دانا عەلی:   كاركردن عەیب نییە، پێویستە پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین

دانا عەلی:     كاركردن عەیب نییە،  پێویستە پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین

 

 

زۆرن ئەو گەنجانەی شەو و رۆژ دەدەنە پاڵ یەك و بێوچان هەوڵدەدەن بۆ دەستخستنی بژێوی ژیان، گەنجێكی دانیشتووری شاری رانیە كە تاقانە كوڕی خێزانێكە، بە كاری فرۆشتنی پاقڵاوە و چۆڕەك لە سەر عارەبانە، بژێوی خێزانێكی حەوت كەسی دابین دەكات، ئەو هاوكاریی چوار خۆشكی دەكات، بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە كارەكەی دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا سوپاسگوزارە و لە كارەكەشیدا زۆر ئاسوودەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

دانا عەلی گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە و دانیشتووی رانیەیە، لە ئێستادا لەسەر عەرەبانەكەی شیرینی و چۆڕەك دەفرۆشێت. وەك خۆی باسیدەكات، تاوەكو پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە و دواتر بە هۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، تاقە كوڕی دایك و باوكیەتی و چوار خوشكی هەیە. لە بارەی ژیانی خۆی و خانەوادەكەشی دەڵێت: «بە هۆی ئەوەی باری دارایی خێزانەكەمان خراپ بوو، نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم. كاتێك وازم لە خوێندن هێنا و بڕیاری كاركردنمدا یەك 250 دیناری لە گیرفانمدا نەبوو. منیش تاقە كوڕی ماڵەوە بووم، ناچار بووم كار بكەم و یارمەتیی خێزانەكەم بدەم، چونكە مووچەی خانەنشینی پێشمەرگایەتیی باوكم بەشی خەرجی و پێداویستیی قوتابخانەی خوشكەكانمی نەدەكرد».

دانا عەلی لە گۆڕەپانی كاردا زۆر كاری تاقی كردووەتەوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەتا بە خورما فرۆشتن هاتمە بازاڕی كار، دواتر میوە فرۆشی و سەوزە فرۆشی، تەنانەت كۆنەفرۆشیشم كردووە».

ئەو گەنجە لە كارەكەی رازییە و دڵخۆشە بەوەی كە توانیویوتی هاوكاریی خانەوادەكەی بەتایبەتی خوشكەكانی بكات، بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن. ئەوەتا دەڵێت: «سوپاسگوزاری خوام كە خوشكەكانم كە هەر چواریان لە من بچووكترین لە خوێندن بەردەوامن، منیش بەشبەحاڵی خۆم لە كارەكەم زۆر ئاسوودەم و لە هەموو بارودۆخێكدا شوكری خوای گەورە دەكەم».

سەبارەت بە كاری ئێستاشی گوتی: «رۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكو كاتژمێر 8 ی ئێوارە شیرینی و پاقڵاوە لەسەر عەرەبانەكەم دەفرۆشم. هەر كاتێكیش بارودۆخ گونجاو بێت، حەز دەكەم دووبارە دەست بە خوێندن بكەمەوە».

دانا هانی گەنجان دەدات لە سەر پێی خۆیان بوەستن و لە رێگەی گۆڤاری گوڵان-ـەوە دەڵێت:« كاركردن عەیب نییە، بەڵكو شەرەفە، پێویستە پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین و دەست لەبەر كەس پان نەكەینەوە».

 

Top