۆ، باج و تێچوونێكی سەربازیی گەورەی لێ بكەوێتەوە و، لە كۆتاییدا بە دۆڕان و شكست كۆتایی دێت.

Top