سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل: رێگا نادەین ئێران ببێتە دەوڵەتێكی ئەتۆمی

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل: رێگا نادەین ئێران ببێتە دەوڵەتێكی ئەتۆمی



یائیر لاپید ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاماژەدان بەوەی ئەو رێككەوتنەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجام دەدرێت رێككەوتنێكی "خراپ"ە كە ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ تاران دابین دەكات رایگەیاند، هەنگاو دەنێین بۆ رێگریكردن لە ئێران لە بوون بە دەوڵەتێكی ئەتۆمی.
یائیر لاپید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، هەڵسەنگاندنی خۆی كرد سەبارەت بەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجام دەدرێت.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە ئیسرائیل دژایەتی ئەم رێككەوتنە دەكات، لەبەر ئەوەی "خراپە و ئەوەی تیایدا نووسراوە ناتوانرێت قبوڵ بكرێت"، گوتیشی: "رێككەوتنێكی خراپ لەسەر مێزەكەدا هەیە. ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ ئیران دابین دەكات. ئەم پارەیە بۆ دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە خەرج ناكرێت، بەڵكو بۆ ناسەقامگیركردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوكردنەوەی تیرۆر لە جیهاندا بەكاردەهێنرێت".
یائیر لاپید ئاماژەی بەوە كرد كە تاران ئەو پارەیەی كە دەستی دەكەوێت بۆ بەهێزكردنی سوپای پاسداران و سەركوتكردنی گەلانی ئێران و هێرشكردنە سەر بنكەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیكردن لە حزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی بەكاریدەهێنێت.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش كرد، گفتوگۆیەكی كراوەیان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا هەیە سەبارەت بە هەموو ناكۆكییە پەیوەندیدارەكان و گوتی: "واشنتۆن وەك باشترین هاوپەیمانی ئیسرائیل دەمێنێتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە بۆ هەموو لایەك روونمان كردووەتەوە، ئەگەر رێككەوتنێك واژوو بكرێت، ئیسرائیل پێیەوە پابەند نابێت، بۆ رێگریكردن لە ئێران لە بوون بە دەوڵەتێكی ئەتۆمی، هەنگاو دەنێین".

Top