سروە سیوەیلی: هەمیشە پشتگیریی ئافرەتان دەكەم بۆ ئەوەی خۆیان خاوەنی كار و پیشەی خۆیان بن

سروە سیوەیلی:     هەمیشە پشتگیریی ئافرەتان دەكەم بۆ ئەوەی خۆیان خاوەنی كار و پیشەی خۆیان بن

 

 

ئافرەتی كورد لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا گەلێ كاری سەخت و دژواریان بە جورئەتەوە ئەنجام داوە و ئەسپی خۆیان لەو مەیدانە تاو داوە و گرەویان لە ترس و شەرم و عەیبە بردووەتەوە و لەگەڵ هەر هەنگاوێكیان سەروەرییەك بۆ خۆیان و تەواوی خانمان تۆمار دەكەن. سروە محەمەد ناسراو بە سروە سیوەیلی خانمە شێفێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و وەك خۆی باسی دەكات سەرەتای حەفتاكان لە دایك بووە، ئەو خاوەنی ڕێستۆرانتێكە و بە هاوكاریی منداڵەكانی بەڕێوەی دەبات، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس لە وێستگەكانی ژیانی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سروە محەمەد ناسراو بە سروە سیوەیلی، كە چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، خۆی لە ئامێزی دایك و دایەگەورەیدا بینیوە. ژیانی پڕ بووە لە هەوراز و نشێو و هەر بە ساوایی باوكی لە دەست داوە و دواتر لە تەمەنی دە ساڵان دایكیشی كۆچی دوایی كردووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «تەمەنم دە ڕۆژ بووە، باوكم شەهید بووە، خوێندكاری چواری سەرەتایی بووم، دایكیشم وەفاتی كرد، ساڵێك دوای دایكم نەنكیشم ئەمری خوای كرد، ئینجا لای پوورێكم ماومەتەوە و دوای ئەوەی لە پۆلی دووی ناوەندی دەرچووم بۆ سێ نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم و هاوسەرگیریم كرد، لە ئێستادا دایكی سێ كچ و دوو كوڕم و لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە خێزانییەكان من دایكایەتیم هەڵبژارد و ئێستا خۆم بە تەنیا دایكایەتی و باوكایەتیش بۆ منداڵەكانم دەكەم، قەدەری بەشێكی هاوسەران جیابوونەوەیە، منیش یەكێكم لەوانە و خۆم بڕیاری جیابوونەوەم دا، دووبارە دەستم كردەوە بە خوێندن و ئێستا مامۆستای وانەی وەرزشم، بەدەر لە پیشەی مامۆستاییم كاری ئازادیشم زۆر كردووە، هەر لە منداڵییەوە حەزم لە كاری بزنێس بووە، بە منداڵی دروومانی جلوبەرگی بووكەڵەم كردووە و بە منداڵانی دراوسێم فرۆشتووەتەوە، كە منداڵ بووم منداڵانم بە پارە فێری پایسكل سواری دەكرد، ڕاستە بێ دایك و باوك بووم، بەڵام هەستم بە بێ دایك و بێ باوكی نەكردووە، پەروەردەی دەستی نەنكم بووم، كە خانمێكی حەكیمە بووە، نەنكیشم كە ئەمری خوای كرد، زۆر منداڵ بووم، بەڵام ئەو ناخۆشییانە وایان كرد لە ژیانی خۆمدا بەهێزتر بم، بێ ئەوەی لە شكست بترسم و هەمیشە لە بەرامبەر ناخۆشییەكان جەنگاوم و نەمهێشتووە شكست بخۆم، دواجار بڕیاری ئەوەم دا كافیتریا و ڕێستۆرانتێكم كردەوە كە خۆم و ئەندامانی خێزانەكەم بەڕێوەی دەبەین».

مامۆستا و شێف سروە محەمەد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەر خەون و خولیایەك بۆی هەوڵ بدەیت و كۆڵ نەدەیت بە دڵنیاییەوە دێتە دی، هەر لەو بوارەدا سەبارەت بە خۆی گوتی: «ئەمڕۆ خەونم بۆ داهاتوو ئەوەیە كە پەرە بە ئیشەكەم بدەم و بەردەوام بم، هەوڵ دەدەم ڕەشماڵەكەم بكەمە بڕاندێك بۆ كارەكانم، مەرجیش نییە مرۆڤ هەر كارێك دەست پێ بكات، سەد لە سەد قازانج بكات، گرنگ كۆڵنەدانە».

هۆكاری ئەو بوێرییەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە «ژیان پێویستی بە هەوڵدان و كۆڵنەدانە»، سەبارەت بە خوێندنەكەشی گوتی: «لەبەر ئەوەی حەزم لە خوێندن بوو، هەوڵم دا و دەستم كردەوە بە خوێندن، بێ ئەوەی تەمەن ڕێگر بێت لە بەردەم خوێندنەكەم، لەگەڵ كچەكەم قوتابی بووین، ئەو ساڵێك پێش من زانكۆی تەواو كرد و منیش ساڵی دواتر». گوتیشی: «ئێستا خاوەنی كافتریا و ڕستۆرانتی (ڕەشماڵ)م لە سلێمانی گەڕەكی عەقاری سێیەم فەرعی ستی ستار و شوێن كارەكەم كلاسیك و مۆدێرنە و لە كاتژمێر(٧)ی بەیانی تا(١٢)ی شەو كراوەیە». وەك دواوتەشی گوتی: «هەر لە منداڵیمەوە خولیام كاركردن بووە. من دایك و باوكم زوو كۆچی دواییان كردووە، واتە لەو كاتەوە كە خۆم ناسیوە، خۆم هەموو كەسێكی خۆم بووم، هەمیشە گەشبین بووم و هاوكات لەگەڵ سەختییەكانی ژیان جەنگاوم ترسم لەشكست نەبووە. (١٨) ساڵ خەیات بووم، ئێستا مامۆستام لە هەمان كاتدا لە شوێن كارەكەم شێڤ عامم، دڵخۆشم بە كارەكەم و هەموو جۆرە خواردنێكی كوردەواریمان هەیە، هەروەها نان و چای بەیانیان و هەموو جۆرە خواردنە غەربیەكانمان بەردەستە. ڕەشماڵ ماڵێكە بۆ ئاسوودەیی هەمووان. ئەو بەڕێزانەی كە سەردانمان دەكەن بە شێوەیەكی گشتی زۆر حەز بە خواردنە كوردەوارییەكان دەكەن. هەروەها خەنەبەندان و دەعوەتی تایبەت و خواردنی ئامادەكراومان بۆ هەموو بۆنە و موناسەبەكان هەیە. لەهەمان كاتدا كارمەندەكانمان هەموو ئافرەتن و هەمیشە پشتگیریی ئافرەتان دەكەم كە خۆیان خاوەنی كار و پیشەی خۆیان بن».

 

Top