ئایا بنێشتی نیكۆتین هاندەرە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان؟

ئایا بنێشتی نیكۆتین هاندەرە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان؟

بەكارهێنان یان جوینی بنێشتی نیكۆتین Nicotine gum لەوانەیە كە رێگەیەكی كاریگەر بێت بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان، چونكە هێندە نیكۆتین لەخۆدەگرێت، كە حەزی جگەرەكێشان دابمركێنێت، بنێشتی نیكۆتین بە چێژ و تامی جیاواز و بە چڕیی دوو ملگم و چوار ملگم دەست دەكەوێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویست دەكات كە بنێشتی نیكۆتین بە شێوەیەكی دروست بەكار بهێنرێت، بۆنموونە: پێویستە سەرەتا بە بنێشتی دوو ملگم دەست پێ بكرێت، پاشان جوینی پارچەیەك بنێشت هەر یەك تا دوو كاتژمێر جارێك، بۆ ماوەی یەكەم شەش هەفتە، واتە بە تێكڕایی رۆژانە جوینی نۆ پارچە بنێشتی نیكۆتین، ئینجا بەرە بەرە كەم بكرێتەوە تا رۆژانە دەگاتە تەنیا یەك تا دوو پارچە بنێشت تا كۆتایی 12 هەفتە. وا باشترە كە بنێشتی نیكۆتین 15 خولەك پاش خواردن بەكاربێت، هەروەها رێنمایی دەكرێت كە پاش 12 هەفتە واز لە بەكارهێنانی بنێشتی نیكۆتین بهێنرێت. بەكارهێنەرانی بنێشتی نیكۆتین بە رێژەی 5-9% دوچاری خوپێوەگرتن دەبن، كە لەوانەیە تا شەش مانگ، یان زیاتر بەردەوام بێت. زیاد بەكارهێنانی بنێشتی نیكۆتین هۆكارە بۆ چەند گرفتێكی تەندروستی كە بریتین لە: ئازاری گەدە، دڵەكزێ، تێكچوونی بینین، ئارەقەی سارد، سكچوون، گرفت لە هەناسە و هەستی بیستندا، سەرئێشە، دابەزینی پەستانی خوێن، سەرسووڕان، هێڵنج، زیادبوونی لیك، رشانەوە، شێوان، خێرابوون و ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەستكردن بە ماندووبوون و لەهۆشچوون.

Top