بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان کاتێک هیچ ڕێگرێک بەر بە وەحشیگەری ناگرێت: دەستدرێژییە شەرمەزارەکەی سەر پێکهاتەی کاکەیی

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان  کاتێک هیچ ڕێگرێک بەر بە وەحشیگەری ناگرێت: دەستدرێژییە شەرمەزارەکەی سەر پێکهاتەی کاکەیی

 

وەزارەتی پێشمەرگە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو سەبارەت دەەستدرێژیی دەستەیەکی وەحشی سەر بە یەکێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر جەنگاوەرێکی لیوای نۆی پیادەی سەر بە وەزارەتەکە (جەنگاوەر ئەیمەن عەبدی جاسم) لە پێکهاتەی کاکەیی.

لە کاتی پێداچوونەوەی ورد بۆ وردەکارییەکانی ئەم تاوانە نابەجێیە و هەلومەرجەکانی، بۆمان دەردەکەوێت کەسانی ئەنجامدەری ئەم کردەوە دوور لە گشت بەها مرۆڤانە و ئەخلاقییەکان، نوێنەرایەتیی ئەو شری و شەپرێوییە دەکەن کە بووەتە یەکێک لە سیماکانی کارلێکی ڕووداوەکان لە عێراقدا و، ئەم کارە شەرمەزارە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە سەر نزمیی ئاستی ئەو کەسە تاوانکارانەی خۆیان تێکهەڵکێشی کونج و کەلەبەرە جۆراوجۆرەکانی سیستمی سەربازی و ئەمنیی عێراق کردووە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لە دامەزراوە حکوومەتی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەوڵی چەسپاندن و جێگیرکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە کولتوور و ئاین و نەتەوە جۆراوجۆرەکانین و بێوچان و بە هەموو ڕێگەیەکی بەردەست کارمان کردووە بۆ چەسپاندنی ئەم ئەخلاقە مرۆڤانەیە لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمان و، شانازی بەوەوە دەکەین هێزەکانمان سەرباری کاتە سەختەکان و دۆخە دژوارەکان، ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڵنەخلیسکاون بەرەو پیادەکردنی ئەم شێوازە وەحشیگەرانە. لە بەرامبەردا هەرگیز قبووڵی ناکەین دەستدرێژی بکرێتە سەر کەرامەت و ئینسانییەتی جەنگاوەرێک یان هاووڵاتییەکی کوردستانی لە هەر نەتەوە و ئاینزایەک و ئاراستەیەکی کولتووری بێت.

بۆیە پێویستە وەزارەتی بەرگریی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە جیاجیاکانی سیستمی ئەمنیی عێراق لە بەر بە مەترسیی ئەم هەڵسوکەوتە بێزراوانە و داڕمانی گەورەی ئەخلاقییاتی کارمەندە ئەمنییەکانیان بگرن بە تایبەتی ئەو گرووپانەی خۆیان تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق کرد و بوونە مەترسیی ڕاستەقینە لە سەر شیرازەی کۆمەڵایەتی و پێگەی کارمەندانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە نێو ڕۆڵەکانی گەل.

لە هەمان چوارچێوەدا، دەبێت دەستەی حەشدی شەعبی ئەم کۆمەڵە ڕادەستی دادگا بکات و سەری ڕێز بۆ شکۆی ئەو جەنگاوەرە و پێکهاتەی کاکەیی دابنوێنن، کە پێکهاتەیەکی خاوەن مێژوو و کولتوور و شارستانێتیی ڕەسەنە.

لە کۆتاییدا سڵاو و ڕێز بۆ ئەم جەنگاوەرە و بۆ خێزانەکەی و پێکهاتەی کاکەیی خۆشەویست لە دڵماندا.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٣ی تەمموزی

Top