دكتۆر ڕەنج محەمەد عەبدولڕەحمان سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بۆ گوڵان:   شێوازی نوێی تەندەرینی دەرمان كێشەی كەمیی دەرمان ناهێڵێت و كواڵێتیشیان باشتر دەكات

دكتۆر ڕەنج محەمەد عەبدولڕەحمان  سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بۆ گوڵان:     شێوازی نوێی تەندەرینی دەرمان كێشەی كەمیی دەرمان ناهێڵێت و كواڵێتیشیان باشتر دەكات

 

 

كێشەی دەرمان لە ڕووی بەردەستنەبوونی بڕی پێویست و كواڵێتییەكەی یەكێك لەو كێشانەیە كە لەلایەن حكومەتەوە بایەخێكی بەرچاوی پێ دراوە، هەوڵەكانیش بە ئاراستەی باشتركردنی بارودۆخەكە هەنگاوی كردارییان لەخۆ گرتووە، ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر ڕەنج محەمەد عەبدولڕەحمان سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان.

 

* ئایا تا چەند گرنگی بە دەرمان دراوە لە ڕووی تەندروستی و كواڵێتییەكەیەوە و چۆن توانراوە كار لەسەر ڕێنماییە زانستییەكانی پزیشكیی دەرمان بكرێت؟

- ئاشكرایە كە دەرمان بووەتە پێداویستییەكی ژیان، بەڵام پێویستە بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشكی بەكار بهێنرێت. ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، ئەوا زیاد لە پێویست دەرمانمان هەیە، بەڵام ئاڵۆزی لە بڕ و جۆری دەرمان هەیە، ئەمەش بۆ بوونی بازاڕی ئازاد دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی بازاڕی ئازاد دوو قازانجی هەیە، یەكەم: وادەكات كە قۆرخكاری نەمێنێت. دووەم: دەرمان بە نرخێكی هەرزان بە دەست نەخۆش بگات، هاوكات بازاڕی ئازاد زیانێكی مەترسیداری هەیە كە ئەویش ئاڵوزییە لە جۆری دەرمانەكان، بە چەشنێك كە نەخۆش سەری لێ دەشێوێت و نازانێت كامە جۆری دەرمان بەكار بێنێت. هەر بۆیە لێرەدا دەرفەتە ئاماژە بەوە بكەین كە پێویستە هێنانی دەرمان لەو پڕۆسە و میكانیزمەی ئێستا پیادە دەكرێت لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بگۆڕێت و سنووردار بكرێت و كۆمپانیای تایبەتمەند و پسپۆڕ ئەو كارە ئەنجام بدەن، ئەویش لەژێر چاودێریەكی زۆر توندتر و پابەندكردنی زیاتری كۆمپانیاكانی تایبەتمەند بە هێنانی دەرمان بە ڕێنماییە زانستییەكان و كوالێتیی بەرز لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی كوالێتی و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری داودەرمان. چونكە ئەو ئاڵۆزییەی لە بازاڕی دەرماندا هەیە، بارقورسییەكی زۆری بۆ حكومەت و وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پەیوەندار دروست كردووە، لەلایەكی دیكەوە وەرگرتن و بەكارهێنانی دەرمان پێویستی بە هوشیاریی تەندروستیی تاك هەیە، كە ئەمەش گرنگیی تایبەتی و كاریگەریی خۆی هەیە. بۆ نموونە لە كاتێكدا نەخۆش سەردانی پزیشك دەكات، وا دەزانێت كە دەبێت ئەو پزیشكە چەندین جۆر و بە بڕێكی زۆر دەرمانی بۆ دیاری بكات، ئەگەرچی ئەمە لە ڕووی زانستیی پزیشكی پەسند نییە، بەڵكو نەخۆشەكە نیشانەیەكی سەرەتایی، یان ئازارێكی كەمی لە ئەندام و شوێنێكی هەیە، كە ئەمە بۆی هەیە هەندێكجار بە ئامۆژگاریی پزیشك، یان بە تاكە یەك جۆر و بڕێكی زۆر كەم چارەسەر بێت، چونكە دەرمان لەو كاتەی كە سوودی بۆ چارەسەری هەیە، لە هەمان كات بۆی هەیە زیانی لاوەكی و كاریگەریشی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست بكات. هاوكات پێویستە پزیشكە بەڕێز و دەرمانخانەكان بەو شێوەیە كار بكەن كە دەرمان لە جۆر و بڕەكەی دیاری بكەن بۆ نەخۆش، نەك تەنیا بیر لە قازانج و فرۆشتنی دەرمانەكە بكەنەوە.

* ئایا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تا چەند گرنگی بە دەرمان بەتایبەتی لە كواڵێتییەكەی دراوە، وەك دەزانین لە چەند هەفتەی ڕابردوو بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاری دا كە بەناوەندیكردنی كڕینی زیاتر لە 280 جۆری دەرمان یەك بخرێت؟

- ئاشكرایە كە ڕاگەیاندنی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەت لەلایەن بەڕێز سەرۆكی حكومەتەوە جێگای ستایش و دەستخۆشی هاووڵاتییان بوو، بەڵام لەبەر هاتنی پەتای كۆڕۆنا نەتوانرا زۆرێك لە بەرنامەكانی كارنامەكە جێبەجێ بكرێن، یان كارەكان سست بوون و بەپێی پێویست نەبوون. بەڵام دوای كەمبوونەوەی ئەو پەتایە ئەوا بەرەوپێشەوەچوونێكی باش و بەرچاو هەیە لە كارەكانی حكومەتدا و لە كەرتی تەندروستی بەتایبەتی، كە لەژێر چاودێریی توند و بەردەوامدایە لە پەیوەندی بە هێنانی دەرمان و ڕەچاوكردنی كوالێتی و پێكهاتەی دەرمان لە رووی زانستییەكەیەوە. هاوكات لەم دواییەدا بڕیار درا شێوازێكی دیكەی تەندەرینی هێنانی دەرمان پیادە بكرێت، ئەویش لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كە زیاتر لە 280 جۆری دەرمان دەگرێتەوە، كە پێشتر هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی تەندروستی لە شارەكانی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) لەلای خۆیانەوە و لە ڕێگای تەندەرەوە دەرمانیان دەكڕی و بەسەر نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییە حكوومییەكانیاندا دابەشیان دەكرد، ئەو شێوازە زۆرجار تووشی ڕەخنە دەبوو كە لە هەندێ شوێنیدا شەفافییەت نەبووە و دەرمانەكان لە ئاستی كوالێتیی پێویست نەبوون و خەرجییەكی زۆر لە تەندەرەكان هەبوو، لەگەڵ ڕوودانی حاڵەتەكانی نەمان و كەمیی دەرمان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان، كە ئەمەش وای دەكرد نەخۆش بە ناچاری ڕوو لە كەرتی تایبەت بكات، بە تایبەت بۆ وەرگرتنی دەرمان كە ئەویش پارەیەكی زۆری پێویستە. بەڵام ئەو شێوازەی كە جەنابی سەرۆكی حكومەت ئێستا ڕایگەیاندووە، بەناوەندیكردنی كڕینی دەرمان بۆ كەرتی حكومەت، پرۆسەیەكە كە تێیدا پێش ئەوەی تەندەرەكە ڕابگەیەندرێت، ئەوا پێداویستیی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بەپێی نەخۆش لە دەرمان دیاری كراوە لە هەر شارێكدا، بۆ نموونە پاراسیتیمۆڵی بوتڵ كە بە كانیولا بە نەخۆش دەدرێت، زۆربەی جار و لە زۆربەی نەخۆشخانەكان و بنكەكانی تەندروستیی حكوومی ئەو دەرمانە نەبووە، بەڵام بەو بڕیارەی ئێستای جەنابی سەرۆكی حكومەت داواكارییە پێویستییەكان كۆدەكرێتەوە و مەركەزییەتێك دادەنرێت، ئێنجا تەندەرەكە ڕادەگەیەندرێت. وەك دەستپێك بۆ ئەو ژمارە دەرمانە كە زیاتر لە 280جۆرە دەبێت لە پاشان بۆ دابینكردنی هەموو جۆرە دەرمانەكانی دیكە بۆ كەرتی حكوومی ئەو پرۆسەیە جێبەجێ دەكرێت، كە زۆر باش و زانستی و بێگرفتە و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییە حكوومییەكان دەتوانن بەپێی پێویست و داواكاری بۆ چارەسەری نەخۆشەكان كارەكانیان ئەنجام بدەن، نەخۆشیش دەستی دەگاتە دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەكەی بەبێ بەرامبەر و ناچاریش نابێت ڕوو لە كەرتی تایبەت بكات. تەندەری ئەو جۆرە دەرمانانە لەمەودوا لە ئەنجومەنی وەزیران لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕادەگەیەندرێت بە شێوەیەكی شەفاف و چەند ڕۆژێكی بۆ دیاری دەكرێت و، هەر كۆمپانیایەكی تایبەت بە هێنانی دەرمان دەتوانن لە تەندەرەكان بەشدار بن، بە مەرجێك بەپێی ئەو ڕێنماییانەی كە بۆیان دیاری كراوە، كار بكەن. سوودەكانی ئەو شێوازە تەندەرینە ئەوەیە كە ئەو دەرمانانە دەهێنرێن كە دیاری كراون و زۆر پێویستن و كۆنتڕۆڵی بازاڕیش دەكرێت لەو جۆرە دەرمانانەی كە لە یەك جۆری چەندین كۆمپانیا و جۆری دەرمان هەیە، كە بەم كارەش ئاڵوزی لە دەرمانیش هەنگاو بە هەنگاو نامێنێت و بە هاتنی ئەو دەرمانانەش نرخی دەرمانەكان لە بازاڕ دادەبەزێت و كێشەی كەمیی دەرمان نامێنێت لە كەرتی گشتی و كوالێتی دەرمانەكانیش دەگاتە ئاستێكی ستاندارد، چونكە زیاتر كۆمپانیای زۆر تایبەتمەند و خاوەن براند دەتوانن تەندرەكان وەربگرن بۆ هێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە.

* گلەیی لەسەر گرانیی نرخی دەرمان هەیە و هاووڵاتیان گازاندەیان لەوەدایە كە سەردانی نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی كەرتی حكوومی دەكەن ئەو دەرمانانەی بۆیان دەنووسرێت، نییە، ئایا ئێوە وەك سەندیكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان و چارەسەری كێشەكان چیتان كردووە؟

- لە ماوەی ساڵانی ڕابردووش هەستمان بە كێشەكان و گرانیی نرخی دەرمان كردووە، كە گرانیی دەرمان بۆ دەرمانخانەكانیش كێشە دروست دەكات، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین وەزارەتی تەندروستی لە ئاستی گرانیی نرخی دەرمان و جێگیركردنی كەمتەرخەم بووە و پێویستە بە جددیتر كاری لەسەر بكات و بتوانێت نرخی دەرمان لە گشت دەرمانخانەكان یەك بخات، هەر بۆیە ئێمە وەك سەندیكا لەو بارەیەوە بۆ چارسەری نرخی دەرمان نووسراومان بۆ وەزارەت و كوالێتیی كۆنتڕۆڵ كردووە و هۆكار و چارەسەرەكانیشمان بۆیان دەستنیشان كردووە، بەڵام هەنگاوەكانی چارەسەر بە شێوەیەكی پێویست نەچووەتە بواری جێبەجێكردن كە جێی ڕەزامەندیی هاووڵاتی و نەخۆش بێت. لێرەدا دەڵێم پێویستە وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگای تەندەرەكانی دەرمانەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، تاوەكو هاووڵاتی متمانەی بە نرخ و دەرمان لەلا دروست ببێتەوە، هەر بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین لە پرۆژەی چاكسازی لە بواری تەندروستی بەتایبەت بۆ دەرمان لە كابینەی نۆیەم چاوەڕوانی هەنگاوی باشتر و جددیتر بووین، چونكە كەرتی تەندروستی و دەرمان بەتایبەتی پەیوەندی بە ژیان و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە.

* ئایا ئەو بێسەروبەرییەی لە زۆریی دەرمانخانەكان هەیە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونە و هەر یەكەشی بە ئارەزووی خۆی دەرمان دەفرۆشێت و قسەش هەیە زۆر لە دەرمانخانەكان دەرمانساز كاری تێدا ناكەن، ئەو گرفتانە چۆن چارەسەر دەكرێن؟

- وەك سەندیكای دەرمانسازان بەردەوام تیمی چاودێریمان هەیە و هەماهەنگیشمان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی و دەزگای كوالێتیی كۆنتڕۆڵ و پۆلیسی شارەوانی و قائیمقامیەت كە بەدواداچوون بۆ دەرمانخانەكان دەكەن بۆ هەموو كارێكی پێویست، هەر لە نرخەوە تا كوالێتیی دەرمان و ئەو كەسانەی لە دەرمانخانەكان كار دەكەن و دەبێت هەر هەموویان بەپێی ڕێنماییەكان دەرمانخانە بكەنەوە و كار بكەن، لە دەرەوەی هەر ڕێنمایی و یاسا و ئەنجامدانی سەرپێچی ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسا دەبنەوە، هەر لە سزای دارایی تا داخستنی دەرمانخانەكە. ئەوەش ڕاستە كە ژمارەی دەرمانخانەكان زیاد بووە، بەڵام لەلایەكەوە ئەمە هەلێكی كار دەڕەخسێنێت بۆ ئەو دەرچووانەی لەو بوارەدا شارەزا و بڕوانامەیان بە دەست هێناوە، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر بە وردی بەدواداچوون و چاودێری نەكرێن، بۆی هەیە لە نرخ و كوالێتی و چەندین بواری دیكە دەربچن، بەڵام ئەگەر بنكە تەندروستییەكانی حكومەت وەكو كاتی خۆی هەندێكیان 24 كاتژمێری كار بكەن و درەمانی پێویستیان هەبێت، ئەوە نەخۆش زۆر كەمتر سەردانی دەرمانخانە و كەرتی تایبەت دەكات، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوەیە و هەر بۆیە ئەو دەرمانخانانەی لای ئێمە مۆڵەتیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە 800 دەرمانخانە كە 400 دەرمانخانەیان لەناو سەنتەری شاری هەولێرە و 400ی دیكەش لە قەزا و ناحیەكانن. من هەموو كات ئاماژە بەوە دەكەم كێشە و بێسەروبەریی دەرمانخانەكان لە چیدایە. بێگومان زۆر لایەنە، بەڵام پێشەكی و سەرەكیترین كار بۆ چارەسەری كێشەكان پێویستە، یەكەم: دەبێت نرخی دەرمان یەك بخرێت. دووەم: لە كوالێتیی دەرمانەكان پێویستە ئاستە بەرز و باشەكان هەڵبژێردرێن و كوالێتییە نزمەكان دەستنیشان بكرێن و دوور بخرێنەوە. سێیەم: ئەو كۆمپانییانەی دەرمان دەهێنن شارەزا و تایبەتمەند بن و فلتەر بكرێن، چونكە ئێستا ئەو زۆری و بۆرییەی دەرمان لە بازاڕ هەیە وای كردوە نە نرخ كۆنتڕۆڵ دەكرێت نە كوالێتییەكە و ئەو پشێوی و ئاڵۆزییە دروست دەبێت كە ئێستا هەموو هاووڵاتیەك هەستی پێ دەكات. چوارەم: بوونی ئەو شوێنە نافەرمییانەی كە هەن، لایەنێكی دیكەی كێشە و خراپیی دەرمانن كە پێویستە چارەسەر بكرێن، یان لە لایان وەزارەتی تەندروستییەوە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت، كە ئەم شوێنە نافەرمییانە نە باج و ڕسومات دەدەن بە حكومەت، نە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانن. پێنجەم: هەندێ لەو كۆمپانیا تایبەتمەندانەی دەرمان دەهێنن، بەشێكی زۆر لە دەرمانەكانیان یان جۆرێك لە دەرمانەكانی تەنیا بە یەك دەرمانخانە دەدات كە لە چەندین ڕووەوە سوود و قازانجی خۆی وەردەگرێت و دەرمانخانەكەش لەو كاتەدا تەنیا ئەو ئەو جۆرە دەرمانەی هەیە لە بازاڕ و دەست ناكەوێت، ئەوە ئیستیغڵالی نەخۆش دەكات و دەرمانەكەی بە نرخی زۆر و زیاد پێ دەفرۆشێت، كە دەبێت ئەو كارە هەستپێكراوەش چارەسەر بكرێت و دەرمان لەلایان كەرتی تایبەتەوە بە هەموو دەرمانخانەیەك بدرێت كە بەوەش نرخ دادەبەزێت. شەشەم: دەبێت و لە هەموو دونیاش وایە و یاساشە كە دەبێت دەرمان لە دەستی دەرمانسازدا بێت، نەك هەموو كەسێك لە دەرمانخە كار بكات، ئەمەش لێپێچینەوەی توندی لەسەرە و پیادەشمان كردووە، چونكە ئێمە لەلایەنی دەرمان وەك حكومەت لایەنگری هاووڵاتین. هاوكات ئێمە چاودێریی كۆگاكانی دەرمان و ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەین كە داودەرمانی پێ دەگوازرێتەوە كە دەبێت هەر هەموو كۆگا و ئۆتۆمبێلەكان كە دەرمانی تێدا هەیە، ساردەكەرەوەیان هەبێت. ئێستا خۆشبەختانە هەموو كۆگاكانی دەرمان و ئەو سەیارانەی دەرمانی پێ دەگوزارێتەوە ساردكەرەوەیان هەیە، ئەگەرنا هەر كەسێك پابەندی ئەو ڕێنمایی و مەرجە نەبێت، ڕووبەرووی سزای توند دەبێتەوە.

* ئایا دەرمانەكانی ئاوامیدیكا كە بەرهەمی ناوخۆییە تا چەند شیاون و كوالێتییان باشە؟

- ئێمە وەك سەندیكا هەموو كات پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ دەكەین، بێگومان كۆمپانیای ئاوامیدیكا كۆمپانیایەكی ناوخۆییە و حكومەت لە هەموو هەنگاوەكانی پشتگیری و هاوكاری كردووە و ئەو دەرمانانەی بەرهەمی دەهێنن جۆری زۆر باش و بە كواڵێتیی بەرز و ستانداردی جیهانین و لە كاتێكدا حكومەت داوایان لێ بكات، جۆر و بەرهەمی زیاتریان هەبێت، ئەوە لە ڕووی زانستی و شارەزایی و ئیمكانیاتەوە توانایان هەیە و دەتوانن بەشێكی باش لە جۆر و بڕی دەرمان بەرهەم بهێنن.  

Top