هەندرێن خۆشناو لە دوو دیداری نێودەوڵەتیی كاریكاتێردا بەشداری دەكات

هەندرێن خۆشناو لە دوو دیداری نێودەوڵەتیی كاریكاتێردا بەشداری دەكات

لە ژێر چاودێری ئیناس عەبدلدائیم وەزیری رۆشنبیریی میسری، د. خالد سرور سەرۆكی كەرتی هونەرە شێوەكارییەكان، سەبری سەعید سەرۆكی پەیوەندییە رۆشنبیرییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی میسری، هونەرمەند مستەفا ئەلشێخ سەرۆكی كۆمەڵەی كاریكاتێری میسری، حەوتەمین دیداری نێودەوڵەتی بۆ كاریكاتێر لە رۆژانی ٢٠-٣٠ی تەمموز لە (كۆشكی هونەرەكان) ئەنجام درا.

ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتان لە كردنەوەی دیدارەكەدا ئامادە بوون، لەوانەش فرانسوا كۆرنێ باڵیۆزی بەلجیكا، ئێدوارد فراگۆسر باڵیۆزی مەكسیك و چەندینی دیكە، هەروا هونەرمەندانی ناسراوی بواری كاریكاتێر جۆرج بەهجوری، محەمەد عەبلە، و جەماوەرێكی زۆر لە هونەرمەندانی شێوەكار و كاریكاتێریست و رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران و ئارەزوومەندان و هەوادارانی كاریكاتێر ئامادەبوون.

هەندرێن خۆشناو لە دوو دیداری نێودەوڵەتیی كاریكاتێردا بەشداری دەكات

یەكێك لە بەشداربووانی ئەم دیدارە نێودەوڵەتییە هونەرمەندی كورد (هەندرێن خۆشناو) بوو، سەبارەت بەم چالاكییە وبەشداریكردنیان لە دیدارەكانی تایبەت بە كاریكاتێر، بە گوڵانی راگەیاند: «ساڵانێكی زۆرە لە پێشانگا هاوبەش و فێستیڤاڵ و دیدارە نێودەوڵەتییەكانی كاریكاتێر و كارتۆن لە دەرەوەی كوردستاندا بەشداری دەكەم، زیاتر لە سەد جار بەشداریم لەم بوارەدا كردووە، بە تایبەتی لە وڵاتی میسر كە ساڵانە چەندین بۆنەی لەم شێوەیەدا لەوی رێك دەخرێت، سەبارەت بەم دیدارەش ئەمە حەوتەمین دیداری ساڵانەیە، كە بڕیاربوو ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر كۆرۆنا دواخرا، و ئەمساڵ ئەنجام درا».
هونەرمەند (هەندرێن خۆشناو) تیشكی زیاتری خستە وردەكارییەكان دیدارەكە و گوتی: «لێژنەی دادوەر و بژاردەكردنی كارەكانیش لە پێنج هونەرمەندی میسری پێك هاتبوون، كە ئەحمەد عولوی، فاروق مورسی، محەمەد ئیبراهیم، سەمیر عەبدولغەنی و كۆمیسار فەوزی مورسی بوون، لە ئەنجامدا (400) كاریكاتێر و تابلۆی كارتۆنی (297) هونەرمەند لە (62) وڵاتانی جیهان بژاردەكران و لە دیدارەكە نمایشكران، دیدارەكەش لە دوو تەوەر پێك هاتبوون، تەوەری كاریكاتێر، تەرخان كرابوو بۆ خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی عەرەبی (ئوم كەلسوم)، تەوەری دوومیش كارتۆن، كە تەرخان كرابوو بۆ موزیك، كە زمانێكی هاوبەشی گەلانی جیهانە.»

هەندرێن خۆشناو لە دوو دیداری نێودەوڵەتیی كاریكاتێردا بەشداری دەكات

(هەندرێن خۆشناو) هەروەها گوتیشی: «من لە تەوەری كاریكاتێری ئوم كەلسومدا بەشداربووم، كە تەنیا (130) كاریكاتێری (126) هونەرمەند قبوڵ كران بۆ پێشانگاكە، هەروەها لە یەكەمین دیداری كاریكاتێری ئەلئەزهەر بەشدار بووم، كە لە رۆژانی 24-28 یۆلیۆ لە هۆڵی فوستات لە سەنتەری ئەلئەزهەر بۆ كۆنگرەكان، لە شاری نەسڕ لە قاهیرە كرایەوە، كە بە سەرپەرشتیی زانكۆی ئەلئەزهەر بوو، ئەمە یەكەمین دیدارە كە ئەم زانكۆ جیهانییە دەیكاتەوە، دیارە ئەوانیش هەستیان بە گرنگیی هونەری كاریكاتێر كردووە، لە بەیەكگەیشتن و نزیكبوونەوەی گەلان لە یەكتری، ناونیشانی دیدارەكەش بریتی بوو، لە ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان و ئایینە ئاسمانییەكان».

Top