دانپێدانانی پیاوێک بە کوشتن و سوتاندنی تەرمی هاوسەرەکەی
عەقید محەمەد نادربەیگی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز لە وڵاتی ئێران گوتی: لە دوای ڕاگەیاندنی دیارنەمانی ژنێکی تەمەن 39 ساڵ لە لایەن کەسوکارەکەیەوە بۆ پۆلیسی فەردیس، لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە خرایە بەرنامەی کاری لێکۆڵەرانی پۆلیسی ئەم شارە.
ئەوەشی خستەڕوو: لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕۆژی دیارنەمانی ناوبراوهاوسەرەكەی بە پەلە ماڵەکەی بەجێهێشتووە و هیچ لەبارەیەوە نەزانراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز ڕایگەیاند: کە فەرمانی دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلی ئەو کەسە لەلایەن بەرپرسانی دادوەرییەوە وەرگیراوە و لەسیستمەکانی پۆلیس تۆمارکراوە.
گوتیشی: دوای چەند ڕۆژێک ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە لەپارێزگای قەزوین دەستبەسەركرا وتۆمەتبارەكەش لەلایەن پۆلیسی فەردیسەوە دەستبەسەر كرا.
ئەو بەرپرسەی پۆلیس ڕایگەیاند: هەرچەندە تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا ڕەتکردەوە هیچ تاوانێكی ئەنجامدابێت،، بەڵام لەگەڵ بینینی بەڵگەنامە حاشاهەڵنەگیراوەكاندا ناچار بوو دان بەوە دابنێت كە ژنەكەی بە چەقۆ كوشتووە و تەرمەکەی بردووە بۆ بیابان و سوتاندوویەتی.
نادربەیگی ئاماژەی بەوەدا کە دوای تەواوبوونی دۆسیەی تۆمەتبار،ناوبراو بە دەسەڵاتی دادوەری ناسێنراوە بۆ ڕێکارە یاساییەکان، ئاماژەی بەوەشدا کە زۆر کێشەی خێزانی دەتوانرێت بە ڕاوێژکار چارەسەر بکرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل