ڕێنمایی پێویست بۆ سوودوەرگرتن لە سیستمی وزەی خۆر

ڕێنمایی پێویست بۆ سوودوەرگرتن لە سیستمی وزەی خۆر

 

 

سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، لە ئەمڕۆدا كارێكە لە توانادایە و قازانج و سوودەكانیشی لای هاووڵاتیان دەركەوتووە، بە تایبەت لە ڕووی كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكانەوە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بیخەینە ڕوو، هەنگاوەكانی دوای دانانی پانێڵەكان و سیستمەكەیە، چونكە بەردەوامیدان و ئاگاداربوون لە سیستمەكە، كەمتر نییە لە بایەخدان بە دانانی، بۆیە ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە گرنگن بۆ ئەوانەی كە لە ئێستادا سوود لە وزەی خۆر وەردەگرن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا:

یەكەم: خاوێنكردنەوە و چاككردنەوەی پانێڵەكان، كاتێك تۆز و خۆڵ لەسەر ڕووی پانێڵەكان دەنیشن، پانێڵەكان كەمتر تیشكی خۆر وەردەگرن، بەمەش بەشێكی زۆر لە توانای پانێڵەكان كەم دەبێتەوە لە بەرهەمهێنانی وزەدا، بۆیە پێویستە هەر شەش مانگ جارێك پانێڵەكان خاوێن بكرێنەوە، باشترین كاتیش بۆ خاوێنكردنەوەیان، كۆتاییەكانی هەردوو وەرزی بەهار و پاییزە، بەڵام ئەگەر پانێڵەكان لە نزیك ناوچە كشتوكاڵییەكان، یان پیشەسازییەكان بن، ئەوا پێویستە خاوێنكردنەوەیان خێراتر بێت لەو ماوەیەی پێشوو.

دووەم: كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا، تەنیا لەبەر ئەوەی وزەی كارەبات لە سەرچاوەیەكی وەك خۆرەوە دەست دەكەوێت، مانای وانییە بە فیڕۆی بدەیت، بۆیە ئەو ئامێرانە دابین بكە كە وزەی كەمیان پێویستە، لەیەك كاتیشدا ئەو ئامێرانە پێكەوە بەكار مەخە كە وزەی زۆریان پێویستە، ئامێرەكانی وەك سپلیت و بۆیلەر و جلشۆر و قاپشۆر بخەرە كاتی ئەو پەڕی هێزی تیشكی خۆر، بۆ ئەوەی سیستمەكەت بتوانێت خێرا جێگەی ئەو وزەیە پڕ بكاتەوە كە بەكارت هێناوە.

سێیەم: دانانی گڵۆپی لید، باڵەخانەكان چ بۆ نیشتەجێبوون بن، یان بازرگانی، نزیكەی 20%ی بەكاربردنی وزە تیایاندا بۆ ڕوناككردنەوە دەبن، بۆیە لە پێناوی دەستگرتن بە وزەی كارەباوە، پێویستە هەموو ڕووناككەرەوەكان لە جۆری لید بن، چونكە گڵۆپە كلاسییەكان نزیكەی 90%ی وزەی بەكارهاتوویان دەگۆڕێت بۆ گەرمی، بەڵام گڵۆپی لید هەر بە ساردی دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو وزەكەی نێوی بۆ ڕووناككردنەوە دەبێت، نەك بۆ ڕووناكی و گەرمی، هەروەها گڵۆپی لید تەمەنی زیاترە لە گڵۆپە كلاسییەكان بە ڕێژەی (3.5) سێ ئەوەندە و نیو.

چوارەم: بەكارهێنانی پانێڵی ئاست بەرز لە چوستیدا، لەوانەیە هەندێك كەس لە كڕینی پانێڵەكانی وزەی خۆردا بیر لەوە بكەنەوە هەرزانترینیان بكڕن، بێئاگا لەوەی هەرزانیی نرخەكەی بە هۆی كەمچوستیی (كەفائەت)ی پانێڵەكانەوەیە، ڕاستە لە سەرەتاوە بە هەرزان دەست دەكەوێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات زیادە خەرجییەكی زۆری لەسەر دەكرێت، بۆیە پێویستە لە سەرەتاوە ئەو پانێڵانە بێنە كڕین كە چوستییان بەرزە، ئەگەرچی لە نرخیشدا هەندێك لەوانی دیكە گرانتر بن، لەوەش گرنگتر خوێندنەوەی كەتەلۆگی تایبەت بە پانێڵەكان و دڵنیابوونە لە ماوەی گەرەنتی و چاككردنەوەیان و، كڕین لە شوێنێكی ڕاستگۆ و خاوەن شتومەكی كواڵێتی بەرز.

پێنجەم: بەساردهیشتنەوەی پانێڵەكان، شانە هەتاوییەكان بە جۆرێك دیزاین كراون كە بە چوستییەكی باشەوە تیشكی ڕۆژ وەربگرن، بەمەش گەرمی پەیدا دەبێت، لە كاتێكدا پانێڵە هەتاوییەكان لە پلەیەكی گەرمیی دیاركراودا زۆرترین چوستییان دەبێت، بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا چوستییان كەم دەبێتەوە.

لەبەر ئەم هۆیە پێویستە ساردیی پانێڵەكان بپارێزرێت لە ڕێگەی چاك جێگیركردنیانەوە، بە جۆرێك كە ماوەی نێوان ڕووی بنمیچەكە و پانێڵەكان لە 18 سانتیمەتر كەمتر نەبێت، بۆ ڕێگەدان بە ساردبوونەوەی ئاسایی و سرووشتییانە.

شەشەم: بەكارهێنانی ئامێری كۆگاكردنی وزە، هەندێك لەو ڕۆژانەی كە خۆر هەڵنایەت، ئەگەر سیستەمەكەشت بە تۆڕی گشتییەوە نەبەسترابێتەوە، ئەوا پێویست دەكات وزەی كۆگاكراو بەكار بهێنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو پاترییانەی كە كارەبا كۆگا دەكەن.

حەوتەم: دووركەوتنەوە لە دار و درەخت، ڕێگە مەدە دار و درەخت، یان ڕووەكی بەرز لە نزیك پانێڵەكان هەبن، چونكە بە زیادبوون و گەورەبوونیان پانێڵەكان دادەپۆشن، یان ڕێگری لە گەیشتنی تیشكی ڕۆژ دەكەن، بۆیە پێویستە ماوە ماوە دڵنیا ببیتەوە لە نەبوونی هیچ شتێك كە ببێتە هۆی داپۆشینی پانێڵەكان.

هەشتەم: دڵنیابوون لە دەرگا و پەنجەرەكان، بڕی ئەو گەرمی و ساردییەی كە لە ماڵەكەتدا دەستت دەكەوێت، لە ڕێگەی كارەبای پانێڵەكانی وزەی خۆرەوە، پێویستە نەهێڵیت بەفیڕۆ بڕوات لە ڕێگەی كەلەبەر و كەلێنی دەرگا و پەنجەرەكانەوە، ئەمەش لە ڕێگەی چەند ڕێگەچارەیەكی وەك گرتنی كەلێنەكانی دەوری دەرگا و پەنجەرەكان بە ماددەی گونجاو، یان بە دانانی پەنجەرە و دەرگای دەبڵ جام، یان بە بەكارهێنانی پەردەی ئەستوور.

نۆیەم: ئاوگەرمكردن، بۆ گەرمكردنی ئاو واباشە كە سیستمی ئاوگەرمكردنەكە جیا بێت لە سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ نەكەوێتە سەر پانێڵەكانی كارەبای فۆتۆ ڤۆڵتییەكە، هەروەها لەبەر ئەوەی سیستمی ئاو گەرمكردن بەتیشكی خۆر هەرزانتر دەكەوێت و چاككردنەوەشی ئاسانترە.

Top